یەكێتی سورە لەسەر مەرجەكانی لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەئكید لەمەرجانەكانی بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، بۆئەمەش لایەنە كوردستانییەكان پشتیوانی دەكەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە بە جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراقی راگەیاند: ئێمە و زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی تریش لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردین لەوادەی خۆیدا، بەڵام دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە و پێكهاتەكان نوێنەرایەتی خۆیان هەڵبژێرن و وەك كارتی فشار بەكارنەهێنرێن. جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەش پەیوەستە بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەردەوە لە وادەی دیداریكراوی خۆیدا.

د.جوان ئیحسان ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسایتی رەسمی یەكێتی راگەیاند: یەكێتی هەڵبژاردنێكی بۆ هەرێم دەوێت كەخزمەت بەخەڵك بكات و شایستەی پرۆسەكە بێت، یەكێتی وەك هێزێكی سیاسی كاریگەر لە سەرەتاوە پێی باشبووە كە چاوبخشێنرێتەوە بەو میكانیزمەی كە هەڵبژاردنی لەهەرێم پێدەكرێت، هەروەها یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن هەبێت، كە خودی پڕۆسەكە پێویست بەوە دەكات، چونكە ساڵانێكی زۆرە ئەم یاسایە لەهەرێمی كوردستان هەموار نەكراوەتەوە.

وتیشی: بابەتێكی دیكەی یەكێتی و هێزە كوردستانییەكان كەداوای دەكەن ئەوەیە كە چاو بخشێنرێتەوە بەو تۆمارەی دەبێتە بنەمای دەنگدان كە بۆ پڕۆسەكە پشتی پێدەبەسترێت، بۆیە تۆمارەكە خەوشی زۆری تێدایە و زۆر گوماناوییە.

جوتیار نوری ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسایتی رەسمی یەكێتی راگەیاند: یەكێتی هەموو هەوڵێكی بۆ پەرەپێدانی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان و ئەو داوایانەشی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن هەیەتی هەر لەو چوارچێوەیەو لەخەمخۆرییەتی.

دەشڵێت: یەكێتی وەك حزبێكی سۆشیالست ئینتەر ناسیۆناڵ هەر پرۆسەیەك لەخزمەت دیموكراسیدا بێت لەهەرێمی كوردستان و عیراق پێشوازی و پشتیوانی لێدەكات، بۆیە ئامانجی ئەوەیە پرۆسەی هەڵبژاردن لەئاست چاوەڕوانی خەڵكدابێت و تەواو پرۆسەیەكی دیموكراسی و شەفاف بێت.

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتی راگەیاند: یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە، بەڵام بەو مەرجانەی پێشتر رایگەیاندبوو كە خۆی لەپاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەبینێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا