11کورسی پێکهاتەکان چۆن یەکلایی دەبێتەوە؟

سەرباز تاڵەبانی

یەکێک لە کێشەی لایەنە سیاسییەکان پرسی پێکهاتەکانە، ئەگەرچی هیچ لایەنێک داوای کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکانی نەکردووە، بەڵام جگە لە پارتی، هەموو لایەنەکانی تر پێیان وایە کە 11 کورسی پێکهاتەکان لەم خولەی پەرلەماندا لەلایەن پارتییەوە قۆڕخکراوە، تەنانەت بەشێک لە پێکهاتەکانیش بەیاننامەیان خستۆتە بەردەم رای گشتی و ئەوانیش پێیانوایە پێکهاتەکانی ئەم خولەی پەرلەمان نوێنەرایەتی راستەقینەی ئەوان ناکات.
بۆیە لایەنەکانی دەرەوەی پارتی دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک نەتوانێت لەبری ئەوان نوێنەریان بۆ هەڵبژێرێت.
هەربۆیەش داوای چەند گرەنتیەک دەکەن و رێگەچارەکانیان خستۆتە بەردەم پارتی کە ئەمانەن:
1- مادەی 36 لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992هەموار بکرێتەوە و بەم شێوەیە بخوێنرێتەوە: 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخاندەكرێت و تۆماری دەنگدانی تایبەتی خۆیان دەبێت و دابەشدەكرێت بە سەر بازنەكاندا، بەمجۆرە:
5 کورسی پێکهاتەی تورکمان،3 كورسی بازنەی هەولێر، 2 كورسی بازنەی سلێمانی.
5 کورسی پێکهاتەی مەسیحی،1 کورسی بازنەی هەولێر،2 کورسی بازنەی دهۆک 2 کورسی بازنەی سلێمانی.
1 کورسی پێکهاتەی ئەرمەن بۆ بازنەی دهۆک.
2-لە ئەگەری رازینەبوونی پارتی و کەمینەکان بە خاڵی یەکەم، ئەوا بازنەی پێنجەم بکرێتەوە و تەرخانبکرێت بە دەنگدانی پێکهاتەکان، واتا لەم بازنەیەدا تەنها پێکهاتەکان دەتوانن دەنگی تێدابدەن.
بەڵام گرفتێکی تر سەریهەڵداوە، ئەویش داواکاریی پێکهاتەکانە بۆ زیادکردنی کورسییەکانیان لە 11 کورسییەوە بۆ 21 کورسی، بەڕای شارەزایانی بواری هەڵبژاردن ئەم داواکارییەی پێکهاتەکان تەنانەت لە وڵاتێکی وەکو سویسراش ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت.
خۆ ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە بۆ مێژوو لە خولی یەکەمی هەڵبژاردن لە  19-5-1992 کەمینەکان خاوەنی 5 کورسی بوون ، بەڵام لە خولی دووەم لە 30 ئازاری 2005 لەسەر داوای جەنابی مام جەلال کورسییەکانیان زیاد کرا بۆ 11 کورسی.
لە کۆتا هەڵبژاردندا  لە 30-9-2018 کورسی پێکهاتەکان بەم شێوەیەبوو:
1-پارتی گەشەپێدانی تورکمان 3318 دەنگ 2 کورسی.
2-پارتی چاکسازی تورکمان 1253 دەنگ 1 کورسی.
3-لیستی میللەت 885 دەنگ 1 کورسی.
4- بەرەی تورکمان 1545  دەنگ 1 کورسی.
5- هاوپەیمانیی یەکێتی نەتەوە 8088 دەنگ 3 کورسی.
6-لیستی رافیدەین2626 دەنگ 1 کورسی.
7- کلدان و ئاشوری2963 دەنگ 1کورسی.
8- ناکی ئەرمەن 615 دەنگ 1کورسی.
کۆی گشتی دەنگی پێکهاتەکان بەهەموو ئەو زێرەڤانی و کادرانەی پارتیش کە دەنگی پێداون 23165 دەنگیان هەیە، واتا رێژەی دەنگی هەر11 کورسی پێکهاتەکان ناکاتە رێژەی دەنگی یەک کورسی بەدەستهاتوو لە هەڵبژاردنی هەمان ساڵدا.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم ژمارە دەنگدەرە بۆ شایەنی 11 کورسین، بەڵام  برایانی (ئێزیدی و کاکەیی) کە پێکهاتەی رەسەنی کوردستانن و ژمارەشیان زۆرە و کورسیشیان نییە؟
باشە بەکام پێوەر ئەو برادەرانە داوای کورسی زیاتر دەکەن؟ بە پێوەری تورکیا؟ خۆ لە تورکیا بەربەستی لە%10 دانراوە بۆ برا کوردەکانمان، باشە بۆ لە خۆیان ناپرسن لە پەرلەمانی عیراق لە کۆی 329 کورسی چەند کورسی بۆ پێکهاتەکان دانراوە؟
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردن، ژمارەی دەنگدەران 1 ملیۆن دەنگدەر بووە، کورسییەکانی پەرلەمان 100 کورسی بۆ لایەنەکان و 5 کورسی بۆ پێکهاتەکان بووە، بەڵام ئێستا ژمارەی دەنگدەران گەیشتۆتە سەرووی 3 ملیۆن دەنگدەر کەچی هەر 100 کورسی بۆ لایەنەکان و 11 کورسیش بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراوە، کەچی هێشتا پێکهاتەکان داوای کورسی زیاتر دەکەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا