سەرەڕۆیی ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و ئایندەی چاوەڕوانكراو!

لەباشوری كورستان ڕەوتێكی ئیسلامی هێرشبەر، خەریكە دیمەنی گشتی كۆمەڵگای كوردی داگیر دەكات.

هەڕەشە بۆ سەر چالاكوانانی ژن، لایەنگرانی مافە جێندەرییەكان، رۆشنبیران و ئەكادیمستەكان، گەیشتووەتە ئاستێكی ترسناك. ئێستا لە ژێر ناوی خوداناسیندا، تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان پڕ بوون لە جنێوفرۆش.

ئەم دۆخە تەنها بەرهەمی شكستی ئەزموونی دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەكێتی نییە، بەڵكو بەرهەمی كاركردنی حیزبە ئیسلامییەكانیشە، كە ساڵەهایە بە شێواز و بەرنامەی جیاواز، لە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵاگی كوردیدان.

لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، لەگەرمەی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەكێتی و خراپی گوزەرانی خەڵك، ئیسلامییەكان بە پارەی سعودیە، لە ڕێگەی بەخشینی ماڵی، هانی خێزانە هەژارەكانیان دەدا، حیجاب لەسەر كچەكانیان بنێن.

هەر لەو ساڵانەدا، لە شارە گەورەكان، گروپی تایبەتیان پێكهێنابوو، كە من ناوی دەنێم “كروپی هو ها”
ئەركی گرووپەكانی هوها، لە بازاڕەكان، فشارهێنان بوو بۆ هەر كچێك، هەر ژنێك، هەر خێزانێك، كە بە بەرگی تەواو دانەپۆشراوەوە دەربكەون. بۆ نموونە ئەگەر كچێك قۆڵی ڕووت بوایە، بەس بوو بۆ ئەوەی گەشتێكی ئاسایی بازاڕی لێ بكەن بە دۆزەخ!

بەشداری حیزبە ئیسلامییەكان لە شەڕی ناوخۆی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، جارێك لەگەڵ پارتی دژی یەكێتی و جارێك دژی پارتی و جارێكیش دژی حیزبی شیوعی، هەمانكات تیرۆركردنی چەندین چالاكوان و كادیری كۆمۆنۆسیتی، نموونەی فەرهاد فەرەج لە سلێمانی و شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل لە هەولێر، تا دەگاتە تاوانەكانی ئەنساری ئیسلام، بەشێكن لە مێژووی ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی كوردستان. هەركاتێكیش هەستیان بە لاوازی كردبێت، لە خوێنی سەركردە و بەرپرسەكانی خۆیان خۆش بوون و لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە یێدەنگیان هەڵبژاردووە.

ساڵی ٢٠١٤ كاتێك داعش جینوسایدی ئێزیدییەكانی كرد، تەنانەت یەك حیزبی ئیسلامی لە كوردستان، دانی بە بێبەری داعش لە ئیسلام نەنا!

ئیسلامییەكانی كوردستان، لە زۆرێك لە لێدوان و نوسینیەكانیاندا، جەخت دەكەنەوە، كە زۆرینەی كۆمەڵگای كوردی باشور موسوڵمانن. كەچی هەمان ئەو حیزبە ئیسلامییانە، لە مێژووی سی و دووساڵەی باشووری كوردستان، هەرگیز نەیانتوانییوە ببنە ژمارەیەكی كایگەر، هاوشێوەی پارتی و یەكێتی، چەند توانیبێتیان، ساختەكاریان لە هەڵبژاردنەكاندا كردووە، بەڵام هەرگیز نەیانتوانییوە، ببنە جێی متمانەی زۆرینەی دەنگدەران.

چیرۆكی ئیخوانەكان لە میسر و تونس ڕاستییەكی ئەزموونكراومان بۆ ئاشكرا دەكەن. ئەوان لەسەرەتاوە بە ناوی خزمەتی چینە هەژارەكان و پاراستنی و داب و نەریتی گشتی دەست پێدەكەن، بەڵام كاتێك دەسەڵاتیان گرتە دەست، كۆمەڵگا بەسەر دوو بەرەی دژبەیەكدا دابەش دەكەن، بەرەی ئیسلامی سیاسی و بەرەی دژەئیسلامی سیاسی. ئەوكات هەردوو بەرە دەكەونە دۆخی كار و كاردانەوە دژی یەكتر.

ئەوەی لە ئێستادا لە باشووری كوردستان دەگوزەرێت، هەمان دۆخی كار و كاردانەوەیە، كە تا ئاستێكی زۆر ئیسلامییەكان لێی بەرپرسن. بەشێك لە بانگخوازەكان، بەمەبستی لێدان لە ڕۆشنبیران و چالاكوانان، بەئاشكرا پەنا بۆ بوختان و چیرۆكی درووستكراو و ساختەكردنی زانستی سەلمێنراو دەبەن، ئەو بەشە لە بانگخوازان، تەنانەت لەەگەڵ شوێنكەوتووەكانی خۆشیاندا ڕاستگۆ نین.
یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی فراوانبوونی دیاردەی ئیسلامی سیاسی لە هەرێم، شكستی ئەزموونی دەسەڵاتی پارتیی و یەكێتییە، هەمانكات درووستبوونی بۆشاییەكی سیاسییە لەهەرێمی كوردستان، كە ئیسلامییەكان هان دەدات بۆ پڕیبكەنەوەی!
ئەم پرسە ڕەنگە دیوێكی سایكۆلۆجیشی هەبێت، بەو ئەرگومێنتەی كە جمهوری ئیسلامی لە دواقۆناغەكانی تەمەنی خۆیدایە! ڕووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، خۆبەخۆ فشارێكی دەروونی گەورە لەسەر حیزبە ئیسلامییەكان درووست دەكات، بەجۆڕیك تا جمهوری ئیسلامی ئێران لە دواڕۆژەكانی خۆی نزیكبێتەوە، ئیسلامییەكانی كوردستان، زیاتر هەست بە نا ئارامی و مەترسی دەكەن!

شوان حەمە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا