پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بۆنەی گیان لەدەستدانی ئاكام عومەر فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: درود و سڵاو بۆ رۆحی فەرماندە ئاكام دەنێرم و بەڵێن بە جوامێرییەكەی دەدەم تاوەكو دوا هەناسە پێشمەرگەیەكی گیانلەسەردەستی كوردستانەكەم دەبم. گیان و ژیانی خەڵكەكەمان دەپارێزین و رۆحی ئەو برا تێكۆشەرەمان شاد دەكەین.
دەقی پەیامەكە:
ماڵئاوایی ئاكام عومەر، برا، هاوڕێ و فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان برینێكی گەورەی خستە دڵمانەوە، برینێك كە دڵنیام بەمزووانە ساڕێژ نابێت و لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەكاندا قووڵتر دەبێتەوە.
ئەمڕۆ كە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو فەرماندە قارەمانە رادەگەیەنین، ناتوانین بیر لە هەموو ئەو جەربەزەیی و قارەمانێتییە نەكەینەوە كە لەو برا دڵسۆز و تێكۆشەرەمدا هەبوو. ئەو لە سەرەتاوە خۆی بە كوردستان و خەڵكەكەی بەخشیبوو، ژیانی ئەو هەوڵ و قوربانیدانێكی بەردەوامبوو لەپێناو سەرفرازیی كوردستان و هاوخوێنەكانی. ئەو لەگەڵ خۆی و كوردستاندا راستگۆ بوو، سەرباری ئەوەی چەندین جار لە رووبەڕووبوونەوەكاندا برینداركرابوو، بەڵام هێشتا وەك شاخەكانی كوردستان بە پێوە وەستابوو و بەو رۆحییەتە خۆڕاگری و خۆنەویستییەی خۆیەوە دەیویست پارێزەری ژیانی خەڵكەكەی بێت.
گەڕانەوەمان بۆ رابردووی نزیك و جەنگ دژی داعش، ئەو راستییە دەسەلمێنن ئەوەی فەرماندە ئاكام و هێزە تۆكمەكەی بە دوژمنیان كرد، مێژوو بە شانازییەوە دەینووسێتەوە. یار و نەیار دەیانزانی ئەو هەڵۆی بەرزەفڕە، چیایەكە لە ورە و داستانێكە نانووسرێتەوە.
باش ئەو راستییە دەزانین ئەو بۆشاییەی فەرماندە ئاكام دروستیكرد بە ئاسانی پڕنابێتەوە، بەڵام لەوەش دڵنیاین ئەو هێزەی دروستیكردبوو بەهیچ رەشەبایەك نانووشتێتەوە، ئێستا ئەوان هەموویان بە هەمان رۆحییەت و لەپێناو ئەو بەها باڵایانەی فەرماندەكەیان بەرگری لێدەكرد، مێژوو بە خوێنی خۆیان دەنووسنەوە، كە ئەمەش لوتكەی وەفاداری و قوربانیدانە.
درود و سڵاو بۆ رۆحی فەرماندە ئاكام دەنێرم و بەڵێن بە جوامێرییەكەی دەدەم تاوەكو دوا هەناسە پێشمەرگەیەكی گیانلەسەردەستی كوردستانەكەم دەبم. گیان و ژیانی خەڵكەكەمان دەپارێزین و رۆحی ئەو برا تێكۆشەرەمان شاد دەكەین.
لە قوڵایی دڵمەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەكەم و بەڵێنیان پێدەدەم یاد و یادەوەری شەهید ئاكام دەكەینە چرای رێگاكەمان و ئەو خوێنەی بە كوردستانی بەخشی، تۆڵەی دەكەینەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان