یەكگرتووی ئیسلامی: حكومڕانی لە كوردستان فەشەلی هێناوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، نیگەرانە لەو ململانێ سیاسیەی لە كوردستاندا هەیە و پێیوایە، لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا دابڕانێكی زۆر هەیەو ململانێكە ناشەریفانە و ناتەندروستانەیە.

مستەفا عەبدوڵڵا، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە میانەی دیدارێكیدا لە گەڵ كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستان، كە شەوی هەینی بڵاودەبێتەوە رایگەیاند: هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە كوردستاندا لە بری ململانێ دژایەتی و یەكتر شكاندن هەیە، ئەمەش كاریگەری لە سەر هاوڵاتیان هەیەو وایكردووە خەڵك نائومێدو دوو دڵە و ئایندەیەكی گەش نابینن.

وتیشی: جگە لە حزبەكانی دەسەڵات، حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیش، یەك وتارو یەك هەڵوێست نین و هەندێجار كورت بینن و سواری شەپۆلی ناڕەزایی دەبن، بیرمان نەچێت، سیاسەت بە چەواشكاری و موزایەدە سەركەوتوو نابێت.

پێشیوایە، نابێت ئۆپۆزسیۆن وەك دوژمن سەیری ئەزموونی كوردستان بكات، چونكە ئەم ئەزموونە هی هەموو خەڵكی كوردستانە، بەری ڕەنجی خوێنی شەهیدان و پێشمەرگەو قوربانیدانەكانمانە، دەبێت كار بۆ چاككردنی بكرێت نەك لەناوبردنی.

ئاماژەی بەوەشدا نەبوونی دەستوور وایكردووە، سنووری كاركردنی حزبەكان دیار نەبێت و حزبە دەسەڵاتدارەكانیش نایانەوێت دەستوور هەبێت، تا بە ئارەزووی خۆیان حكومڕانی بكەن و هەموو دەسەڵاتەكان، تێكەڵ بكرێت و چۆنیان بووێت ئەوها حكومڕانی بكەن، چونكە سیستمی حكومڕانی لە كوردستان نە پەرلەمانییە و نە سەرۆكایەتییەو نەچوارچێوەی هەیە”

سەبارەت بە حكومڕانی لە كوردستاندا وتی:” حكومڕانی لە كوردستان فەشەلی هێناوە، حكومەت كاری لە بەر ناڕوات و رۆتینات لە كارەكانیدا زاڵە، قۆرخكاری كاریگەری لە سەر كارەكان هەیە.

روونیشیكردەوە، بۆ ئەوەی خزمەتی هاوڵاتیان بكرێت، دەبێت پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان دەستكراوەبن و دەسەڵاتیان هەبێت، دەبێت كۆتایی بەم دوو زۆنی و دوو ئیداری و دوو پێشمەرگایەتی و دوو هێزی چەكدارییە بهێنرێت و یەك حكومەتی سەرتاسەری لە كوردستاندا هەبێت كە دەسەڵاتی لە هەولێرو هەڵەبجە وەك یەك بێت و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش بە یەكسانی لە هەموو شارەكانی كوردستان جێبەجێ بكات.

سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی، مستەفا عەبدوڵا نیگەرانی حزبەكەی نەشاردەوەو وتی: جاران لایەنە ئەمنییەكەی كوردستان جێی شانازی بوو، بەڵام ئێستا هەموو كەسێك لە كوردستان هەست بە ترس دەكات.

سەبارەت بە كەیسی تیرۆركردنی زانای ئاینی و مامۆستای زانكۆ، د.هوشیار ئیسماعیل لە ساڵی2016 لە ماڵەكەی خۆی لە هەولێر تیرۆركرا، وتی:” بەناهەق شەهیدكرا، تا ئێستا بكوژەكانی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ نەكراوە، گەر بیانویستایە، ئێستا بكوژەكانی ئیعدام كرابوون، ئەمەش یەكگرتووی نیگەران كردووە”.

ئاماژەی بەوەشدا، تەداخولاتی یەكێتی و پارتی لە دەزگا ئەمنییەكانی یەكتری هەڵەیە و بەخێر ناشكێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا