ئومێد قەرەداخی: سێ ئاڵنگاری ئابووری گەورە رووبەرووی حكومەتەكەی سودانی دەبێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەم چاوپێكەوتنە تایبەتەدا لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس، ئومێد قەرەداخی، توێژەرو ئابووریناس و مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سلێمانی بە وردی تیشك دەخاتە سەر كێشە و تەنگ و چەڵەمە ئابوورییەكانی عێراق و ئەو ئاڵنگارییە ئابوورییانەی رووبەڕووی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی دەبێتەوە.

ئەو توێژەر و ئابووریناسە پێی وایە، سێ ئاڵنگاری ئابووری گەورە رووبەرووی حكومەتەكەی سوودانی دەبێتەوە، هاوكات پێی وایە گەندەڵی و نەبوونی هەمەڕەنگی لە سەرچاوەی داهاتدا لەو كێشە سەرەكییانەن دووچاری ئابووری وڵاتەكە بووەتەوە.

_ ئەو كێشە ئابووریانە چین لە ئێستا بەرۆكی عێراقیان گرتووە؟

+ ئومێد قەرەداخی: عێراق گرفتارە بە دەست كۆمەڵێك كێشەی ئابوورییەوە، گەندەڵی و بەفێرۆدان یەكێكە لە گرنگترین ئەو كێشانە كە مۆخی ئابووری عێراقی خواردوە، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كراون لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە زیاتر لە 150 ملیار دۆلاری عێراق بە گەندەڵی براوەتە دەرەوە و ئێستا ئابووری عێراق بە دەست گەندەڵییەوە دووچاری نەزیفێكی دارایی قورس بۆتەوە ، یەكێكی دیكە لە كێشە ئابوورییەكانی عێراق نەبوونی هەمەڕەنگییە لە سەرچاوەی داهاتدا، عێراق بە رێژەیەكی گەورە پشت بە داهاتی نەوت ئەبەستێت، نەوت سەرچاوەی هەرە گرنگی بودجەی حكومەت و سەرچاوەیەكی نیمچە رەهای هەناردەكردنی عێراقە. لە عێراقدا حكومەتی دامەزراوەیی بوونی نیە، ملیشیاكان و گرووپە چەكدارەكان بەهێزن، لە بارودۆخی هەژمونگەرای ملیشیا و هێزی سەربازی دەرەوەی سوپادا ئاسایش بەرقەرار نابێت ، زەمینەی پێویست بۆ سەرمایەگوزاری لە دایك نابێت .

_ دەرهاویشتەی ئەم كێشانە بۆ ئێستا و داهاتوو چ كاریگەرییەكیان دەبێت لەسەر (خەڵك) و (حكومەت)؟

+ ئومێد قەرەداخی: ئەو قەیرانە ئابورییانە كۆمەڵێك ئاكامی نێگەتیڤی بۆ ئابووری عێراق ئەبێت، لەسەرووهەموویانەوە ئەوەیە بەهۆی گەندەڵییەوە هیچ جۆرە دادپەروەرییەك لە دابەشكردنی سامانی نیشتیمانی بەدی نایەت، تاكی عێراقی لەسایەی ئەم حكومەتە هەست بە لانیكەمی دادپەروەری و دەرفەتی یەكسان ناكات، بە پێچەوانەوە بەردەوام ژمارەیەكی گەورە لە ملیاردێر و ملیۆنێر دروست ئەبن و ئەبن بە چینێكی ئەریستۆكراتی بەسەر هاوڵاتیانەوە، ئاكامێكی دیكەی ئەو قەیرانە ئەوەیە گەشەكردنی ئابووری بەدینایەت، عێراق بە ئاسانی لە تاك سەرچاوەیی داهات رزگاری نابێت، سێكتەرەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ نابوژێنەوە، سەرەنجام ئابوورییەكی بەرخۆر نەك بەرهەمهێن درێژەی ئەبێت، سەرەڕای ئەمانە ئێستا قەیرانی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هاتۆتە ئاراوە، كە بێگومان ئەم قەیرانە ئەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هێزی كڕینی پارەی هاوڵاتیان، بە زیانی هەموو ئەو كەسانەیە كە خاوەنی داهاتی جێگیرن وەك مووچەخۆرەكان، بارگرانی زۆر دروست ئەكات.

_ ئەو ئاڵنگارییە ئابوورییانە چین رووبەڕووی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی دەبێتەوە؟ رێگا چارەسەرەكان چین؟

ئومێد قەرەداخی: بە بڕوای من سێ ئاڵنگاری ئابووری گەورە رووبەرووی حكومەتەكەی سوودانی دەبێتەوە، ئەوانیش: یەكەمیان، جەنگی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكارانە، ئەم جەنگە زۆر سەخت و دژوارە، تەحەدایەكی زۆر گەورەیە لەبەردەم حكومەتەكەی سودانی، دوو دەیە هاوڵاتیانی عێراق بە قووڵی گرفتارن بە دەست باندەكانی گەندەڵییەوە، بەشێكی گرنگ لە پێوەری سەركەوتنی حكومەتەكەی سودانی بەدەستهێنانی رەزامەندی هاوڵاتیانە لەرێگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە، دوەمیان پاراستنی بەهای دینارە، چونكە ئەمەیان راستەخۆ پەیوەستە بە گوزەرانی هاوڵاتیانەوە، هەر بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی دۆلار كاریگەری راستەخۆی ئەبێت لەسەر خراپبوونی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، سێیەم ئاڵنگاری بریتیە لە دابینكردنی خزمەتگوزارییە بنەرەتییەكانی وەك ئاو و كارەبا بۆ هاوڵاتیان، دوای 20 ساڵ لە پرۆسەی ئازادی عێراق هێشتا كارەبا كێشەیەكی گەورەیە لە عێراقدا، بەسرە گرفتارە بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوە، خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەكان زۆر خراپن، ئەمانە تاقیكردنەوەن بۆ سەركەوتنی سودانی لە ئیدارەی حكومەتەكەیدا.

_ هۆكارەكانی پشت دابەزینی بەرچاوو لەناكاوی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار چین؟ كێ لەپشت ئەم پرسەوەیە؟

+ ئومێد قەرەداخی: هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ئەوەیە كە بڕی فرۆشتنی دولار لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقییەوە كەم كراوەتەوە، پێشتر هەفتانە زیاتر لە ملیارێك دۆلار خراوەتە بازارەوە، بەڵام ئێستا نزیكەی 250 ملیۆن ئەخرێتە بازاڕەوە، هۆكاری ئەمە بە پلەی یەكەم بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە كە دراوێكی زۆری دۆلار لە رێگای بانكە ئەهلیەكانەوە ئەچێتە دەرەوەی عێراق، ئەمە مایەی نیگەرانی ئەمریكایە، بۆیە فشاریكردوە بە سیستمێك دۆلار بخرێتە بازاڕەوە كە بتوانرێت چاودێری بكرێت، بەگەڕخستنی ئەم سیستمە و چاودێریكردنی وایكردوە كەمتر دۆلار بخرێتە بازارەوە و سەرەنجام بەهای دۆلار بەرزبێتەوە.

_ پەیوەست بە هەرێمی كوردستان ئەو كێشە ئابوورییانەی لە عێراقدا هەن چ كاریگەرییەكیان لەسەر هەرێم هەیە؟

+ ئومێد قەرەداخی: كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغداد كاریگەری گەورەیان لەسەر ئابووری هەرێم هەبوە، گرنگترین ئەو كاریگەریانە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم بوو لە بەغداوە، كە بەدڵنیاییەوە ئەوە زیانێكی ئێجگار گەورەی بە ئابووری هەرێمدا، بە ئاسانی ئەتوانین تێبینی ئەوە بكەین لە نێوان ساڵانی 2003-2014 كە بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە دەهات، سەرەڕای هەر گەندەڵی و بە فیرۆدانێك، كوردستان لەبەردەم دەرفەتێكی زۆر باشی گەشە كرندا بوو، ئاستی گوزەران زۆر باشتربوو لە ئێستا، بەڵام دوای سیاسەتی سەربەخۆی فرۆشتنی نەوت هەرێم گرفتار بوو بەدەست زۆر كێشەی ئابوورییەوە، هەرێم بوو بەژێر قەرزێكی چەند ملیاردۆلارییەوە، تا ئێستاش ئەم دۆخە ئابوورییە خراپە درێژەی هەیە.

_ لە كاتێكدا هەرێم خۆی خاوەنی نەوتی خۆیەتی و دەیفرۆشێت كەچی هەر قەرزارە، ئەم قەرزە كەڵەكە بووانە داهاتووی هەرێم بەرەو كوێ دەبات؟

+ ئومێد قەرەداخی: باشترین رێگای چارەسەری بۆ هەرێمی كوردستان رێكەوتنە لەگەڵ بەغدا ، نەوتی هەرێم گرێبەستەكانی زۆر خراپن، شەفاف نین، بەهۆی بڕیاری دادگای فیدرالییەوە كێشەی یاسایی بۆ دروستبوە، ژێرخانی هەرێمی كوردستان وێرانبوە، ئاستی گوزەرانی هاوڵاتیان خراپە و حكومەت نزیكەی 20 ملیار قەرزارە، بەرانبەر بەمە بەغدا وڵاتێكی دەوڵەمەندە، مانگانە نزیكەی 10 ملیار نەوت دەفرۆشێت، یەدەگی نەختینەیی لە بانكی مەركەزیدا ئەگاتە 100 ملیار، كورد ئەتوانێت زۆر سود مەندبێت لە بەغدا بودجەی 2023ی عێراق 140 ترلیۆن دینارە، ئەگەر بەشە بودجەی هەرێم 13% حساب بكەین ئەوا هەرێم زیاتر لە 18 ترلیۆن دیناری بەرئەكەوێت، ئەمەش پارەیەكی زۆرە و هەم بەشی مووچە و بەشی دەیان پرۆژەی گەورە و ستراتیژی ئەكات.

_ حكومەتی هەرێم باس لە فرە چەشن كردنی سەرچاوەكانی داهات دەكات، تا چەندە جدییە لەم بابەتەدا ئایا سەركەوتوو دەبێت؟

+ ئومێد قەرەداخی: حكومەتی هەرێم تا ئێستا نەیتوانیوە سەرچاوەكانی داهات فرە چەشن بكات، فرەچەشنكردن لەوەوە دەست پێناكات كە هەندێك بەروبومی كشتوكاڵی هەناردە بكەیت، بەڵكو لە بە پیشەسازیكردنی كوردستانەوە دەست پێ ئەكات، ئەبێت كەرتی پێشەسازی پێشبخرێ، دەبێت مۆدیلی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی بە پیشەسازی بكرێت، كەرتی گەشتیاری بكرێت بە كەرتێكی گرنگ و لە چوارچێوەیەكی سیستماتیك و بە ژێرخانێكی تۆكمەوە كارا بكرێت، قاعیدەی بەرهەمهێنان پێشبخرێت، بەمانە ئەتوانرێ هەمە رەنگی لە سەرچاوەی داهات دروست بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا