پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە، باس لەوەش دەكات رازی نابن لە خاكی عێراقەوە هێرش بكرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ.
لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە.
لیوا یەحیا رەسول وتی: هەماهەنگیەكی باڵا هەیە لە رێگەی وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانەوە، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە لە هەموو كۆبوونەوەكان ئامادە دەبێت و ئەندامێكی سەرەكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییە.
سەبارەت بە پرسی پاراستنی سنوورەكانی عێراق یەحیا رەسول وتی: ئێمە بەردەوامین لە توندوتۆڵكردنی سنوور، هەروەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان فەرمانی كردووە، هێڵی سفری سنوریی توندوتۆڵ بكرێت، لەگەڵ هەردوو دراوسێمان، كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیا.
روونیشیكردەوە، ئەوەی بەلامانەوە گرنگە، سنور توندوتۆڵ بكەین، لە هەمانكاتدا سەلامەتی خاك و هاووڵاتییانمان بپارێزین، رازی نابین لە خاكەكەمانەوە هێرشی تیرۆریستی بكرێتە سەر هەر وڵاتێكی دراوسێمان.