پۆڵەتیک پرێس
ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی گەڕان بەدوای ئەو لایەنانەی ناوەندی بەغدا و ناوچەی سەوز دەکەنە ئامانج لەلایەن هێزێکی دژە تیرۆری عێراقەوە پێکهێنرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، هیزێکی دژە تیرۆر دەستیان کردووە بە ئۆپراسیۆنێکی گەڕان بەدوای ئەو لایەنانەی رۆژانە موشەکی کاتیۆشا ئاراستەی ناوچەی سەوز لە بەغدا دەکەن.
هاوکات، ئەو هێزە هەموو دەروازە لاوەکییەکانی ناوچەکەیان داخستووە و هێزەکانی سوپایان لەو ناوچانە جێگیر کردووە لەناویشیاندا گەڕەکی کەرادە لە ناوەڕاستی شارەکە.
لەلایەکی دیکەوە، لە راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی دادوەری باڵای عێراقدا هاتووە، فایەق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنەکە و ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا تاوتوێی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستیان کرد بۆ لێپێچینەوە لەو لایەنانەی نێردە دیبلۆماسییەکانی ئەو شارە دەکەنە ئامانج.
لەماوەی رابردووەوە، رۆژانە باڵیۆزخانە و نێردە دیبلۆماسییەکانی ناو عێراق و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بە هێرشی موشەکی دەکرێنە ئامانج، ئەوەش کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی جیهان دروست کردووە، لای خۆیەوە ئەمریکا میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات.