پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دوای دەركردنی ڕێنماییەكانی دبلۆمی باڵای یەك ساڵەی ئەكادیمی، ماستەر و دكتۆرا، كۆبونەوەیەك بۆ تاوتوێكردنی پلانەكانی خوێندن، كە لەلایەن زانكۆكانەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا نێردراوە گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
رۆژی پێنجشەمە ڕێكەوتی 15_12_2022 بە سەرپەرشتی د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونی بریكاری وەزارەت و ڕاوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی، كۆبونەوەیەكی تایبەت بۆ تاوتوێكردنی پلانەكانی ماستەر و دكتۆرا و دبلۆمی باڵا بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دوپاتیكردەوە پلان و كارنامەی كاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەیە باشتر زانكۆكان خۆیان بۆ پەرەپێدانی سێكتەری خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان ئامادە بكەن و هەوڵ بدرێت بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆكان كاروانی پێشكەوتن و پێشخستنی ئاستی زانكۆكانی كوردستان لەسەر نەخشەی ئەكادیمی جیهانی باشتر بەدەر بكەوێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا قۆناغەكانی دەستپێكردنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) تاوتوێكرا، بۆ ئەمەش وەزیری خوێندنی باڵا ئامادەبوانی ڕاسپارد بەو پەڕی لێپرسراویەتی كار بكەن بۆ چەسپاندنی بنەماكانی دادپەروەری و یەكسانی و شەفافەیەت و بێ لایەنی لە پرۆسەكەدا بەشێوەیەك بتوانین دەستەبەری ڕەخساندنی زۆرترین و باشترین دەرفەت بۆ كوڕان و كچانی وڵاتی خۆمان بكەین.
لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا پێداچونەوە بكرێت بە پلانی هەریەك لە زانكۆكان و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ستافی ئەكادیمی هەریەك لە زانكۆكان بۆ كردنەوەی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا، هەروەك جەختیش كرایەوە پێویستە ئەو پرۆپۆزەڵانەی بۆ خوێندنی باڵا پێشكەش دەكرێت ئەولەویەت بدرێت بە كێشە و گرفتەكانی كە ئەمرۆ لە واقعی كۆمەڵگە و سێكتەرە جیاوازەكاندا هەستی پێدەكرێت.