پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەسەر کۆبوونەوەی سێقۆڵی وەزیرانی بەرگری تورکیا، سوریا و ڕوسیا لە مۆسکۆ هاتەدەنگ و داوا لە خەڵکی سوریا دەکات هەر ڕێککەوتنێک دژی بەرژەوەندییەکانیان بکرێت ڕەتیبکەنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، بەنیگەرانییەوە لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگری تورکیا، سوریا و ڕوسیا بە سەرپەرشتی ڕوسیا دەڕوانین.
وتیشی، بەتوندی ئیدانەی خوێنڕشتنی خەڵكی سوریا دەکەین لەپێناو هەڵبژاردنەکانی پارتی داد و گەشەپێدان و قوربانیدان بۆ دەسەڵاتی سوریا.
لایخۆیەوە ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوای لە خەڵکی سوریا کرد دژی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا، سوریا و ڕوسیا بوەستنەوە کە دژی بەرژەوەندییەکانیان بێت، تا نەبنە ئامرازی بازرگانی ئەو لایەنانەی بەدوای بەرژەوەندییەکانیاندا وێڵن.
ئەم داواکارییەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەکاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممە لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا وەزیرانی بەرگری تورکیا و سوریا بە نێوەندگیری سێرگی شوێگۆی وەزیری ڕوسیا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.