پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆكی كۆمار دكتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژی دووشەممە 30_1_2023 لە كۆشكی بەغدا پێشوازیكرد لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی هاوڕێی.
لە میانی دیدارەكەدا هەردوولا باسیان لە پێشهاتە گشتییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، جەختیانكردەوە لە پاڵپشتیی حكومەت لە جێبەجێكردنی بەرنامەی كار و هەماهەنگی وەزارەتەكان لە پێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و یەكخستنی دیدگاكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەكانی بەردەم وڵات.
سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەسەر پێویستی پشتبەستن بە دیالۆگی كارا و جددی لە پێناو چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان بە پێی دەستوور و قانون، بە شێوەیەك كە خواستی هاووڵاتیان بەدی بهێنێ، تەئكیدیكردەوە لەسەر دابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان بۆ هاونیشتمانیان.
سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بە گرنگی پەسەندكردنی بودجەی گشتی دارایی وڵات بەو پێیەی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی هاوڵاتیانەوە.
لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی ڕۆڵی سەرۆك كۆماری بەرز نرخاند لە یەكخستنی بۆچوونەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ مەسەلە هەڵپەسێردراوەكان.