نێچیرڤان بارزانی: دەبێ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان ئامانجی سەرەكیی هەموومان بێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی ساڵی نوێوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، دەبێ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان، ئامانجی سەرەكیی هەموومان بێت. با لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی تازەدا، یەكڕیزی، تەبایی، پێكەوەیی، یەكترقبووڵكردن و هاریكاریی هاوبەش، بكەینە لاپەڕەیەكی نوێی پەیوەندیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان و هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان.

دەقی پەیامەكە:

ساڵی تازەی زایینی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە ئەمنییەكان، لە تەواوی گەلی كوردستان و عێراق و جیهان پیرۆز دەكەم. ئومێدەوارم ساڵی بەدیهاتنی هیواكان و سەركەوتن، بڕانەوەی شەڕ و ئاڵۆزی و پەتا و ناوخۆشییەكان بێت، ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری، باڵ بەسەر تەواوی مرۆڤایەتیدا بكێشێت.

دەبێ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان، ئامانجی سەرەكیی هەموومان بێت. با لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی تازەدا، یەكڕیزی، تەبایی، پێكەوەیی، یەكترقبووڵكردن و هاریكاریی هاوبەش، بكەینە لاپەڕەیەكی نوێی پەیوەندیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان و هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان. پێكەوە كار بكەین بۆ پاراستن و مسۆگەركردنی مافە دەستوورییەكان و فیدراڵی و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور.

دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان ئەرك و بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی خۆی جێبەجێ دەكات و وەك هەمیشە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت، بۆ هەموو هاوكارییەكیش ئامادەیە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی وڵاتدا، بۆ بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عێراق، بە شێوەیەك ماف و شایستەكانی هەموو پێكهاتەكانی وڵات پارێزراو بن.

لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و دۆستان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، برەو بە پەیوەندییەكانمان لەسەر بنەمای ڕێزلەیەكگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش دەدەین. لە هاریكاریی هاوبەش بەردەوام دەبین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر و نەهێشتنی تیرۆرستان. پێكەوە كار دەكەین بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری.

كار دەكەین بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان، بۆ قووڵكردنەوەی زیاتری فرەیی، پێكەوەژیان، لێبوردەیی، پاراستنی دیموكراسی، مافەكانی مرۆڤ، یەكسانی و ئازادییەكان. بە ئومێد و گەشبینییەوە لە ساڵی نوێ و داهاتوو دەڕوانین. هیوای تەندروستییەكی باش، سەركەوتن، شادی و كامەرانی بۆ هەمووان دەخوازم

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا