پۆڵەتیك پرێس
بڕیارە سبەینێ خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك لەهەولێر خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە هیچ خزمەتگوزارییەكیان بۆ دابین نەكراوە.
خاوەنی ئەو زەوییانە باس لەوەدەكەن، چەندین ساڵە حكومەت داواكارییەكانیانی پشتگوێ خستووەو ئامادە نییە خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین بكات، بەوهۆیەشەوە سبەینێ خۆپیشان ئەنجام دەدەن.
لەوبارەیەوە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هیچ ئاگادارییەكیان پێنەگەیشتووە سەبارەت بە خۆپیشاندانەكەی سبەینێ.
وتیشی، “هەر هاوڵاتییەك و هەر گەرەكێك ئازادە لەوەی داوای خۆپیشاندان بكات، یاخود ناڕازیی بێت، بەڵام سەبارەت بە ئەو بریارەی سبەینێ هیچ ئاگادارییەكمان پێنەگەشتووە”.
زەویەكانی گەڕەكی هەشتی حەسارۆك نزیكەی 16 هەزار پارچە زەوی دەبێت و ماوەی 15 ساڵە خاوەنەكانیان چاوەڕوانن خزمەتگوزاریان بۆ دابین بكرێت، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن، “حكومەت پشتگوێی خستن و بەوهۆیەشەوە بەشێكیان كڕین و فرۆشتنیان بە زەوییەكانیانەوە كردووە”.