ریفراندۆم‌و ١٦ی ئۆكتۆبەر

٢٥ی ئەیلولەو هەندێك یادی ریفراندۆم دەكەنەوەو هەندێكیش چەند رۆژێك پێش ئێستا بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ساڵڕۆژەكەی بكەن یادیان كردەوە! بەشێك لەوانەی یادی دەكەنەوە لە دڵسۆزییەوە، ئەگەرچی دڵسۆزییەكەیان لەكاڵفامیی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە.

ئاخر ناكرێ من یان تۆ یان ئەویتر، لەڕووی سیاسییەوە، ئەوندە كاڵفامبین بیر لەوە نەكەینەوە بۆچی ئەوەی پێشەنگی ریفراندۆمەكەبوو هەرزوو، چەند رۆژێك دوای ریفراندۆمەكە، بەدەنگێكی كزۆڵ و شەرمنانەوە لەپەیامێكی تەلەفزیۆنیدا وتی: ئێمە ریفراندۆممان بۆ سەربەخۆیی نەكردووە!

لەدەنگدانەكەی ریفراندۆمدا تەنیا دوو پرسیار لەسەر كاغەزی دەنگدانەكە نووسرابوو، كە دەبایە وەڵامی یەكێكیان بدەیتەوە:

تۆ لەگەڵ كامیانی (سەربەخۆیی) یان (مانەوە لەچوارچێوەی عێراق).

پێشەنگی پڕۆسەی ریفراندۆم هانی خەڵكی دەدا، كە دەنگ بەسەربەخۆیی بدەن، بەڵام پاشان خۆی پەشیمانبوەوە، كەچی خەڵك تازە دەنگی خۆیان دابوو، لایەنگری سەربەخۆیی بوون!

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەرابردوو، سەروەختی ریفراندۆم و دوای ئەوەو ئێستاش و بۆ هەمیشە لایەنگری سەربەخۆیین، ئەوە سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان بوو بەبێ ئەوەی زەمینەی ئابووری، سیاسی، پەیوەندیی دەرەكی (بەهەرێمی و جیهانییەوە) دابین كردبێ، بەبێ ئەوەی پایەكانی دەوڵەتی كوردستانیی داڕشتبێ، كۆمەڵانی خەڵكی خستە سەر كەڵكەڵەی ریفراندۆم لەپێناوی سەربەخۆیی!

هەرێمی كوردستان بەر لە ریفراندۆم، بەحوكمی ئەمری واقیع، نیمچە سەربەخۆبوو، كەچی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەمری واقیعەكەمان لەدەستا و زۆر گەڕێندراینەوە پاش.

كەواتە یان سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردساتان، لەڕووی سیاسییەوە، كورتبین و كاڵفامبوو، یان بەئەنقەست ئەم كارەی كرد تا دەسكەوتە بەدەستهاتووەكانمان لەكیس بدات!

ویستمان ریفراندۆم بكەین، نەك هەر هیچ پشتیوانێكی وڵاتانی دراوسێ، ناوچەكە و جیهانمان نەبوو، بگرە هەر هەموویان دژمان بوون، بەشێكیان بەلێبڕاوی و راشكاوی دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمبوون، بەشێكیدیكەیان گوتیان جارێ مەیكەن!

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا تیلەرسن نامەیەكی نهێنیی بۆ سەرۆكی هەرێم نووسی و داوای كرد دوای بخەین و لەبەرانبەردا بەڵێنی زۆریداینێ و ناوەڕۆكی بەڵێنەكانیش زۆر گرنگبوون، كەچی ئەو هەر سووربوو لەسەر ئەنجامدانی، هەر واشی كرد و دواییش نەك هەر پەشیمانبۆوە، بەڵكو ئامادەنەبوو، وەك خۆی بەڵێنیدابوو كارەكە لەئەستۆ بگرێ، یەكسەر كەوتە تۆمەتباركردنی بەشێك لە سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و و ناوینان خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەر!

لە ١٦ی ئۆكتۆبەردا، هێزەكانی یەكێتی، سەرەڕای ئەوەی شەهیدیاندا، بەڵام ئامادەنەبوون كەركوك بخەنە بەر تەڵەی ئەوانەی لە ئاوی لێلدا مەلەیان كردبوو، ئامادەنەبوون شەڕی كۆڵان بەكۆڵان لەكەركوك بكەن و شارەكە بە وێرانكردن بدەن!

ئەوانەی لەكەركوك رایان كرد ئەوانەبوون كە ژێر بەژێر لەگەڵ دەر و دراوسێ رێككەوتبوون كەركوك بەوێرانكردن بدەن.

ئەوانەی پەرۆشی كەركوك بوون و ئیلتیزامێكی نیشتمانی و ئەخلاقییان بەرانبەر بە كەركوك و خەڵكەكەی هەبوو، شێ‌رەكەیان لە وێرانبوون پاراست و نەیانهێشت خەڵكەكەشی ئاوارەببن!

ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی ئابووریی خراپدا دەژی، هەر هێزێكی سیاسی بیەوێ بە دروشمی فریودەرانە، بە ناوی یادكردنەوی ریفراندۆمێكی بنەما فشەڵ و سەرنەگرتوو، خەڵك بخەڵەتێنی، پێش ئەوەی زیان بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بگەیەنێ، گاڵتە بەخۆی دەكا و دەبێ ئەوەش بزانێ كە خەڵك سادە نییە چیتر بە قسەی بێبناغانە فریو بخوا!

هەر موزایەدەچییەك كە وتارەكەم دەخوێنێتەوە با موزایەدەی كوردایەتیم بەسەردا نەكات، هەموو ژیانی خۆم بۆ كوردایەتی تەرخانكردووە و لەسەردەمی رژێمی بەعس دوو جار گیراوم و لەكاتی راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی كوردستان لە ئەبوغرێب بووم و حوكمەكەشم موئەبەدبوو،

لەوان پتریش لایەنگری دەوڵەتی كوردیم و خەباتیشم بۆی كردووە!

حەسەن یاسین

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا