وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان: بەم نزیكانە دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان كۆتایی دێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان رایگەیاند: نەوتی سپی بەسەر 234 هەزار و 254 خێزان لەناوچە شاخاوییەكان دابەش كراوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت حكومەتی هەرێم لە دابەشكردنی نەوتی سپی شكستی هێناوە و تا ئێستا 83% ی هاووڵاتیان نەوتیان وەرنەگرتووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تاوەكو 4ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ وەبەرهێنانی كانزایی لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتیەكانی نەوت و كانزاكانی پارێزگاكان بڕی 46 ملیۆن و 850 هەزار و 800 لیتر لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەشكردووە.

ئەوەشهاتووە، بەپێی دواین ئامار تاوەكو ئێستا 234 هەزار و 254 خێزان لە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی سوودمەندبووە، لەسنووری پارێزگای هەولێر 15 ملیۆن و 564 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەشكراوەو 77 هەزار و 822 خێزان سوودمەند بووە، لەسنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەش 18 ملیۆن و 828 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوەو 94 هەزار و 144 خێزان سوودمەند بووە، لەپارێزگای دهۆكیش 12 ملیۆن و 457 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوەو 62 هەزار 288 خێزان سوودمەندبووە .

ئەوەش روونكراوەتەوە، پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەردەوام دەبێت و بەم نزیكانە دابەش كردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو دەبێت دەست دەكرێت بە دابەش كردنی نەوت لە دەوروبەری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان .

پێشتر كاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، چەندین ناوچەی هەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ ساڵە نەوتی تێدا دابەشنەكراوە.

باسی لەوەشكرد، هەرچەندە ئەمساڵ حكومەت نەوتی سپی بە نرخی 103 هەزار و 500 دینار بە هاوڵاتییان فرۆشت، بەڵام شكستیهێنا و لەم وەرزی سەرمایەدا 83% ی خەڵك بە 103 هەزارەكەش نەوتیان بەدەست نەگەیشتووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا