پۆڵەتیک پرێس
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە شەش مانگی رابردوودا ٣٤ هاوڵاتی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدراون، کە چوار کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون و دوو کەسیشیان لەکاتی ئەنجامدانی تاواندا تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵەوە بووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە: لەماوەی شەش مانگی رابردوودا، سزای لە سێدارەدانی لانیکەم ٣٤ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، چوار کەس لەو کەسانەی لەو ماوەیەدا لەسێدارە دراون بە ناوەکانی مستەفا سەلیمی، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، دیاکۆ رەسوڵزادە و سابیر شێخ عەبدوڵڵا بەندکراوی سیاسی بوون.
هەر لە ئامارەکەی ئەو رێکخراوەدا هاتووە: دوو کەسیان بە ناوەکانی ئەمیر محەمەدپور خەڵکی بۆکان و شایان سەعیدپوور کە خەڵکی سەقز بوون، لەکاتی ئەنجامی تاوان تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵ بووە و سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێنراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو باسی لەوەشکردووە، ٢٨ کەسیشیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپێنرابوو.