پۆڵەتێک پرێس:
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەرین رایگەیاند، لەلایەن چوار کەسەوە پلان دانرابوو بۆ ئەوەی هاوڵاتییەکی سنورەکە برفێنن، بەڵام شکست بە هەوڵەکەیان هێنراوە.
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەرین رایگەیاند: لەرێککەوری ١٤-١-٢٠٢٣ لەلایەن چوار کەسەوە پلان دانرابوو بۆ ئەوەی هاوڵاتییەکی سنورەکە برفێنن لەدوای ئەوەی بەفێڵ کەسی تاوانلێکراو دەهێنن بۆ ناحیەی (گاپیڵۆن) لەوێ دەی رفێنن و ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدەن ، دواتر داوای بڕی( ٩٥٠٠٠) نەوەد و پێنج هەزار دۆلاری لێدەکەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەدوای وەرگرتنی زانیاری وورد لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی راپەرینەوە توانرا شوێنی تۆمەتباران بدۆزرێتەوە و سەرجەمیان دەستگیر بکرێن و پاشان تاوان لێکراو رزگار بکرێت.
ئاسایشى راپەڕین دەشڵێت، لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتبارەکان پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بەبڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی رانییە بە پیی ماددەی (٤٢١) لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەگەڵیان.