راگەیەندراوێك لە تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەی ناردنی 400 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ مانگەكانی 11 و 12 ی 2022 بۆ هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە : ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بریاریدا لەسەر خەرجكردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای برگەی 23/ج لە رێككەوتنی سیاسیی لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەتی عێراق كە زۆربەی لایەنە سیاسیەكان ئیمزایان لەسەر كرد و بە ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەتییەك بەناوی ئیدارەی دەوڵەت و رێككەوتنەكە بووە كارنامەی كابینەی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی و متمانەی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا و لە ئێستادا بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە كەوتوونەتە بواری جێبەجێ كردنەوە و لەناویاندا پرسی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2022.

باس لەوەشكراوە، هەر دەستكەوتێك بۆ گەلەكەمان بێت، جێی شانازیی و پێزانینی زۆرە لەلای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئیدی هەركەس ولایەنێك بەئەنجامی گەیاندبێت، و تیمە وەزارییەكەی یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، هەمیشە داكۆكیكردن لە مافی هاوڵاتیان بە ئەركی لەپێشینەی خۆی زانیوە، بۆیە بە گەرمی پێشوازی لە بڕیاری ناردنی 400 ملیار بۆ هەرێمی كوردستان دەكەین.

هەر بۆیە تیمی یەكێتی لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە پێویستی زانی هەندێك زانیاری دروست بڵاو بكاتەوە:

‎یەكەم:

‎شاندی دانووستانی حكومەتی هەرێم كە ئێستا لەبەغدادە، بە بریاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێكهاتووە، وگەڕی یەكەمی دانووستانەكان بۆ ماوەی یەك هەفتە بە سەرۆكایەتی دكتۆر دارا رەشید وەزیری پلاندانان وئەندامیەتی دكتۆر ئامانج رەحیمی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانە كە هەردووكیان لە تیمی یەكێتییە لەگەڵ بەڕێزەكانی تری وەفدەكە.

دووەم:

ئەم 400 ملیارە لەسەر بنەمای رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتە كە حكومەتی عێراقییان پێك هێنا بەسەرۆكایەتی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی، بۆ وەبیرهێنانەوەش هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە چەند ڕۆژی رابردوو لەماڵی سەرۆك مام جەلال لە بەغداد كۆبوونەوە.

‎سێیەم:

‎دیاری كردنی بڕی 400 ملیارەكەش بۆ مانگی 11 و 12ی 2022 ، لەسەر بنەمای یاسای بودجەی 2021 بووە كە ئەوكات شاندی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ حكومەت و پەرلەمانی عێراق رێككەوتن و لە یاسای بودجەی ئەو ساڵە جێگیر كرا و ئێستاش لەسەر ئەو بنەمایە ئەو پارەیە دیاری كرا لە رێككەوتنی لایەنەكانی ئیدارەی دەوڵەت و دواتر حكومەتی عێراقی خستییە بواری جێبەجێ كردنەوە وەك هەموو بڕگەكانیتری رێككەوتنەكە.

‎لە كۆتاییدا دووپاتی دەكەینەوە كە؛ مایەی دڵخۆشی ئێمە و دەستخۆشییەكی زۆرە بۆ حكومەتی فیدراڵ و هەموو ئەو كەسانەی بەشدار بوون لە دەرچواندنی ئەم بڕیارە راست و درووستە، بەڵام كارێكی ناڕەوایە بكرێتە دەستكەوتی تاكە كەس و لەم بابەتانەش وەك هەمیشە تاكڕەوەی بچەسپێندرێت بە پەراوێزخستنی راستییەكان.

‎ ئێمە بەتوندی راگەیەندراوەكە كە بە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاو كراوەتەوە دەربارەی 400 ملیار دینارەكە رەت دەكەینەوە، چونكە ئەوەی باس كراوە لەو راگەیەندراوە بێڕێزیە بەرامبەر تیمەكەمان. ئێمە وەك بەشێكی سەرەكی ئەم حكومەتە رایدەگەیێنین كە؛ بە هیچ شێوەیەك ئەوە راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیە، بەڵكو دووبارە تەعبیركردنە لە ڕای یەك حزبی ناو حكومەت. هەر ئەو جۆرە تاكڕەویەشە كە ئێمەی نیگەران كردووە و وای لێ كردووین هەڵوێستمان هەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا