بافڵ جەلال تاڵەبانی: درێژە بە سیاسەتێك دەدەین كە خەڵك داوای دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە بورهان سەعید سۆفی، لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدان و عەبدوڵا كانی بەردی، لێپرسراوی بۆردی تێكۆشەران ئامادەبوون، گفتوگۆكرا لەبارەی ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانی كۆمەڵەكە بۆ خزمەتكردنی پێشمەرگە دێرینەكان، ئەو بەربەستانەی بۆیان دروستدەكرێت و بەوهۆیەشەوە ناتوانن خزمەتەكانیان لەئاست خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە دێرینەكان بێت.

لەو ڕووەشەوە وەستا فاروق، سەرۆكی كۆمەڵەكە راپۆرتێكی پێشكەشكرد و داوای لە سەرۆكی یەكێتی كرد بەدواداچوونی جدی و كردەیی بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان بكرێت.

لە بەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵ و پێگەی پێشمەرگە دێرینەكانی كرد لە قۆناغە جیاوازەكانی خەبات و رایگەیاند، ئێوە شانازیی ئێمە و كوردستانن، مێژووی خەباتی ئێوە بۆ هەمیشە بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە و خۆمان بە قەرزارتان دەزانین.

لە بەرامبەر داواكاری و پێداویستییەكانیانشیان بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاریدا لیژنەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دروستبكرێت و وتی، ئێوە پایە و پشتیوانی یەكێتی بوون، كوردستان قەرزاری جوامێری و ئازایەتی ئێوەیە و بەخوێنی خۆتان شۆڕشی نوێتان هەڵگیرساند. بۆیە خزمەتكردنتان ئەركە لەسەر شانمان و بەهەمووشێوەیەك لەخزمەتتاندا دەبین.

وتیشی، ئەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستان قەرزاری تێكۆشانی ئێوەیە، بەڵام بەداخەوە بێباكییەكە گەیشتووەتە ئەو رادەیەی شۆڕشگێڕەكانی رابردوو و بونیادنەرانی ئەزموونەكە فەرامۆشبكرێن و ئاوڕ لە ژیان و گوزەرانتان نەدرێتەوە، بۆ ئەمەش یەكێتی بۆ ئەم جیاكاری و نادادییە داوای لێبوردنتان لێدەكات و بەڵێنتان پێدەدەین ئەم رێڕەوە چەوتەی حوكمڕانی راستدەكەینەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەكانی وڵات و خراپی دۆخی حوكمڕانی لە هەرێم بەرچاوروونیدایە ئامادەبووان و دڵنیایكردنەوە درێژە بە سیاسەتێك دەدەین كە خەڵك داوای دەكات و لەخزمەتی گشتی و قوربانییەكانی ئێوەی قارەماندا بێت. وتیشی، دڵنیابن چیتر ناهێڵین هیچ كەس و لایەنێك رەنج و خەباتی ئێوە بۆ خۆیان ببەن و لەسەر حسابی خەباتی ئێوە خۆیان پارەدار بكەن، شكۆ و شانازی ئەم میللەتە لای ئێمە پیرۆزە و ناهێڵین یاری بە چارەنووسییەوە بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا