پۆڵەتیک پرێس
چاکۆ چاکۆ یەکێک لە یوتوبەرە بەناوبانگەکانی کۆریای باشوور ناوبانگی پەیداکردووە وەک کەسێک، کە دەتوانێت گۆرانیە بەناوبانگەکان لەسەر یەک یان چەند ئامێرێکی بژمێر(حاسیبە) بژەنێت.
بەشێوەیەکی گشتی ئامێری بژمێر یان حاسیبە زیاتر بۆ شیکارکردنی بیرکاری بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئامێرێکی بژمێری دیاریکراو هەیە زیاتر وەک ئامێری مۆسیقا کاردەکات، ئامێریEgoelife AR-7778 و AR-8001 وەک ئامێرێکی مۆسیقا کاردەکات و یاسای تایبەت بەخۆی دەربارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی هەیە، بەڵام وەک هەر ئامێرێکی دیکەی مۆسیقا پێویستی بە بەهرە و ڕاهێنان هەیە، چاکۆ چاکۆ لەساڵی 2018ەوە ناوەڕۆکی یوتوب بەرهەمدەهێنێت، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵی 2020 کەناڵەکەی بۆ شوێنکەوتوانی تەقیەوە، دوای ئەوەی دەستی بە ژەنینی ئەو ئامێرە مۆسیقیە کرد و خەڵک خۆشیان ویست، لەماوەی چەند مانگێکدا دەیان هەزار هەواداری بەدەستهێنا.
هەندێک پێیان وایە چاکۆ چاکۆ یەکەم هونەرمەندی ئامێری بژمێری مۆسیقایی جیهانە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە چەندانی دیکە هەیە زۆر پێش ئەو دەستیان بە ئەنجامدانی ئەو کارە کردووە تەنانەت لە کۆریای باشووریش، بەڵام لەڕووی بەناوبانگبوونەوە ئەم ناوبانگێکی گەورەی بەدەستهێناوە، ئەو جۆرە ئاوازانەی لەسەر ئامێرەکە دەیژەنێت زۆر کاریگەرە و وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت پێنج ئامێر بۆ ژەنینی ئاوازەکانی بەکاردەهێنێت، هەرچەندە شوێنکەوتووانی لە کۆریای باشوور بەشی زۆری بنکەی هەوادارانی پێکدەهێنن، بەڵام ئێستا لەهەموو شوێنێک شوێنکەوتووی هەیە، هیچ ئاوازێکیش نییە ئەم هونەرمەندە نەتوانێت لەسەر ئامێرە تایبەتەکەی بیژەنێت.