پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دەستەی دەستپاكی فیدڕاڵی رایگەیاند، بە تۆمەتی گەندەڵی و ساختەكاری و دەستكاریكردنی بڕی زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر نەوتی سپی خێزانە ئاوارەكانی كەركوك، ژمارەیەك بەرپرسیان دەستگیركردوە كە ئەندامی لیژنەی دابەشكردنی سوتەمەنی بون لە پارێزگاكە.
دەستەی دەستپاكی فیدڕاڵی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە پشتبەستن بە یاداشتێكی دەستگیركردنی دادوەری، نوسینگەی لێكۆڵینەوەی دەستەی دەستپاكی بەدواداچون و وردبینی پێویستیان بۆ لیستەكانی پێدانی نەوتی سپی لەلایەن كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانەوە بۆ خێزانە ئاوارەكانی كەركوك لەماوەكانی 1-18ی كانونی یەكەمی 2022 ئەنجامداوە.
ئەوەشهاتووە، لە ماوەی پێشودا كۆمپانیای بەرهەمە نەوتیەكانی كەركوك دوو ملیۆن و 610 هەزار و 410 لیتر نەوتی بەسەر خێزانە ئاوارەكان دابەشكردوە و پەنجە مۆری سەرجەمیشیان وەرگیراوە، لە كاتی ئەنجامدانی پشكنینی وردبینی لەلایەن تیمەكەوە، تێبینی ئەوە كراوە كە پەنجەمۆری هاوشێوە هەبوە بەهۆی دەستكاریكردن و ساختەكردنەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تیمەكەی دەستەی دەستپاكی كە چونەتە بەشی كۆچ و كۆچبەران لە كەركوك بۆ مەبەستی هاوتاكردنی ئەو ناوانەی لە لیستەكانی وەرگرتنی نەوتدا هاتون، دەركەوتوە زۆربەی ئەو ناوانەی لە لیستەكەدا هاتون ناوی وەهمین و لە لیستی ئاوارەكانی كەركوكدا بونیان نیە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەكەی دەستەی دەستپاكی، سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتیەكانی كەركوك بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ئەحكامەكانی ماددەی 331 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەجێ لەدوای لێكۆڵینەوەكان دەستگیركران، لە ئێستاشدا بەكەفالەتی بڕی 10 ملیۆن دینار بۆ هەریەكەیان تا رۆژی دادگاییكردنیان ئازادكراون.