ئارام جەمال شارەزای هەڵبژاردن: ئەگەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت تەرازووی هێز گۆڕانی بەسەردا دێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەم چاوپێكەوتنە تایبەتەدا لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس ئارام جەمال توێژەر و شارەزای هەڵبژاردن بەوردی تیشك دەخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو ئەگەر و گریمانانەی لە دەرەنجامی (ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی) پرۆسەكە دەكەونەوە، باس لەوەش دەكات ئەگەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت تەرازووی هێز گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت.

بە بۆچوونی ئارام جەمال جگە لە هەرێمی كوردستان، لە هیچ شوێنێكی دنیادا گفتوگۆ و ململانێ لەسەر ئەوە نەماوە هەرێم یان وڵاتەكە یەك بازنەیی بێت یان بكرێتە فرە بازنە، بەڵكو دنیای هەڵبژاردن بەرەو ئەوە دەڕوات كە ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن زۆرتر بكرێن، تیشكیش دەخاتە سەر گیروگرفتەكانی پرۆسەكە.

_ دوای سەردانەكەی بریت مەكگۆرك بۆ هەرێمی كوردستان پرسی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی گەرم و گوڕ كەوتەوە بەرباس و خواستی هێزە سیاسییەكان پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە هەڵبژاردن لە 2023 ئەنجام دەدرێت؟

ئارام جەمال: پرسی هەڵبژاردن یەكێكە لە بڕگەكانی دیدارەكەی برێت مەكگۆڕك لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی و پارتی، بە بیری دەهێنمەوە كە یەكێتی و پارتی ساڵی 1998 بەهۆی فشاری ئەمریكاوە شەڕی ناوخۆیان وەستاند ئیتر چۆن لە ئێستادا ئەمانە دەتوانن هەڵبژاردن ئەنجام نەدەن! بە تایبەتی دوای ئەوەی سزای گوێنەگرتنیان لە ئیدارەی ئەمریكی بینی لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم (سێپتەمبەری 2017) بەلای منەوە راستتر وابوو برێت مەكگۆرك زووتر ئەم فشارەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكردایە بۆ ئەوەی نەك هەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواربكەنەوە بەڵكو فشاری لە یەكێتی و پارتی بكردایە بۆ پەسەندكردنی یاسایەكی نوێ لە چەشنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (ژمارە 9 ی ساڵی 2020)، كە دڵنیا بووم ئەوساش وەك ئێستا ئەو دوو هێزە قبووڵیان دەكرد یان لانیكەم رازی بوون بە هەمواركردنەوەی ئەو یاسای هەڵبژارنەی لە ئێستادا بەركارە.

_ كێشەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن چین؟

ئارام جەمال: كێشەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە رووكەشدا هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، بەڵام لە جەوهەردا كێشەكە ئەوەیە كە هێشتا ئەو ئامرازانەی یەكێتی و پارتی ململانێی پێدەكەن سەر بە قۆناغەكانی شەڕی ناوخۆن و ئەم دوو هێزە هێشتا فێرنەبوون ململانێی دیموكراسیانە لەگەڵ یەكتردا بكەن، بە بەڵگەی ئەوەی ئەمانە وەك دەرفەتێك سەیری هەڵبژاردن ناكەن بۆ تێپەڕاندنی كێشەكانی حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی هەرێم بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەوەتا ئەم دوو هێزە خودی ئەنجامدانی هەڵبژاردن خۆی دەكەنە كێشەیەكی ترو دۆخەكە ئاڵۆزتری دەكەن. ئەگەر نا، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ هێزگەلێك بڕوایان بە ئامرازەكانی دیموكراسی بێت بەو ئەندازەیە قورس نییە كە نەتوانرێت چارەسەر بكرێت و هەڵبژاردنی بۆ بكرێتە قوربانی. بە هەرحاڵ ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردندا پێویستە هەموار بكرێتەوە سیستمی هەڵبژاردنە بە هەر سێ رەگەزەكەیەوە: (ژمارە و قەبارەی بازنە/كانی هەڵبژاردن، میكانیزمی گۆڕینی دەنگ بۆ كورسی و سیستمی دەنگدان)، لەگەڵ گۆڕینی شێوازی دەنگدان بۆ یازدە كورسییەكەی كۆتای پێكهاتەكان بەوەی كە تۆماری دەنگدانی تایبەت بە خۆیان هەبێت، كە ئەمەش سەردەكێشیت بۆ ئەوەی كە پێكهاتەكان لە رۆژی دەنگداندا كارتی دەنگدان و بنكەو وێستگەی دەنگدانی تایبەت بە خۆیان هەبێت، لەگەڵ بەكارهێنانی سیستمی بایۆمەتری و تێكەڵكردنەوەی دەنگدانی تایبەتیی هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە بە هەڵبژاردنی گشتی و هەبوونی ئامارێكی دروستی ژمارەی دانیشتوان وەك پێوەرێك بۆ دیاریكردنی ژمارەی كورسییەكانی هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن.

_هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت چی دەگۆڕێت و ئەنجام نەدرێت چی دەبێت؟

ئارام جەمال: دڵنیام لەوەی كە ئەگەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت تەرازووی هێز گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت و دابەزینی دەنگەكانی یەكێتی و پارتی لە هەڵبژاردنی پێشتر زۆرتر نەبێت كەمتر نابێت. بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت ئەوە ئەگەری زۆرە شكست و رووخانی قەوارەی هەرێمی كوردستانی لێبكەوێتەوە، كە هیوادارم ئەمە روونەدات.

هەموو هاوبەشانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە رێژەی جیاواز بەرپرسیارن لەوەی هەڵبژاردن بەرەو پاك و بێگەردی بەرن، بەڵام یەكێتی و پارتی لە هەمووان زیاتر بەرپرسیارن لە پاك و بێگەردیی هەڵبژاردنە گشتییەكان.

_ئامادەگی لایەنە سیاسییەكان لە چ ئاستێكدایە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن؟

ئارام جەمال: ئەوە ئەركی حكومەتە ئامادەگی مرۆیی و لۆجستی و هونەری و دارایی بۆ ئەنجامدانی هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردن دەستەبەر بكات، واتە ئەگەر كابینەیەكی حكومی بەبێ هۆكارگەلی بەجێ نەتوانێت ئەو ئامادەكارییانە فەراهەم بكات ئەوە هێمایە بەوەی كە ئەو كابینەیە شكستخواردووە. هاوكات نابێت ئەنجامدانی هەڵبژاردن ببەسترێتەوە بە خواست و ویستی حزبە سیاسییەكانەوە، ئەمە تەنها لەو ئەزموونە شمولی و نادیموكراسیانەدا هەیە كە ژینگەی ناوخۆی حزبە فەرمانڕەواكانیان نادیموكراسین و حكومەت تەنها درێژكراوەی پێكهاتە نادیموكراسییەكەی خۆیانە لە فۆرمە زۆر لاوازەكەیدا.

_ تاچەندە گرەنتی ئەوە دەكرێت لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت؟

ئارام جەمال: هەموو هاوبەشانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە رێژەی جیاواز بەرپرسیارن لەوەی هەڵبژاردن بەرەو پاك و بێگەردی ببەن، بەڵام یەكێتی و پارتی لە هەمووان زیاتر بەرپرسیارترن لەوەی هەڵبژاردنە گشتییەكان پاك و بێگەرد بن. لەگەڵ ئەوەشدا گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەوەدایە كە سیستمی بایۆمەتری بەكاربێت و ئاژانسە پەیوەندیدارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان چاودێری و تەنانەت تا رادەیەك سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەش بكەن و هاوكات ئەنجومەنێكی كۆمسیارانی سەربەخۆی پیشەیی لە كەسانی شارەزا و لێهاتوو لەلایەن (یۆنامی)یەوە بژاردە بكرێن و دواتر پەرلەمان متمانەیان پێبدات، جگە لەوەی دەبێت دەزگاكانی حكومەت بێلایەن بن و لە بەرژەوەندی هیچ حزبێك دەستوەردان نەكەن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە.

_ لەدوای ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەی فرە بازنە ئەنجام درا، لە ئێستا قسە لەسەر ئەوەیە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواربكرێتەوە و هەڵبژاردن بكرێتە فرە بازنە، كامیان بۆ كوردستان باشترە (یەك بازنە یان فرە بازنە)؟

ئارام جەمال: جگە لە هەرێمی كوردستان، لە هیچ شوێنێكی دنیادا گفتوگۆ و ململانێ لەسەر ئەوە نەماوە هەرێم یان وڵاتەكە یەك بازنەیی بێت یان بكرێتە فرە بازنە، بەڵكو دنیای هەڵبژاردن بەرەو ئەوە دەڕوات كە ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن زۆرتر بكرێن و قەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردن بچوك و بچووكتر بكرێنەوە. من لە دێر زەمانەوە داكۆكی لە فرە بازنەیی دەكەم و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین پەیپەر و توێژینەوەم نوسیوە و یەكێكم لەوانەی كاتی خۆی بە تێگەیشتنەوە و بێ دوودڵی پشتگیریم لە سیستمی هەڵبژاردنی (یەكدەنگی نەگوێزراوە SNTV كرد و هەتا ئێستاش خوازیارم و بە گونجاوترین سیستمی دەزانم بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، ئەو سیستمی هەڵبژاردنەی لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 دا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پیادەكرا و هەرێمی كوردستانی كردە (12) بازنەی هەڵبژاردن و سەرانی یەكێتی و پارتی قبوڵیان كرد و هیچ ناڕەزایەتییەكیان نیشان نەدا لەبەرئەوەی خواستێكی نێودەوڵەتی لەسەر هەبوو.

_ ئیرادەیەكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئیرادەیەكی هەرێمیش هەیە بۆ زیاتر دواخستنی، بە رای ئێوە كام ئیرادەیان سەردەكەوێت؟

ئارام جەمال : هیوادارم ئیرادە نێودەوڵەتییەكە سەربكەوێت، چونكە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا باجی قورسی هەیە و سوودمەندی سەرەكیش لەو باجدانەی هەرێمی كوردستان دەوڵەتانی دراوسێ و هەرێمین، كە لە بەرژەوەندیاندا نییە هەرێمی كوردستان و تەنانەت عێراقیش لەرووی گەشەی دیموكراسییەوە بڕواتە پێش چونكە لەلایەكەوە نادیموكراسیبوونی رژێمەكانی خۆیان زیاتر دەردەكەوێت و لەلایەكی تریشەوە دەرفەتی دەستتێخستنیان بۆ نێو كاروباری ناوخۆیی كەمتر دەبێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا