پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
مایکڵ ڕۆبن ئاشکرای کردووە چۆن بارزانییەکان کەمایەتییە ئاینییەکان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن و دەڵێت: مەسعود و مەسرور بارزانی ڕێگەیان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان داوە و بۆ لاوازکردنی ڕکابەرەکانی بەغدا چەکیان بە داعش فرۆشتووە.
مایکڵ ڕۆبن ڕاوێژکاری پێشوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران وتارێکی لە گۆڤاری واشنتۆن ئێگزامنەری ئەمریکی بڵاوکردووەتەوەو نوسیویەتى” مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتى و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری هێرشی چەکدارانى داعش بوون بۆ سەر ئێزدییەکانی شنگال و هەر خۆشیان ڕێگایان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان داوە، ئەوەش بە ئامانجی لاوازکردنى رێکابەرەکانى لە بەغدای پایتەخت.
رۆبن لە وتارەکەیدا دەڵێت” ئەگەرچی بارزانی مەبەستى ئەوە بووە کە ڕکابەرەکانى لاواز بکات لەبەغداو بۆ ئەوەش چەکی دەدا بە چەکدارانى داعش، بەڵام هەرگیز پێشبینی ئەوەى نەکردوە کە هێرشەکانى داعش بۆ سەر خۆی هەڵدەگەڕێتەوەو بەرەو هەولێر دەچن، هێزەکانی مەسرور بارزانى نەک ئێزیدییەکانیان نە پاراست، بەڵکو هەڵهاتن و هیچ بەرگرییەکان نەکرد”.
ئەو لێکۆڵەرە ئەمرییکییە باس لەوە دەکات، کە بارزانى و پارتى رێگە نادەن ئیزیدییەکان و کریستیانەکان بۆ زێدەکانى خۆیان بگەڕێنەوە، لەکاتێکدا بارزانییەکان پارەیەکى زۆریان بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەڕانەوەى ئیزیدییەکان و کرستیانییەکان کۆکردوەتەوە، بەڵام ئەوان رێگری دەکەن لە گەڕانەوەیان.
لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا رۆبن ئەوەى خستووەتەڕوو، کە چۆن ملیشیا شیعەکان رێگە لە گەڕانەوەى ئێزیدییەکان دەگرن و زەوی و زارەکانیان داگیر کردون، ئاواش پارتى رێگری لە گەڕانەوەى کریستیانەکان دەکەن و زەوی و زارەکانیان داگیرکردن و بیناو باڵەخانەى بەرزیان لەسەر دروستکردن و مامەڵەیان پێوە دەکەن.
هەر لەسەر ئەو پرسە مایکڵ رۆبن ئەوەى ئاشکرا کردوە، هەر هاوڵاتییەکى کریستیان و ئیزیدی لەسنوری زاخۆو دهۆک داوای زەوییەکانیان و مافەکانیان بکەنەوە لەلایەن هێزەکانى سەر بە بارزانییەکان ڕووبەرووى هەڕەشەو گرتن دەبنەوە، ئەوەش وایکردوە کە کریستیانەکان ناوچەکانى خۆیان جێبهێڵن.
هەروەها ئەو لێکۆڵەرە ئەمرییەکە ئەوەى ئاشکرا کردوە کە جیاکارییەکى گەورە دەکرێت لەنێوان ناوچە کریستیانەکان و ناوچەکانى دیکە بەجۆرێک هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی و ژیانیان بۆ دابین ناکرێت، هاوکات بارزانییەکان ئامادە نیین مۆڵەت بدەنە کریستیانەکان بۆ دروستکردن یان فراوانکردنی ماڵ و بزنسەکانیان، بەردەوام داواکارییەکانیشیان لەلایەن حکومەتە خۆجێیەکانەوە رەتدەکرێنەوە.
لەو وتارەدا باس لەوەشکراوە، کە حکومەتەکەى مەسرور بارزانی منداڵانی ئاشووری ناچاردەکەن بچنە خوێندگا کوردی و موسوڵمانەکان، رەتی دەکاتەوە ڕێگا بە خوێندنگاکانی ئاکیتو نسیبانی ئاشووری بدات لە دهۆک تا لەسەر ئەو زەویانە بکرێت.
لە کۆتایی وتارەکەیدا مایکڵ ڕۆبن دەڵێت، ئەوەی بارزانییەکان بە ئازادی ئاینیی ناوی دەبەن، لە بنەڕەتدا هەستی باڵادەستییەو ئێزدی و کریستیانەکان وەک هاوڵاتی پلە دوو سەیر دەکەن، ئەوانەى دژی خواستەکانى بارزانییەکانن ئەوا خاوەنی هیچ مافێکی ئایینى نیین.