پەرلەمانتارێكی یەكێتی وەڵامی هێمن هەورامی دەداتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی وەڵامی هێمن هەورامی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت حكومەت گەمارۆیەكی ناشەریفانەی سلێمانی دەدات و نە پارە دەنێرێت و نە ڕێگە بە تەواو بوونی پڕۆژەكانی دەدات، لە كاتێكدا زیاتر لە ترلیۆنێك دۆلار داهاتی هەرێمە و ئەم پارانە دیزە بەدەرخۆنە دەكرێن؛ تەنانەت داهاتی حانوتی خوێندنگەكانیش دەچێتەوە بۆ هەولێر، نەك هەر پارە لە هەولێرەوە نایەت.

دەقی وەڵامەكەی كاروان گەزنەیی:

وەڵام و تەحەددایەك بۆ وتە و ژمارە پڕ لە چەواشەكارییەكانی جێگری سەرۆكی پەرلەمان

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی، لە كەناڵی حزبەكەیەوە چەند داتا و ڕەقەمێكی بڵاوكردووەتەوە، كە پێویستە ڵێرە بە شێوەیەكی ئەكادمی بۆی ڕاستبكرێتەوە و وەڵامی بدرێتەوە!

یەكەم: باس لەوە دەكەن كە مانگانە (356) ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی دەنێردرێت.

– مانگانە لە فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان كە زیاترە لە یەك ملیار و دوو سەد ملیۆن دۆلار، تەنها 187 ملیۆن دۆلار دەنێرێتە سلێمانی، كە دەكاتە (280) ملیار دینار. واتا مانگانە سلێمانی عجزێكی تەراكومی هەیە كە زیاتر لە (50) ملیار دینار بەهۆی نەناردنی پارە لە حكومەتەوە.

دووەم: باس لەوە دەكەن كە لە كابینەی نۆ ، بڕی (16) ترلیۆن دینار لە كۆی (40) ترلیۆن دینار بۆ سلێمانی خەرجكراوە.

– لەم پارەیەی باس دەكرێت بۆ پڕۆژەكانی سلێمانی خەرجكرابێت، یەك دیناریش خەرج نەكراوە. سەرۆكی حكومەت هەموو جارێك كە بڕیاری پارە خەرجكردنی داوە، لەسەر بودجەی سلێمانی بووە كە هیچ پارەیەك نەبووە و پێشتر تەمویلی مووچەی پێكراوە.

– نمونە، هەموو پڕۆژەكانی ئەم پارێزگایە بە هۆی نەبوونی بودجەوە وەستاون، لە ناویاندا دووسایدی ڕانیە سلێمانی، و كەلار و سەد مەتری و تەواوی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی دیكە، كە نزیكن لە (2000) پڕۆژە.

سێیەم: لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، بەو پەڕی تەحەدداوە دەنووسم، كە ئیدارەی سلێمانی زیاتر لە یەك ترلیۆن دیناری داوە بە مووچەی ئەو پارێزگایە لەبەر ئەوەی حكومەت نەیناردووە، و دەبوو ئەم پارەیە بۆ پڕۆژەكان خەرجبكرێت.

چوارەم: باس لە چاكسازییەكانی حكومەت دەكرێت، كام چاكسازی ئەوانەی كە لە دوای چاكسازی داهاتی نەوت بەوتەی خۆیان (100) ملیۆن دۆلار كەمیكرد؟ یان ئەو چاكسازییە كە لە مووچەكرا، كە پێشتر (850) ملیار بوو و لەگەڵ چاكسازی بوو بە (900) ملیار دینار.

پێنجەم: حكومەت گەمارۆیەكی ناشەریفانەی سلێمانی دەدات و نە پارە دەنێرێت و نە ڕێگە بە تەواو بوونی پڕۆژەكانی دەدات، لە كاتێكدا زیاتر لە ترلیۆنێك دۆلار داهاتی هەرێمە و ئەم پارانە دیزە بەدەرخۆنە دەكرێن؛ تەنانەت داهاتی حانوتی خوێندنگەكانیش دەچێتەوە بۆ هەولێر، نەك هەر پارە لە هەولێرەوە نایەت.

شەشەم: هەموو كەسێك وا قسەی بكردایە، نەدەبوو جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەم شێوەیە قسە بكات چونكە جەنابیان باش دەزانن ئێمە داوای دانیشتنی پەرلەمانمان كردووە لەسەر پرسی سلێمانی و جەنابیان ڕێگرن لێی. هاوكات، دەبوو خۆی لیژنەیەك ڕابسپێرێت، لانیكەم لیژنەی دارایی كە دەسەڵاتی خۆیەتی بە پێڕەو، بۆ ئەوەی ئەو ژمارانەی بۆ ڕاستبكەنەوە و نەكەوێتە ئەم هەڵەیەوە.

لەكۆتایدا دەڵێم، دەبوو لە بری پەلە كردن و هەڵەداوان بۆ فڕێدانی چەند ژمارەیەكی چەواشەكاری، تەئكیدی زانیارییەكانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران بكردایەتەوە چونكە بەرپرسیارە لە بەردەم دادگای خودا و خەڵكدا بۆ كۆمەڵێك چەواشەكاری و بەشێكە لە نەخشەی برسیكردنی خەڵكی كوردستان!

لێرەشەوە تەحەددای جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەكەم، ئەگەر هەر سوورن لەسەر ژمارە ناڕاستەكانییان، هەر كەناڵێك خۆیان ئیختیاری دەكەن بۆ هەر كاتێك با دیبەیتێك ساز بكەین لەسەر كۆی ئەم پرسانە و دوای بینینی بەڵگەكانیش با خەڵكی كوردستان بڕیار بدات.

تێبینی: قسەكانی زۆری ماوە و هەمووی بە بەڵگەوە وەڵام دەدەمەوە؛ ئەگەر تەحەدداكەشم قوبوڵكرا، دەیبەینە دیبەیتەكە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا