مەسعود بارزانی: جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەکەمەوە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی گەرمترین پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

لە پەیامێکدا سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم كە جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بكەمەوە، گەلی كوردستان هەردەم بڕوای بە ئاشتی و برایەتی بووە و خوازیاری ئەوەیە كێشە و گرفتەكانی لە ڕێگەی دیالۆگ و بە زمانی لە یەكتێگەیشتن و دووركەوتنەوە لە دەمارگیری و نكۆڵیكاری چارەسەر بكرێت.

وتیشی، لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش پێمانوایە ئێستا هەلێكی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق لەئارادایە و بە هەموو توانایەك پشتگیریی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە دەكەین كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەروەها لەنێوان حكومەتی هەرێمی و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بەستراون.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو چاوەڕوانییە هەیە كە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوەكانی حكومەت و پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور و، بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی گەلانی عێراق و هەروەها رەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازاندا بێت.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە كۆتاییدا ئومێدی ئەوە دەخوازێت ساڵی تازە، ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق ، ئاشتی و تەبایی بۆ ناوچەكە و سەرجەم مرۆڤایەتی بێتە دی.

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا