پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە كاردانەوەی نوێترین بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: پێموایە ئەبێت كورد لە بەغداد بكشێتەوەو هیچ پەیوەندییەك لە نێوان كورد و بەغداد نەمێنێت و هیچ نوێنەرایەتیەكی عێراقیش لە كوردستان نەمێنێت.
محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: وێڕای چەندین پەیام و لێدوانمان لە ڕابردودا لەمەڕ بڕیار و ڕاسپاردە نادەستورییەكانی دادگای بەناو فیدراڵی دژی گەلی كوردستان و قەوارەی سیاسی هەرێم، كە بەیەقینەوە پشت ئەستور بووە بە تێگەیشتنمان لە ناخی كاربەدەستانی بەغداد.
محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت، بۆیە لەم ئانوساتەدا، داوا لە كورد ئەكەم چیتر خۆیان و نەتەوەی كورد و قەوارەی سیاسی هەرێم نەدەنە دەست قەدەر، دادگایەكی عەرەبی كۆمەڵێك بڕیاری نابەجێی داوە، وەك ئەوەی وارسی كورد بێت، پێموایە ئەبێت كورد لە بەغداد بكشێتەوەو هیچ پەیوەندییەك لە نێوان كورد و بەغداد نەمێنێت و هیچ نوێنەرایەتیەكی عێراقیش لە كوردستان نەمێنێت.
باسی لەوەشكرد، ئەوەی عێراق ئەیكات دوژمنایەتی كوردە و پێویستە دادگای باڵای كوردستانیش بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدات كە ئەو دادگا عەرەبیەی لە بەغدادە، دادگایەكی فیدڕاڵی نییە و دادگایەكی نا دەستووریە و هیچ بڕیارێكی جێبەجێ ناكرێت لە كوردستاندا.
ئەوەشی خستەڕوو، عێراق پێویستی بە دادگای دەستوریی هەیە و ئەو دادگایەی ئێستا لە وەختی دەستوری كاتی عێراقدا دامەزراوە بڕیارەكانی سیاسین و هیچ شەرعیەتێكی نییە.
رۆژی چوارشەممە 25-01-2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەك لەسەر بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، كە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و محەمەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار كرابوون. دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی دەركرد لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، كە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە.