پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
جێگری سەرۆک وەزیرانى هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ پرۆسەی ریفۆرم و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت رێککەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بکرێت کە هەم قابیلی جێبەجێکردن بێت و هەم روون و شەفاف بێت و لایەنەکان پێوەی پابەندبن.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدێکی سەربازی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ ئەندروو گارنەر جێگری فەرماندەیی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا جەختی لەسەر بەردەوامی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە کردەوە و رایگەیاند نابێت ناکۆکییە سیاسییەکان رێگربن لە بەردەم ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگەدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، گفتوگۆ کرا لە بارەی رەشنووسی پڕۆژەی ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگە و هەردوولا هاوڕابوون کە بۆ پرۆسەی ریفۆرم و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت رێککەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بکرێت کە هەم قابیلی جێبەجێکردن بێت و هەم روون و شەفاف بێت و لایەنەکان پێوەی پابەندبن.
جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە سەرباری هەموو ناکۆکییەکی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، بەردەوام دەبن لە پرۆسەی ریفۆرم و بە دامەزراوەیی کردنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە و راشیگەیاند نابێت ناکۆکییەکان رێگربن لە بەردەم پرۆسەی ریفۆرمدا.
وەفدی هاوپەیمانان ستایشی هەڵوێستی قوباد تاڵەبانییان کرد کە بەردەوام پشتگیری لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کردوە و جەختیشیان کردەوە کە دەبێت دەسەڵاتی زیاتر بدرێت بە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی چاکسازی خێراتر و باشتر بەرەوپێش بچن.