وێستگەی سێیەمی یەكێتی لە عیراق

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

كە لە دیمەنەكانی كۆبوونەوەی لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا وردبوومەوە، ئەو هەستە كوردانەیە بۆ من خۆش بوو كە هێزێكی سیاسیی كوردی بە ئەجێندا و پڕۆژەیەكی كوردانەوە لە ریزی هێزە سیاسییە گەورە و خاوەن بڕیارەكاندا وجودی هەیە و ناوی «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان»ە و دەیەوێت هەمیشە وەرەقەی سیاسی خۆی لەسەر مێزی كۆبوونەوەی لایەنەكان بێت و خاوەن بڕیار و قسەی خۆی بێت.

ئەو بەهێزییەی ئەمڕۆی یەكێتی لە بەغدا، یەكەم وێستگەی بەهێز دەركەوتنی یەكێتی نییە، بەبڕوای من ئەم وێستگەیە سێیەمین وێستگەی بەهێزی یەكێتییە لە بەغدا كە دوو وێستگەیان سەرۆك مام جەلال سەركردایەتی كردووە «دانیشتنەكانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، دوای 2003» و دواتر  هەڤاڵانی دیكەی یەكێتی درێژەیان بەم وێستگەیە داوە تاكو گەیشتووە بە ئەمڕۆ، ئەو دوو وێستگەیەی سەرۆك مام جەلال تەواوكاری یەكتربوون، ئەوەی پێش راپەڕین سەرۆك مام جەلال دەیویست لەگەڵ بەغدا بەدەستی بهێنێت هەر ئەوەبوو كە دوای 2003 بۆ گشت عیراقییەكانی دەویست، ئەوەشی دوای 2003 وەك سیاسەت لە عیراقدا مومارەسەی كرد سیاسەتێك بوو كە تەواوی سیستمی سیاسیی عیراقی دابڕی لە پێش خۆی، هەرچی وێستگەی سێیەمی یەكێتییە ئەمڕۆیە كە زیاتر و زۆرتر لە وێستگەی دووەمی یەكێتی دەچێت كە سەرۆك مام جەلال لە بەغدا وەك سەرمەشق و رێنیشاندەری تەواوی هێزە سیاسییەكان نمایندەی دەكرد و دەیویست هەم كورد لە عیراقدا بەهێز ببێت و هەم لینكە پچڕاوەكانی نێوان عیراق و هەرێم لەلایەك و عیراق و جیهانی دەرەوەش لەلایەكی دیكەوە پێكەوە ببەستێتەوە.

ئەم دەركەوتنە نوێیەی یەكێتی لەناو دڵی عیراقەوە، دەركەوتنێكی پڕ وروژم و بەتەوژمە بۆ بەگەڕخستنەوەی جۆرێكی دیكەی خەبات و مامەڵەكردن لە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد و رەنگڕێژكردنەوەی جۆرێكی نوێی پەیوەندی لەنێوان هەرێم و بەغدادا، ئەم سیاسەتە نوێیە وەك پەسەندكراوێكی تەواوی هێزە كوردستانییەكانیش دەبینرێت كە یەكێتی رابەرایەتی دەكات لە بەغدا. ئەم وێستگەیەی سێیەمی بەهێزی یەكێتی لە بەغدا ئۆپشنێكی عەقڵانییە و لە ئاستی دەرەوەشدا پشتگیری دەكرێت و وەك سیاسەتی بەهێزبوونی عیراق و چارەسەری كێشە هەڵپەسێراوەكانی عیراق ناودەبرێت.
لە وێستگەی سێیەمی یەكێتیدا لە بەغدا دوو هێڵی تەریب و بەهێز بە ئاراستەی یەكتردا كورد و یەكێتی بەرەو پێشەوە ئاراستە دەكەن، ئاراستەیەك پڕ تارمایی و هێزی مەعنەوی و دنیابینی سەرۆك مام جەلالە كە گۆڕەپانی سیاسی عیراق هەمیشە پێشوازی لەم رۆحە مەزن و تارماییە نەمرە كردووە، ئاراستەی دووەمیش ئەزموون و بڕیاری ژیرانەی سەرۆك «بافڵ جەلال تاڵەبانی»یە كە هەر زوو لەلای هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق جێگەی خۆی گرتووە و بە سیاسەتێكی ژیرانە و نیشتمانیانەوە دەبینرێت، لەم روانگەیەوە دەبینین كەم سەركردە و دەركەوتەی سیاسی لە عیراقدا هەیە بە تەمەنێكی كەمەوە بەو ئەندازە زۆر و كاریگەرە شوێنی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا گرتبێت و خاوەن بڕیار بێت و هێزە ناكۆك و دژەكانی عیراق لە دەستی راست و چەپی خۆیدا كۆبكاتەوە.

ئەم خوێنە تازەیە! لەناو دڵی عیراقەوە، هەموو ئەو مەشهەدە كۆنانەمان بە رابەرایەتی سەرۆك مام جەلال دێنێتەوە یاد كە لە ئامادەبوونی یەكێتیدا لە بەغدا، هەموو كورد بەهێز و خاوەن سەنگ بوو، ئەم دیمەنانە لەناو دڵی عیراقەوە پێماندەڵێت بەغدا سیاسەتی بەهێزی پێویستە بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستوویی و لەنگەرگرتنەی كە دەمێك بەبۆنەی پێكدادانە ناوخۆییەكان و دەمێكیش بەبۆنەی دەستی دەرەكی و دەمێكی دیكەش بەبۆنەی دۆخی ئەمنی و داراییەوە تووشی عیراق هاتبوو. ئومێدی گەورە لەم وێستگە نوێیەی یەكێتی ئەوەیە كە لایەنە عیراقییەكانیش پشتگیری لە سیاسەتی حەكیمانەی یەكێتی دەكەن بۆ دووبارەبوونەوەی ئەو وێنەیەی عیراقی دوای 2003 كە بە سەردەمی زێڕینی عیراقییەكان ناودەبرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا