فراكسیۆنی یەكێتی دژی دانانی قائیمقامێكی عەرەب لە داقوق دەوەستێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە دژی سەپاندنی قائیمقامێك لە رەگەزی عەرەب بۆ قەزای داقوق هەڵوێست وەردەگرێت و داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات لە كاتی دابەشكردنی پۆست لە ناوچە دابڕێنراوەكان رەچاوی پێكهاتەكان بكرێت.

دیلان غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە سایتی رەسمی یەكێتیی راگەیاند: پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك، جارێكی دیكە دوور لە رەچاوكردنی هاوسەنگی نێوان پێكهاتەكان ناوی كەسێكی لە پێكهاتەی عەرەبی بەرزكردووەتەوە تا بكرێتە قائیمقامی قەزای داقوق، ئێمە ناڕەزایی تووندی خۆمان دەردەبڕین و دژی دەستبكاربوونی ئەو كەسە دەوەستینەوە، ئەو پۆستە پشكی كوردەو هیچ جۆرە سازشێكی لەسەر ناكەین.

وتیشی: پێویستە سەرۆكوەزیرانی عێراق تێگەیشتنێكی جیاوازی بۆ دۆخی پارێزگای كەركوك و پۆستەكان هەبێت و رەچاوی هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكان بكات، ئێمە لەم رووەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاگادار دەكەینەوە كە فشارەكانمان چڕ دەكەینەوە بۆ راگرتنی دەستبەكاربوونی ئەو كەسە و بەرپرسیارێتی روودانی هەر رووداوێكی نەخوازراو كە ببێتەهۆی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتیی و نێوانی پێكهاتەكان دەخەینە ئەستۆی سەرۆكوەزیران و پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك.

دیلان غەفور دەشڵێت: وەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و فراكسیۆنەكەمان لە بەغدا، هەڵوێستی تووندمان دەبێت و سبەینێ دوو شەممە لەگەڵ خەڵكی خۆشەویستی قەزای داقوق دەست بە خۆپیشاندان و چالاكی مەدەنی دەكەین لە پێناو رێگریی لەو بڕیارەو بەدەستهێنانی مافەكانمان.

پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكێتی لە كەركوك روونیشیكردەوە: قەزای داقوق دوو نوێنەری لە پەرلەمانی عێراق هەیە كە بەندەو هاوپیشەیەكی توركمانە، هیچمان رازی نین قائیمقامێك لە پێكهاتەی عەرەبی بۆ قەزاكە دابنرێت، جەخت دەكەمەوە كە ئەو پۆستە پشكی كوردەو سازشی لەسەر ناكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا