هەوڵەكان بۆ یەكخستنی كورد و دروستبوونی یەكدەنگی لە رۆژئاوای كوردستان بۆ ماوەی ٧مانگ بەردەوام بوو لە ئەنجامدا لە ٢٠ ئەم مانگەدا، پارتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (پەیەنەكە) و ئەنەكەسە لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ یەكێتی نەتەوەیی لەسەر مەرجەعی باڵای كورد گەیشتنە ڕێككەوتن.
سەبارەت بەم رێكەوتنەش ئەندامی نوێنەرایەتی خۆسەری باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری كوردستان، تایبەت بە پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند: بەپێی ئەم رێكەوتنە “مەرجەعیی باڵای كورد” بڕیار دەدات كە داخوازی كورد چییە لە سوریا و لە رۆژئاوا، ئەمەش كاریگەرییەكی باشی دەبێت بۆ داهاتووی هەرێمی خۆسەری و بۆ كوردیش كە وەڵامێكە بۆ ئەو لایەنانەی كە نەیاری كوردن و هەمیشە هەوڵیان دەدا كە گفتوگۆكان ئەنجام نەگرێ.
جاویدان كەمال، ئەندامی نوێنەرایەتی خۆسەری باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری كوردستان وتیشی: ئەم رێككەوتنە سەركەوتنێكی زۆر گەورەیە بۆ كورد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەم رێككەوتنە سیاسییە و هیچ رێككەوتنێكی سەربازی و جوگرافیایی نەكراوە لەنێوان هەسەدە و ئەنەكەسەدا و دەكرێت رێككەوتنێكی واش بكرێت لەداهاتوودا بەڵام لە ئێستادا ئەو رێككەوتنە نەكراوە.
لای خۆشییەوە عبدلكریم ساروخان، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پارتی یەكێتی دیموكرات، سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان پارتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (پەیەنەكە) و ئەنەكەسە لە ڕۆژئاوای كوردستان، باسی لەوەكرد: ئەم رێككەوتنە زۆر گرنگە بۆ كورد بەرامبەر بە حكومەتی سوریا و بۆ هەموو دوژمنانی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان و هیواداریین ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.