دوای سەردانەكەی مەكگۆرك باس و خواستی هەڵبژاردن گەرم دەبێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رۆژی دووشەممەی رابردوو، رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا سەردانی هەرێمی كوردستان كردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

ئامانجی سەردانەكە و تەوەری كۆبوونەوەكان، بریتی بوو لە باسكردنی پرسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و پرسی غازی سرووشتی هەرێمی كوردستان بوو.

وەفدەكەی ئەمەریكا بەر لەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات لە بەغدا چەند دیدارێكیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجام درا.

شەوی دووشەممە 16_1_2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە برێت مەكگۆرك، رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و وەفدی یاوەری كرد.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، شەوی دووشەممە 16_1_2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان، پێشوازی لە برێت مەكگورك نێردەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری ‏رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریكا كرد كە بە یاوەریی وەفدی باڵای وڵاتەكەی، ‏سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد.‏

لە كۆبوونەوەیەكدا ‏دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق، پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی ‏كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانیان، دۆخی ‏ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی یەكخستنی پێشمەرگەیان، تاوتوێ كرد.‏

هاوكات رۆژی سێشەممە 17_1_2023 بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە برێت مەكگۆرك، نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و وەفدی باڵای هاوڕێی كرد.

لە دیدارێكدا دوایین گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی هەرێم و عێراق تاوتوێكران و جەخت لە یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كرایەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر كێشەكاندا.

لە درێژەی دیدارەكەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان گفتوگۆی لەبارەوەكرا.

دوای سەردانەكەی مەكگۆرك پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن گەرم بوو

دوو رۆژ دوای سەردانەكەی مەكگۆرك بۆ هەرێمی كوردستان، رۆژی چوارشەممە 18_1_2023 چوار لایەنی سەرەكی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی دادگەری كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی) لە بارەگای دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان ئەنجامدا.

دوای بەدوای كۆبوونەوەكە راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند: لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن و پێویستە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواربكرێتەوە.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەكەی ئەو چوار لایەنەدا هاتووە: لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین ، پێویستە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواربكرێتەوە و هاوتەریب كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارا بكرێتەوە.

هەر چوارلایەنەكە جەخت لەوە دەكەنەوە لایەنە سیاسییەكان كەشێكی گونجاوو سەقامگیر فەراهەم بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و دیموكراتیانە.

پارتی دیموكراتی كوردستان چی دەوێت؟

هاوكات رۆژی چوارشەممە 18_1_2023 مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكە، لە راگەیەندراوێكدا جەختی لە چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردەوە و رایگەیاند، دووبارەی دەكەینەوە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەین بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆ‌ و چارەسەركردنی گرفتەكان، لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە راگەیەندراوەكەی پارتی باس لەوە دەكات، زۆر هەوڵماندا، پڕۆژەمان ئامادەكرد و پێشكەشمانكرد لەو كۆبونەوە هاوبەشەنەی كە سەرۆكی هەرێم پێكیدەهێنا و سەرپەرشتی دەكردن، هەروەها لەو كۆبونەوانەش كە نوێنەری UNبەشداردەبوو، بەڵام بەداخەوە دواجار لەڕووی ناچاری و لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم بژاردەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانمان پەسەندكرد، ئێستایش مەكتەبی سیاسی جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت چیدی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەكانی پەكنەخرێ و لە زووترین كاتدا كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجامبدات.

بە گوێرەی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەولەویەتی پێبدرێت و بابەتی چوار بازنەیی و بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بچەسپێندرێت. هاوتەریب لەگەڵ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كارابكرێتەوە و پۆستە فەڕاغەكانی ناو كۆمسیۆن پڕبكرێنەوە.

بەڵام راگەیەندراوەكەی پارتی بە هیچ شێوەیەك باسی گۆڕانكاری لە شێوازی هەڵبژاردنی كورسی پێكهاتەكان ناكات، كە یەكێك لە گرفتە هەرە سەرەكیەكانی بەردەم هەڵبژاردن كورسی پێكهاتەكان و شێوازی هەڵبژاردنەكەیەتی.

دەربارەی پرسی پێكهاتەكان زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بۆ مەسەلەی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستاندا یەكێتی دوو خاڵی لا گرنگە، ئێمە هەموو كات پشتیوانی پێكهاتەكانین لە هەرێمی كوردستان و پێشتریش لەسەر پێشنیاری یەكێتی و رەوانشاد مام جەلال نوێنەرایەتی بۆ پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، بەڵام ئێمە پێمانوایە، یەكەم نوێنەرەكان نوێنەرایەتی راستەقینەی پێكهاتەكان بكەن، دووەم نوێنەری هەموو پێكهاتەكان بن لەهەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا نەك لە ناوچەیەكی دیاریكراودا، بۆ نمونە سلێمانی ژمارەیەكی زۆر مەسیحی تێدایە كە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوو یەك جاریش مەسیحییەكی سلێمانی نوێنەریان لەپەرلەمان نەبووەو لای ئێمە ئەمە غەدرە لەمەسیحییەكانی سلێمانی كراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا