پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هەر سیانزە لیژنەكەی دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیان بە جێبەجێكردن كردووە و راپۆرتی لیژنەكانیی دیداری لە ئۆرگان و مەكتەبەكان كاریان پێدەكرێت، بەوتەی ژمارەیەك لە لێپرسراوی لیژنەكان: زۆربەی لیژنەكانی دیدار لە قۆناغی جێبەجێكردندان و هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، كە بنەمای لیژنە و راپۆرتەكانیش پشت بە راسپاردەكانی دیداری یەكێتی دەبەستن.
لە نوێترین كۆبوونەوەشدا كە 9_1_2023 بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری گشتی جێبەجێكردنی لیژنەی راسپاردەی دیداری یەكێتیی دەستخۆشی لە كاری لیژنەكان كرد كە زۆربەری راسپاردەكان لە جێبەجێكردن دان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رۆژی 28-5 بۆ 31-5 /2022 یە كەمین دیداری رێكخست كە قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كرد و پێشتر لەرێی لیژنە هەمەلایەنەكانی دیدار كۆنفرانسی فراوانی لەسەر ئاستی مەكتەب و مەڵبەند و ئۆرگانەكان بۆ كرا، كە ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لە كادران راستەوخۆ لە سەرتاسەری هەرێم و دەروەوەی هەرێم بەشدارییان تێداكرد و بەشداربوون لە خستنەڕووی پێشنیاز و بۆچوونەكانیان.
د.یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەكێتیی و سەرۆكی لیژنەی باڵای “دەستوور” بەسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگەیاند: دیداری یەكێتی لەلایەن كادرانی یەكێتییەوە پێشوازی لێكراو ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردنداین، كە خزمەتێكی گرنگی بەرەپێشبردنی زیاتری یەكێتی دەكات و لیژنەی دەستوور كارەكانی خۆی تەواوكردووەو تەسلیمی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان كراوە.
لە دیداری یەكێتی دا 13 لیژنەی باڵا پێكهێنرا بۆ كاروباری ئۆرگانە حزبی و حكومییەكان، هەر لیژنەیەكیش لەسەر بنەمای كاركردنی رۆژانی دیدار و كۆبوونەوەكانی پێشتری لیژنەكان لەگەڵ زۆرترین كەسانی پسپۆر و بەشداریپێكردنی ئەندامان، چەندین راسپاردە گەڵاڵەكران و لەلایەن لیژنەكانیشەوە بۆ جێبەجێكردن پێشكەشی مەكتەب و ئۆرگانەكان كراون و بەسەر( حزبی، حكومی، پەرلەمان)ی دا دابەشكراون.
ئامانجێكی سەرەكی دیداری یەكێتیی داڕشتنی دید و روئیایەكی سەردەمیانەیە بۆ حزب و گەیاندنی پەیامێكی راستەقینەی نوێبوونەوە و چاكسازییە
د.یوسف گۆران دەڵێت: هەر 13 لیژنەكە لە دەستیان بەجێبەجێكردنی كارەكان كردووە و لە بواری پراكتیك و ستراتیژدا رەنگیداوەتەوە و بۆنمونە بڕیاری چالاككردنەوە و جێبەجێكردنی ماددەی 140 یەكێكە لە بڕگە گرنگەكانی لیژنەی ناوچەدابڕێنراوەكان و مەرجێكی یەكێتیی بوو بە بەشداریكردنی لە كابینەی سودانی لە حكومەتی عیراق.
د.یوسف گۆران وتیشی: كۆی كاری لیژنەكانی دیدار دابەشكراوە بەسەر پایەكانی حزبی، حكومی، یاسایی، هەموو لیژنەكانیش لێپرسراویان بۆ دانراوە و لە جێبەجێكردندان ، كە سەرەنجام فۆرم و ستراتیژێكی نوێ بە شێوەی كاری دەبەخشێت كە لەگەڵ قۆناغی كار و خەباتی سیاسیی دەگونجێت.
ئامانجێكی سەرەكی دیداری یەكێتیی داڕشتنی دید و روئیایەكی سەردەمیانەیە بۆ حزب و گەیاندنی پەیامێكی راستەقینەی نوێبوونەوە و چاكسازییە و هاوتەریبیش بەشداریكردنی زۆرینەی رای هەڤاڵانەیە لە بەرهەمهێنانی بڕیاردا.
فەهمی بورهان ئەندامی سەركردایەتی لە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگەیاند: لیژنەكان بەپێیی تایبەتمەندی بەسەر سێكتەرە حزبی و حكومییەكان دا دابەشكراون و كاری باش لە پێناوی یەكێتی دا كراوە و بە رۆحیەتێكی هەڤاڵانە ئەركەكان رادەپەرێندرێن.
فەهمی بورهان وتی: لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانیش راسپاردەكانی لەسەر ئاراستەی حزب و حكومەت و یاسا و پەرلەمان دایە و لە پراكتیكیشدا هەنگاوەكانی دیدار بەباشی جێی خۆیان كردۆتەوە بۆ نمونە بڕیاری ئەكتیڤكردنەوەی ماددەی 140 و هەروەها تەملیككردنی موڵك و ماڵی خوشك و برا ئێزدییەكان لە راسپاردەكانی دیدار بوون و دواتریش وەك پرۆژەی یەكێتی خرایە كارنامەی حكومەتی نوێی عیراقەوە.
لیژنەی راگەیاندن راسپاردەكانی دیداری كردۆتە پراكتیك تاوەكو شێوازێكی جیاوازی كاری میدیایی پێشكەش بكات
یەكێك لە لیژنە گرنگەكانی دیداری یەكێتی، لیژنەی راگەیاندنە، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هەمیشە بایەخی تایبەتی بە راگەیاندن دەدات، لەو پێناوەشدا لیژنەی راگەیاندن راسپاردەكانی دیداری كردۆتە پراكتیك تاوەكو شێوازێكی جیاوازی كاری میدیایی پێشكەش بكات و هاوشانی قۆناغ و گۆڕانكارییە خێراكانی تەكنۆلۆژیاش بێت.
ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی لیژنەی باڵای راگەیاندن لە دیدار بە PUKMEDIA دەڵێت: لیژنەی باڵای دیداری یەكێتیی راسپاردەكانی سپارد بە مەكتەبی راگەیاندن و ئێمەش كۆبوونەوەی مەكتەبمان كرد لەسەر دابەشكردنی راسپاردەكان و هەندێكیان راسپاردەبوون بۆ تیمی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوەی پشتیوانی ئەو یاسایانە بكرێن كە دەخرێنە بەردەم پەرلەمانتاران، بەتایبەت بۆ فراوانكردنی پانتایی ئازادیی و ئازادی رۆژنامەگەریی كە لەگەڵ بنەمای یەكێتی گونجاوبێت وەك حزبێكی سوشیال دیموكرات.
ستران عەبدوڵڵا وتی: بەشێكی تری راسپاردەكان جێبەجێكراون كە لە توانای مەكتەبی راگەیاندن دا بوون لە بواری رێكخستنەوەی گوتاری یەكێتی، یەكێك لە راسپاردەكانیش دروستكردنی بۆردی سۆشیالمیدیایە و لە قۆناغی كاركردندایە، بەڵام بەشێكی دیكەی راسپاردەكان كە توانای دارایی پێویستە بۆ پەرەپێدانی كەناڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرزدەكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی یەكێتی بۆ ئەوەی دابینبكرێت.
هەموو ئەو راسپاردانەی لە دیداری یەكێتی دا لە كۆكراونەتەوە، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیدار لەگەڵ لیژنەكان كۆبۆتەوە و دوای گفتوگۆ و دانانی نەخشە ڕێگا بەپێی تایبەتمەندی لیژنەكان كراونەتە راپۆرت و لیژنەیان بۆ پێكهێندراوە و ئەوانیش كاریان لەسەر كردووە و بۆ جێبەجێكردن ئاڕاستەی ئۆرگانەكان كراون.
دیداری یەكێتیی بە ستراتیژێكی ورد كاری لەسەر زۆربەی سێكتەرە ژیارییەكان كردووە
نەوشیروان ئەحمەد، ئەندامی سەركردایەتی لە لیژنەی رێكخراوەكان و پەیوەندییەكان و پێشمەرگە بە PUKMEDIA ی وت: دوای كۆبوونەوەی لیژنەكان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، ئەركی لیژنەكان چووەتە بواری جێبەجێكردن و كۆبوونەوە لەگەڵ ئۆرگانەكان كراوە و راسپاردەكانیان بۆ رونكراوەتەوە و تاوەكو پشتبەست بن بۆ كاری نوێی رێكخراوەیی.
دیداری یەكێتیی بە ستراتیژێكی ورد كاری لەسەر زۆربەی سێكتەرە ژیارییەكان كردووە و بۆیە پێشتر 21 لیژنە پێكهێنرا و دوای كۆكردنەوە هەرزار راسپاردەی هەڤاڵانی یەكێتیی، 13 لیژنەی سەرەكی پێكهێنرا.
هەژار حەسەن كوێستانی ئەندامی سەركردایەتی لە لیژنەی (تەندروسستی و ژینگە و كاروباری كۆمەڵایەتی و وەرزش و خوێندكاران و گەنجان و ژنان) رایگەیاند: كاری لیژنەكانی دیدار زۆربەی لە قۆناغی جێبەجێكردن دایە و كاری جدیی كراوە تا روئیای یەكێتیی جێی خۆی بگرێت كە ئامانجی سەرەكی دیدارە.
هەژار حەسەن كوێستانی وتی: یەكێتیی لە دیداردا هەموو سێكتەرەكانی بۆ كاركردنی جددی لەبەر چاوگرتووە و راسپاردەكانی بەسەر سێكتەر و كاركردن دا دابەشكردووە كە ئەوەش فۆرم و گۆرانكاریی نەوعی بۆ شێوەكاری یەكێتیی بەرجەستەكردووە و رەنگدانەوەی دیارە.
راسپاردەكان كە پێشكەشی ئۆرگان و مەكتەبەكان كراون لەسەر ئاستی حزبی و حكومی و پەرلەمانی كاریان لەسەر دەكرێت.
هەژار حەسەن كوێستانی دەڵێت: زۆربەی زۆری راسپاردەی لیژنەكان جێبەجێكراون، هەندێكی دیكەشیان لە قۆناغی جێبەجێكردن دان و ئەوەی كەماوە بەشێكی كەمە و كارلەسەر ئەوانیش دەكرێت كە راسپاردەی دوور مەودان و ماوەی زۆرتیان پێویستە.
یەكەمین دیداری یەكێتی، بەدروشمی (نوێبوونەوە و چاكسازی) لە شاری سلێمانی لە رۆژی 28/5/2022 رێكخراو تا 31/5 بەردەوام بوو، ئێستا مەكتەب و ئۆرگانەكانی یەكێتی كار بەو پرۆژە و راسپاردانە دەكەن، كە لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكانی دیدارەوە ئاراستەیان كراوە.