پرسی کورد لە پەیڤێکدا…

نووسینی: ئەحمەد ئاڵتان
بۆ کوردیی ناویین: سوورێن ئیبراهیم

ئێمە هاووڵاتیی یەک وڵاتیین و لە نیشتمانێکی هاوبەش دەژێین. بەڵام گەلۆ گشتمان یەکسانین؟ وەرن ڕوونتر ئەم پرسیارە بکەین: ئایا تورک و کورد یەکسانن؟ بێ هیچ گومان و دوودڵییەک پێمان دەڵێن: «بێگومان یەکسانین.»
ئێمەی [تورک] تا چەن لەگەڵ کوردەکان یەکسانین؟ تورکەکان بە تورکیی دەپەیڤن و کوردەکان بە کوردیی. بەڵام زمانى ڕەسمیی دەوڵەت چییە؟
– تورکیی.
کەواتە دەگەینە ئەو ئەنجامەى لە ڕوانگەى زمانەوە یەکسان نین. زمانی پێڕێک لەم وڵاتە «زمانى ڕەسمیی» دەوڵەتە و زمانى پێڕێکی گەورەتر «ڕەسمیی» نییە.
چ زمانێ زمانى پەروەردەی ئەم وڵاتەیە؟
– تورکیی.
ئایا خوێندنگەمان هەیە بۆ فێربوونی زمانی کوردیی؟ نا. ئایا زانستگەمان هەیە بە کوردیی وانە بێژێتۆ؟ خوا نەکا!
لەم وڵاتەدا بە زمانى ئینگلیزیی و فەڕەنسییش وانە دەدەینەوە؛ بەڵامەکی کوردیی ڕێبەند دەکەین. کەواتە دەتوانین بێژین لە ڕوانگەى «فێربوون»ـیـشەوە یەکسان نین.
دەستوور چۆن هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە ناودێر دەکا؟
– تورک.
دەى دەستوور کوردەکان چۆن دەناسێنێ؟ بەگوێرەی دەستوور ئەوانیش تورکن. ئایا کوردەکان «تورک»ـن؟ بێگومان نا! دەى گەر «تورک» نین بۆچی ئێمە بە «تورک»ـیان هەژمار دەکەین؟ چون دەستوور وا دەفەرمێ. ئایا لەسەر بنەماى دەستوور هاووڵاتیی «کورد»ـی ئەم وڵاتە بۆی هەیە «کورد» بێت؟ وەڵامەکە نەرێیە. دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە بەپێی «دەستوور»ـیـش یەکسان نین.
لە ڕوانگەى «زمانەوانیی» و لە ڕەهەندیی «فێربوون» و بەپێی «دەستوور» [ئێمەى تورک لەگەڵ کورد] یەکسان نین. دەى «ئێمە» لە کوێ لەگەڵ ئەوان یەکسانین؟
کاتێ دەڕۆینە سەربازیی، بێ هیچ ڕیزپەڕێک هەم تورک و هەم کورد بۆ سەربازیی دەگرن. کاتی پێدانى پیتاک یەکسانین. بێ هیچ هەڵاواردنێ پیتاک لە تورک و کورد دەسەنن. کەواتە دەتوانین بێژین لە ڕوانگەى «بەرپرسیارێتیی»ـمانەوە بەرانبەر دەوڵەت یەکسانین، بەڵام بۆ ئەو شتانەى وا لە دەوڵەتی وەردەگرین، یەکسان نین. بە بۆچوونی ئێوە ئەمە دادپەروەرانەیە؟
ئەوان بۆ سەربازیی دەبەن. پیتاکیان لێ وەردەگرن، بەڵام زمان و پەروەردە و یەکسانییان لە یاسای بنەڕەتیییدا ناپەژرێنن. پاشان دێن و پێیان دەڵێن: «کێشەی ئێوە چییە؟» هەڵدەچن و دەڵێن: «ئێوە بۆ گۆبەن دەنێنەوە؟» دەیانکوژن و گڵەبانیان دەکەن؛ لە سەر جادە بەر قامچی و پیتکەیان دەدەن و لە زیندانان تەپەسەریان دەدەن.
نها گەر وردتر لەم وێنەیە ڕامێنن، بە بۆچوونی ئێوە چاوگەى «کێشەی کورد» چییە؟
بە باوەڕی من ئەم پرسە تەنیا یەک هۆی هەیە. ئەویش «نایەکسانییە»، خەڵکێک هاتووە وەک «زیندانیی» لەگەڵ خەڵکێکی تر دەجووڵێتەوە و دەڵێت: «دەبێ پێملی نەژادی من و زمانى من و باڵایی من بی.»
بۆچی ئێمە لەگەڵ کوردان یەکسان نین؟ گەر ئەم پرسیارەیان لێ بکەى، وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن: «گەر یەکسان بین و مافی یەکسانیی بەوانیش بدەین، وڵاتەکەمان پارچە دەبێ.»
پرسیارەکە ئەمەیە: «وڵاتی کێ پارچە دەبێ؟» وڵاتی «ئێمە»، ئێمە کێین؟
– تورکەکان
دەى «کوردەکان» کێن؟ ئەى ئێرە وڵاتی ئەوانیش نییە؟ یەکڕا وەڵامت دەدەنەوە: «بێگومان ئێرە وڵاتى کوردانیشە.» گەر ئێرە وڵاتى «هەموومان»ـە، دەى بۆچی ترسەکانمان لەمەڕ ئەم وڵاتە «یەکسان» نیین؟
بۆچی ئێمە لە «پارچەبوون» دەترسین، بەڵامەکێ کوردەیل لە «پارچەبوون» ناترسێن؟ ئاخۆ «خاوەنى هاوبەش»ـی یەک وڵات نابێ ترسی هاوبەشیان لەمەڕ ئەم وڵاتە هەبێ؟ ئێمە دەترسین، چونکە «دادوەرانە» لێل کوردەکان نەجووڵاوینەتەوە. وەک «زیندانیی» ڕەفتارمان لەگەڵ کردوون و دەترسێین بیانەوێ دوایی بەم دۆخە بێنن. گەر نەتەوەیەکی گەورەی وڵاتێک بە تۆپزیی دەسەڵاتى خۆی بەسەر نەتەوەیەکی تردا بسەپێنێ، هەمیشە لە مژاری «پارچەبوون» دەترسێ. دواجاریش مسۆگەر ئەو وڵاتە پارچە دەبێ.
گەر زمانى کوردییش ببێتە زمانێکی ڕەسمیی، گەر ئەوانیش مافی فێربوونی زمانى کوردییان هەبێ و دەستوورش بەزۆر ئەوان بە «تورک» نەژمێرێ، ئایا «کێشەی کورد» درێژەی دەبێ؟ هەرگیز. سەربار، ڕێچارەی کێشەکە دیارە. هەروەها فرە سادە و ڕوونە: گەر یەکسان بین کێشەکە چارە دەبێ. بەڵام بۆ کێشەکە چارە ناکەین؟
– چونکە نەمانگەرەک «یەکسان» بین.
ئێستەش پرسیارەکە ئەوەیە، ئێمە بۆ نامانەوێ لێل کوردان یەکسان بین؟ چ شتێ تورکانی بەسەر کورداندا ئەوبەرتر کردووە؟ ئاخۆ ڕێژەی زیاتر و چەکدار تورکەکانى ئەوبەرتر کردووە؟ لەگوینە چەکیش ئەم کارەی کردبێ؟
ئێوە هەر لە سەرەتاوە بە زۆری چەک جووڵاونەتەوە. دەى کاتێ لە چیاکان شریخەى تفەنگ دێ، بۆ سەرتان سووڕ دەمێنێ؟
ئێوە جارێ خۆتان چەکەکانتان دانێن، ئاغایەتیى هۆڤانەتان کەلا بخەن. لێتان سوور بێ یەک چەک لە چیاکان نامێنێ. کێشەکەش چارە دەبێ، بەڵام پێش هەرشتێ بەرانبەر خوا و بەندەکانى «یەکسانییمان» بپەژرێنن.

ئەحمەد ئاڵتان: نووسەر و ڕۆژنامەوانێکی بەناوبانگی تورکە، ساڵی ١٩٥٠ لە تورکیا لەدایک بووە. کوڕی نووسەر و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا «چەتین ئاڵتان» و برای «محەمەد ئاڵتان»ـی مامۆستاى بەناوبانگی زانکۆی ئەستەنبووڵە.

بۆ فارسیی: ئازاد کەریمیی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا