پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 24_1_2023 د.ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە ڕۆزماری دیكارلۆ بریكاری ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیادنانی ئاشتی كرد.
لە دیدارێكی نێوانیاندا، كە جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان و شاندێكی باڵا یاوەریان دەكرد، باسی دواین پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی و پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
لە دیدارەكەدا د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، تیشكی خستەسەر كۆبوونەوەكەی دوێنێی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان سەبارەت بە پرسی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئاماژەی بەوەدا كە لەئێستا لێكنزیكبوونەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەیە و هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی كە دەبێت لەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەرۆكی پەرلەمان جەختی كردەوە كە بەپێی یاساكە دەبێت ڕێكارە یاسایی و تەكنیكی و كارگێڕییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێش تەواوبوونی ئەو ماوەیەی كە درێژكراوەتەوە تەواو بكرێت و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. هاوكات داوای كرد كە نەتەوەیەكگرتووەكان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و هاوكاری پەرلەمان بن بۆ لێكنزیككردنەوەی ڕوانگە و دیدی جیاوازی لایەنە سیاسیەكان لە یەكتری، لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەیشدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئێزیدیەكان، گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان و چارەنووسی ژنانی نادیار، چەندین لایەنی دەرونی و مرۆییان كرا، لە درێژەی قسە و باسەكانیشیدا سەرۆكی پەرلەمان پوختەیەكی لەبارەی كارو چالاكییەكانی پەرلەمان و ئەو یاسا گرنگانەی كە لەم خولەی پەرلەماندا دەرچووێندراون بۆ شاندی میوان خستە ڕوو.
لای خۆیەوە ڕۆزماری دیكارلۆ بریكاری ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیادنانی ئاشتی، پشتیوانیی خۆی بۆ هەنگاوەكانی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی لە كارەكانیدا، هەروەها ئامادەیی خۆیانی دەربڕی بۆ هاوئاهەنگیی و لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتن.