قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێكی باڵای UN بابەتەكانی هەڵبژاردن و وزە تاوتوێ دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم پێشوازی كرد لە ڕۆزماری دیكارلۆ، جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و لەبارەی پرسەكانی هەڵبژاردن و وزە و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كرد.

لە كۆبوونەوەیەكەدا كە رۆژی سێ‌ شەممە 24_1_2023 بەڕێوەچوو، جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بۆ پەرلەمانی كوردستان كرایەوە.

قوباد تاڵەبانی لەمپەرەكانی بەردەم پرۆسەكەی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە بریتین لە؛ سیستم و بازنەكانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، كورسی كۆتا و پێكهاتەكان لەگەڵ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن.

داواشیكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەركردنی گرفتەكان و مسۆگەركردنی بەڕێوەچوونی دروستی پرۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینە بۆ خەڵكی كوردستان.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، پێكهاتە و كەمینەكان ڕێز لێ گیراون لە هەرێمی كوردستان، زۆریش مەبەستیانە ئەم پێكهاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆ و نوێنەرایەتی تایبەتی دڵخوازی خۆیان كە دوور بێت لە دەستوەردانی حیزب و هێزە سیاسییەكان.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆك وەزیران جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیر و درێژخایەن كردەوە بۆ كێشەكانی هەولێر و بەغدا بە جۆرێك كە سەقامگیری سیاسی و ئابووری لێ بكەوێتەوە، لەم پێناوەشدا ئامادەیی بۆ هەموو هەنگاوێك دەربڕی لەسەر بنەمای دەستوور و لێكگەیشتنی هاوبەش.

لەبارەی دۆسیەی وزە، قوباد تاڵەبانی بۆ شاندی نەتەوە یەكگرتووەكانی ڕوون كردەوە ئەوان مەبەستیانە خەڵكی كوردستان سوودمەندی یەكەم بن لە سەرچاوەكانی وزە بەتایبەت غازی سروشتی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ و باشتركردنی خزمەتگوزاییەكان بەكاربهێنرێت.

لەبەشێكی تری دیدارەكەدا باسی دۆخی كۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی كوردستان كرا و تیایدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵی ڕێكخراوە ناحكومییەكان كرد كە پایەی سەرەكی كۆمەڵگای مەدەنین، راشیگەیاند رێكخراوەكان رەخنە و گلەییان لە دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەكان هەیە و دەبێت رەخنە و گلەییەكانیان بە هەند وەربگیردرێت.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران ستایشی هەوڵەكانی جێنین پلاسخارتی كرد لە عێراق و كوردستان كە هەمیشە بنیاتنەرانە بووە و بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان هەنگاوی گرنگی ناوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا