پشکی هەرێم لە بودجەدا لە غیابی نوێنەرایەتییەکی فرە رەنگدا

محەمەد مستەفا

گرفت و ئاستەنگەکانی بوجەی گشتی عیراق هێندە زۆرن، کاریگەریی سلبیان کردۆتە سەر هەنگاوەکانی ناردنی لە حکومەتەوە بۆ پەرلەمان و لەوێشەوە بۆ گفتوگۆی لیژنەکان، تا دواجار کاتێک دیاری بکرێت بۆ دەنگدان لەسەری، هەموو ئەگەرەکانیش باس لەوە دەکەن کە هەفتەی داهاتوو کابینەکەی سودانی پڕۆژە یاساکە دەنێرێتە پەرلەمان، ئەمەش بەمانای دیسانەوە دواکەوتنی خوێندنەوەی یەکەم و دووەمە بۆ پڕۆژەیاساکە و گومانیشی تێدا نییە کە لەبەر زۆری ئاستەنگەکان، دەنگدان لەسەری تا نزیک مانگی ئازار درێژە بکێشێت.
لەنێو ئەو ئاستەنگانەدا گرنگترین ئەو خاڵانەی جێی مشتومڕ دەبێت  مەسەلەی زیادبوونی خەرجیەکان و کورتهێنانێکی گەورەیە لەو بودجەیەی کە وا چاوەڕوان دەکرێت لە مێژووی عیراقی نوێدا لە زۆریدا کەم وێنە بێت،  هەروەها قەبەبوونی بڕی بودجەی تەرخان کراو بۆ مووچە و هاوسەنگ نەبوونی نرخی دیناریش بەرامبەر بە دۆلار یەکێکی ترە لەو قەیرانانەی کە وادەکات رەسمی سیاسەتی ئابووریی لەو پرۆژەیەدا راستەقینە نەبێت و هەنگاوەکانی حکومەتیش لەپێناو پڕۆژە ستراتیژییەکانی بواری گەشەکردنی ئابووریی و  وەبەرهێنانی ژێرخان لەعیراقدا روو لەکورتی بێت.
ئەوەی جێی سەرنجە و یەکێکی ترە لە گرفتەکانی بەردەم دەرچوواندنی پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ، بابەتی رێکەوتنی هەولێر و بەغدایە، کە تائەمڕۆش ئەوەی لەسەری دەوترێت لەدیاریکردنی رێژەیەک و ناردنی گوژمەیەکی مانگانە لەبودجەی فیدڕاڵی بۆ هەرێمی کوردستان راست نییە، چونکە بەستراوەتەوە بەئاستی هەماهەنگی سیاسی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەند و پابەندبوونی رەها بۆ رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نا نەوتیەکان.
وەک دەزانین ئێستا حکومەتی هەرێم و خودی کابینەی نۆیەم لە قەیرانێکی گەورەی  ئیدارەداندایە، کە بەهۆی داخرانی سیاسی و سیاسەتی سەرۆکی کابینکەوە دۆخێک هاتۆتە ئاراوە، پەیماننامەی نێو پێکهێنەرەکانی کابینەکە مەحکومە بە هەڵوەشانەوە،  خۆدزینەوەش لە بەڵێنەکانی بەرامبەر هاوبەشەکانی کابینەکە بەئاشکرا دیارە، ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عیراقدا کابینەکەی تووشی ئیحراجی و بێ متمانەییەکی واکردوە کە لەمێژووی هیچ کابینەیەکدا بەم شێوەیە هەڵنەکشاوە، بۆیە پێم وانییە لە کەشێکی ئاوادا رێگە بۆ وەفدی کوردی گوڵڕێژکرابێت و بەئاسانی و بەبێ کێشە پشکی هەرێم لەبودجەی «2023» یەکلایی بکرێتەوە، بەتایبەتی کە روونە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی لەبارەی پرسی نەوت و غازی هەرێم لە ساڵی پێشوودا داوە و بەهەموو شێوەیەک مامەڵەی راستەوخۆی هەرێمی لەو پرسەدا هەڵوەشاندۆتەوە، ئەمەش بێگومان لەنێو گفتوگۆکانی بودجەدا مشتومڕی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لە راستیدا قەیرانەکانی بەردەم بودجە، لەپێش ئەوەی ئابووریی بن، سیاسین، کەواتە یەکلاییبوونەوەی پشکی هەرێمیش فاکتەرە سیاسیەکان دەیجوڵێنن، لەحاڵەتی ئەو داخرانە سیاسی و قەیرانە قووڵانەی کە لەهەرێمیشدا هەن، ئەستەمە ئیرادەی هەرێم بەسەردانی وەفدێکی یەک رەنگ لەجێی نوێنەرایەتییەکی فرەڕەنگ پرسەکە یەکلایی بکاتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا