پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
مەسرور بارزانی. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە ڕەوەندی کوردی دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و بەهیچ شێوەیەک بیانوو بۆ توندوتیژی نەدەن بەدەستەوە.
دوێنێ هەینی لە ناوەڕاستی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا پیاوێکی تەمەن 69 ساڵ تەقەی لە ناوەندی کلتوری ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەك كرد و لە ئەنجامدا سێ كەس كوژران و سێ كەسی دیكەش برینداربوون.
لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی لە تویتێکدا وتی، “زۆر نیگەرانم لە هێرشە قێزەونەکەی سەر کۆمەڵگەی کوردی لە پاریس. بیرم لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکانە.”
وتیشی، داوا لە رەوەندی کوردی دەکەم دان بەخۆیاندا بگرن. با بە هیچ شێوەیەک بیانوو بۆ توندوتیژی بەدەستەوە نەدەین”.
جەختی لەوەش کردەوە، “متمانەم هەیە هاوبەشە فەرەنسییەکانمان لە هیچ هەوڵێک بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی کوردی لە سەرانسەری وڵات و دادگاییکردنی تاوانباران سڵ ناکەنەوە.”
جەختی لەوەش کردەوە، “ئێمە زۆر شتی هاوبەشمان هەیە. پێکەوە رووبەڕووی تیرۆر دەبینەوە و گرنگی بەو کەسانە دەدەین کە بەهۆی تووندوتیژی و شەڕەوە ئاوارە بوون. ئەو پەیوەندییە بەرگەی ئەجێندای رقاویی ئەوانە دەگرێت کە تاوانەکەیان ئەنجامدا.”