لەسەر كتێبەكەی مەلا بەختیار

كتێبی لە بری بیرەوەری مەلابەختیارم خوێندەوە، وەك پێشمەرگەیەكی شۆرشی نوێ، ئاگاداری بەشێك لەو روداوانەم كە مەلابەختیار دەیانگێرێتەوە، ئاگادارم كە ململانێییەكی توندی ئایدۆلۆژی و سیاسی لەسەر كوردایەتی و دەسەڵات، لە نێوان كاك نەوشیروان و مەلابەختیاردا هەبوو، ململانێكەی ئەو كاتە بە سەركوتكردنی مەلا بەختیار و بە سەركەوتنی كاك نەوشیروان كۆتاییهات.

لە بری بیرەوەریدا، مەلا بەختیار خۆی و هاورێكانی( كۆمیتەی هەرێمەكان) بەزوڵملێكراو دەزانێت و داكۆكی لە خۆیان دەكات، وەڵامی كتێبەكەی ئیبراهیم جەلال و كتێبەكانی نەوشیروان مستەفا و هەڵویستەكانی مام جەلال و هەڵوێستی بەرپرسەكانی تر دەداتەوە كە دژی وەستاونەتەوە، لەكاتی خۆپاراستندا، مەلا بەختیار هەندێك لاپەرەی لەسەر بارودۆخی ناوخۆیی ئەو سەردەمەی یەكێتی و ژیانی سیاسی بەرپرسەكان هەڵداوەتەوە.

بە لای منەوە سروشتییە مەلا بەختیار بیرەوەری خۆی بنوسێت و داكۆكی لە خۆی بكات و وەڵامی ركەبەرەكانی بداتەوە، ئەوەی بە لای منەوە سروشتی نییە و دژە دیموكراتیە، ئەو ئاگرگرتنەی گۆرانخوازنە كە بە هەموو شێوەیەك پەلاماری مەلابەختیار دەدەن و كوێرانە داكۆكی لە كاك نەوشیروان دەكەن.

ئەم گۆرانخوازانە بە یەك چاو سەیری كاك نەوشیروانی سەردەمی یەكێتی و شاخ و كاك نەوشیروانی سەردەمی گۆڕان دەكەن، نازانن كاك نەوشیروان لەسەردەمی یەكێتی و شاخدا خاوەنی كۆمەڵێ سفاتی سیاسی بووە لەو سفاتە سیاسیانەی سەردەمی گۆڕان جیاوازبووە.

ئەو سفاتە سیاسیانەی سەردەمی یەكێتی كاك نەوشیروان، بە دڵی مەلا بەختیار و هاورێكانی نەبووە و تا ئێستەش دژی وەستاونەتەوە، بەڵام بە دڵی هەزاران بەرپرس و كادری تری یەكێتی بووە و تا ئێستەش داكۆكی لێدەكەن.

من بەو گۆرانخوازانە دەڵێم ئێوە هەڵەن، ئەوەی ئێستە مەلا بەختیار لە كتێبەكەیدا لەسەر كاك نەوشیروان باسیكردوە، كاتی خۆشی هەمووی بە كاك نەوشیروان وتوە و كاك نەوشیروانیش وەڵامی داوەتەوە.بۆ نمونە لە كۆنفرانسی سێی كۆمەڵەدا، مەلا بەختیار بە كاك نەوشیروانی وت بۆچی لە شەری قرناقە و پشتئاشاندا دیلەكانی حزبی شیوعیتان كوشت؟ كاك نەوشیروان وەڵامی دایەوە و وتی: یەكێك لە پێوانەكانی سەركەوتن بەسەر دوژمندا لە شەردا، ئەوەیە كە چەند كەس لە دوژمنەكەت دەكوژی.

لە پەلامارەكانیاندا دژی مەلا بەختیار، گۆرانخوازان دەیانەوێت بە جەماوەری یەكێتیش بڵێن، مەلابەختیار لە رابوردودا لە یەكیتی جیابۆتەوە و زیانی بە یەكێتی گەیاندووە، بەم كتێبەشی خەباتی یەكێتی لەبەر چاوی خەڵك رەشكردوە.

منیش دەڵێم جیابونەوەكەی مەلا بەختیار هێندە زیانی بە یەكێتی نەگەیاند، لەبەر ئەوەی مەلا بەختیار لە جیابونەوەدا سەركەوتو نەبوو، لە جیابونەوەكە پەشیمانبوەو گەرایەوە بۆ ناو یەكێتی، بەڵام جیابونەوەی كاك نەوشیروان لە یەكێتی، سەركەوتو بوو، تا دێت گۆرانخوازان لە یەكیتی دوردەكەونەوە و لە پارتی نزیكدەبنەوە، تا ئێستە بیریان لە گەرانەوە بۆ ناو یەكیتی نەكردۆتەوە، بۆیە دەتوانم بڵیم گۆران زیانی زۆری بە یەكێتی گەیاند، یەكێتی كردە حزبی دوەمی هەرێمی كوردستان.

جیابونەوە لە یەكێتی و رەخنەكردنی خەباتی یەكێتی و رەشكردنی خەباتی یەكێتی، تەنها خەتای مەلا بەختیار و كاك نەوشیروان نییە، ئەوە سیستەمی سیاسی و رێكخستنی یەكێتیە كە زەمینەی ئەو جیابونەوانە خۆشدەكات.

فایق گوڵپی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا