دۆسیەی سوتانی بینای شارەوانی هەڵەبجە بەنادیاری ماوەتەوە

پۆڵەتیك پرێس

مانگێك بەسەر رووداوی سوتانی بینای سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجەدا تێپەڕی، بەڵام هێشتا لێكۆڵینەوەكان لەبارەی چۆنیەتی رووداوەكەوە یەكلایی نەبوونەتەوەو حكومەتیش هیچ بودجەیەكی بۆ نۆژەنكردنەوەی بیناكە تەرخان نەكردووە.

شەوی 21 لەسەر 22ی مانگی رابردو، هاوشێوەی زۆرێك لە شارو شارۆچەكانی دیكەی هەرێم، بەشێك لە دانیشتوانی هەڵەبجە بەهۆی نەبوونی موووچەو خراپی خزمەتگوزارییەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

 

حكومەت هیچ بودجەیەكی بۆ نۆژەنكردنەوەی بیناكە تەرخان نەكردووە

بەڵام دواتر خۆپیشاندانەكە بەرەو توندوتیژی ئاڕاستەی گرتوو بینای چەند دامەزراوەیەكی حكومی شارەكە سوتێنران، یەكێك لەوانەش بینای سەرۆكایەتی شارەوانی بوو، كە دەوترێت بەهۆی ئەو رووداوەوە ژووری دۆسییەكان سوتاون و زیانی زۆر بەبیناكە گەشتووە.

هەرچەندە هەر دوای رووداوەكە لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهێنراو چەند كەسێكیش دەستگیركرا، بەڵام هێشتا چۆنیەتی رووداوەكەو قەبارەی زیانەكانی بەفەرمی بۆ رایگشتی رانەگەیەنراوە.

هاوكات تائێستا حكومەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەكی بۆ نۆژەنكردنەوەی بیناكە تەرخان نەكردووەو وەك پێویست دەوامی تێدا ناكرێت.

كوێستان ئەكرەم سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەهۆی رۆتینیاتی كارگێڕی تائێستا هیچ بودجەیەك بۆ نۆژەنكردنەوەی بینای شارەوانی هەڵەبجە نەگەشتووەتە دەستیان، بەڵام رەنگە هەفتەی داهاتوو پارەیان بۆ دابین بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ناتوانن بڕی زەرەرو زیانەكان دیاریبكەن، داوایان لە وەزارەتەكانی شارەوانی و دارایی كردووە بەمەبەستی نۆژەنكردنەوەی بیناكەیان رەزامەندی لەسەر بودجەی پێویست دەرببڕن.

بەهۆی ئەوەی لە رووداوەكەدا ژووری دۆسییەكان سوتاون، ئەوەش گرفتی زۆری بۆ رایكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان دروستكردووە، چونكە دۆسیەكان لەبەردەست نین بەوهۆیەشەوە سستیەكی زۆر لە بەڕێوەچوونی كارەكانی شارەوانی هەڵەبجەدا هەیە.

 

گرفتی زۆر بۆ هاوڵاتیان دروست بووە، چونكە دۆسیەكان لەبەردەست نین بەوهۆیەشەوە سستیەكی زۆر لە بەڕێوەچوونی كارەكاندا هەیە

لەلایەكی دیكەوە بەهۆی ئەوەی زۆرترین زیان بەر ژووری دۆسییەكان كەوت ئەو رووداوە جۆرێك لە گومانی لای هاوڵاتیان دروستكرد بەوەی گوایە بە “ئەنقەست” بینای شارەوانی سوتێنراوە، تاوەكو هەندێك دۆسیەی تایبەت لەناو ببرێت كە دەوترێت هەندێك بەرپرس بەهۆیانەوە تۆمەتی گەندەڵیان دراوەتە پاڵ و رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە.

لەو بارەیەوە سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە وتی، “ئەگەر بەوشێوەیەش بێت ئەوا بەشێوەیەكی نەزانانە بووە، چونكە ئێمە تاكە لایەنی سەربەخۆ و دەست رۆیشتوو نین بۆ رایكردنی هیچ جۆرە مامەڵەیەك، بەڵكو پەیوەندی تەواومان هەیە لەگەڵ دادگا و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵ و بەشی زەوی و زار تاپۆ و لایەنەپەیوەندیدارەكانی تر واتە دۆسیەكان لە فەرمانگەی دیكەش هەن”.

لەلایەكی دیكەوە چەند رۆژێك دوای رووداوەكە چەند كەسێك بەتۆمەتی سوتانی بینای شارەوانی هەڵەبجە دەسگیركران، پۆڵەتیك پرێس پەیوەندی بە موقەدەم بەرزان عوسمان وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجەوە كرد، ناوبراو ریگەیاند دۆسیەی ئەو رووداوانەی شەوی 21-22 ی مانگی ئابی رابردوو چوونەتە لای ئاسایش و ئەوان لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن.

پۆڵەتیك پرێس پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوورەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوون لەسەر ئەو بابەتە هیچ زانیاریەك ئاشكرا بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا