دەركەوتنی جێگرەوە

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كوڕی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئامۆزای سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز نێچرڤان بارزانیە. لەوەتەی بووەتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم تێكەڵەیەكی لەدەسەڵات دروست كردووە هیچ رۆڵێكی بۆ سەرۆكی پارتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەهێشتوەتەوە و لەجیاتی حزب و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم قسەدەكات و بڕیار دەدات.

دەبێت هۆكار چی بێت؟

جاران كە گرفتێك هەبوایە لەنێوان پارتی و یەكێتی یاخود پارتی و لایەنە سیاسیەكانی تر، سەرۆكی پارتی مەكتەبی سیاسی رادەسپارد كە دانوستان رێكبخەن و چارەسەری كێشەكە بكەن، لەئێستادا نە سەرۆك نە مەكتەبی سیاسی هیچ رۆڵێكیان نەماوە ئەوەی لای پارتی روودەدات تەنها و تەنها سەرۆكی حكومەتی خاوەن دەسەڵاتێكی زۆر یەكلایی دەكاتەوە.

یاخود سەرۆكایەتی هەرێم دەبووە نێوەندگیر و كۆبوونەوەی فراوانی لایەنەكانی رێكدەخست و بەگفتوگۆ و راگۆڕینەوە نەیاندەهێشت كێشەكە گەورە ببێت، ئەگەر چارەسەریش نەكرایە دەیانوەستاند و نەیاندەهێشت زیانەكان گەورەببن، بەڵام ئێستا ئەو دەزگایەش لەقاڵب دراوە و هیچ رۆڵێكی نەماوە.

لە ئێستادا كە ماوەیەكی زۆرە یەكێتی بەڕەسمی بەپارتی راگەیاندووە كە نادادپەروەری و گرفتی خزمەتگوزاری زۆر لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجەو راپەڕین و گەرمیان هەیەو هۆكاری ئەوەش دیاریكراوە كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم جیاكاری و ناوچەگەری ئەنجام دەدات بەڵام نە سەرۆكی پارتی نەمەكتەبی سیاسییەكەی نە سەرۆكایەتی هەرێمیش هیچ هەڵوێستێكیان نیە ئەمەش جێی سەرسوڕمانە؟

ئەم پرسیارانە ئاراستەی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، ئایا لەكایەكانی بەڕێوەبردنی وڵات ھیچ رۆڵێكتان ماوە؟

چونكە چیتر حزبەكانیش كە كێشەیەكیان هەبوو روتان تێناكەن و رەخنەشتان لێناگرن و بەشێوازێكی تر مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەن، چونكە خەڵكی ئەم هەرێمە ماندوو بوون.

عوسمان باپیر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا