عێراق بۆ چوارەمجار نازناوی جامی کەنداوی بردەوە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress 
هەڵبژاردەی عێراق دوای زیاتر لە 35 ساڵ جارێکی دیکە نازناوی جامی کەنداوی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا سەرکەوتنێکی زۆر زەحمەتی بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان بەدەستهێنا.
هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان لە یاریی کۆتایی جامی کەنداوی 25 لە یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی، رووبەرووی یەکتر بوونەوە، زیاتر ٦٠٠  هەزار هاندەر لە یاریگەدا ئامادەبوون.
دوای 23 خولەک یارییکردن ئیبراهیم بایش، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، بەلێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد و ملیۆنان عێراقیی دڵخۆشکرد، دوای ئەمە هەردوو هەڵبژاردە نەیانتوانی لە گۆڵی یەکدی نزیکببنەوە و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی عێراق کۆتاییهات.
لە خولەکی 82 لێدانێکی سزا بۆ عومان هەژمارکرا، بەڵام جەلال حەسەن عێراقی لە یەکسانبوون رزگارکرد، دوای ئەوە لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا لێدانێکی دیکەی سزا بۆ عومان هەژمارکرا، ئەمجارە سەڵاح ئەلیەحیایی سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و یارییەکەی بردە کاتی زیادکراو.
لە کاتی زیادکراودا و لەنیوەی دووەمدا لێدانێکی سزا بۆ هەڵبژاردەی عێراق هەژمارکرا و ئەمجەد عەتوان سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و عێراقی کردە خاوەنی دوو گۆڵ، بەڵام ئەمجارەش عومان یارییەکەی یەکسانکردەوە.
لە دوایین دوو خولەکی یارییەکەدا مەناف یونس، بەلێدانی سەر گۆڵێکی دیکەی بۆ عێراق تۆمارکرد و یارییەکە بووە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بۆ هەڵبژاردەی عێراق.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق 3 یاریزانی کورد یارییاندەکرد، کە هەریەکە لە شێرکۆ کەریم، یاریزانی یانەی کوێتی کوێتی، ئاسۆ رۆستەم، یاریزانی یانەی سالمیەی کوێتی و رێوان ئەمین، یاریزانی یانەی دالکورد بوون و لەگەڵ هەڵبژاردەکە نازناوی جامی کەنداویان بردەوە.

جامی کەنداوی ٢٥ی بەسڕە لە رۆژی ٦ی ئەم مانگە دەستی پێکرد و ئەمڕۆ ١٩ی مانگ بە یاری نێوان عێراق و عومان کۆتایی پێ هات.

عێراق توانیویەتى لە ساڵانی ١٩٧٩ و ١٩٨٤ و ١٩٨٨ نازناوی جامی کەنداو بەدەستبهێنێت و بەم سەرکەوتنەشەوە ژمارەی جامەکانی گەیاندە چوار جام.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا