قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا و ئەڵمانیا پرسە هەنووكەییەكان تاوتوێدەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدێكی هاوبەشی فەڕەنسی- ئەڵمانی، جەختی لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە هەرێمی كوردستان كردەوە، وتیشی: ئێمە لەگەڵ ئەوەین رێككەوتن هەبێت لەسەر كۆی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران رۆژی یەك شەممە 22_1_2023 لە هەولێر پێشوازی كرد لە ئیریك شۆڤالیێ، باڵیۆزی فەرەنسا و مارتین یێگەر، ‏باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق.

لە كۆبوونەوەكەدا كە كونسوڵی گشتی هەردوو وڵاتەكەو دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبوون، باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا و فەڕەنسا كردو، هەروەها دواپێشهاتە سیاسییەكان گفتۆگۆویان لەبارەوە كرا.

جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە گرفتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی قۆناغی داهاتوو بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە كردو جەختی كردەوە؛ دەبێت كێشەكان بەگفتوگۆ چارەسەر بكرێن لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.

لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقیش، قوباد تاڵەبانی وتی: تێگەیشتنی باش هەیە بۆ چارەسەر كردنی گرفتەكان لەگەڵ حكومەتەكەی بەڕێز سودانی و چاوەڕێین ئەمە لەیاسای بوودجەی2023 رەنگدانەوەی هەبێت كە ئەوەش كێشەیەكی سەرەكییە لەنێوان هەردوو حكومەتدا.

جەختیشی كردەوە كە؛ ئێمە لەگەڵ ئەوەین بە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد كۆی كێشە هەڵپەسێردراوەكان چارەسەر بكرێن.
پرسی ووزە و نەوت و غاز بەشێكی تری كۆبوونەوەكە بوو، كەتێیدا جێگری سەرۆك وەزیران وتی: ئەم پرسە نیشتمانییە و دەبێت سازانی لەسەر بێت تا سامان و داهاتی وڵات بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك بەكار بێت.

سەبارەت بەهەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستانیش، جێگری سەرۆك وەزیران جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە هەرێمی كوردستان كردەوە بەڕەچاوكردنی تێبینییەكانی لایەنە سیاسییەكان و ماف و پێگەی هەموو پێكهاتەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا