زیاد جەبار: پێویستە حكومەت بە یاسا پلەی فەرمانبەران بەرزبكاتەوە نەك بە رێنمایی

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هەر بڕیار و رێنماییەك لەلایەن حكومەتەوە دەربچێت بە مەبەستی پلە بەرزكردنەوە و رێكخستنی راژەی خزمەتی فەرمانبەران لە دەرەوەی یاسا بەركارەكان، بە نایاسایی دەزانین و داوامانكردووە حكومەتی هەرێم كار بە یاسا بەركارەكان بكات تایبەت بەو دوو بابەتە نەك بڕیار و رێنمایی.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لەبارەی هەردوو بابەتی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و ڕاژەی خزمەتی فەرمانبەران سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان راو بۆچوونی لیژنەی دارایی دەویست ئێمەش خاڵ بە خاڵ سەرەنجی خۆمان لەسەر بڕیارەكەی ئەنجومەنی راژە دەربارەی ئەو دوو بابەتە خستەڕوو.

زیاد جەبار وتی: ئێمە چاوەڕێی ئەوەبووین حكومەتی هەرێم پرۆژە یاسای بودجەی 2023 رەوانەی پەرلەمان بكات، بۆیە گومانمان هەیە بڕیارو رێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیران كە لە رێگای ئەنجومەنی راژەوە دەری كردوون تایبەت بە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و خزمەتی راژەی فەرمانبەران، بۆ جێگرەوەی بودجەیە كە نابێت بۆ جێگرەوەی پرۆژە یاسای بودجەبێت، چونكە بەداخەوە ئەوە ماوەی نۆ ساڵە لە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەمان نیە.

وتیشی: لەرێی ئەو نووسراوەی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان كردووە ، داوامان كردووە هەموو ئەو یاسایانەی كەهەن بۆ رێكخستنی پلە بەرزكردنەوەو راژەی فەرمانبەران جێبەجێبكرێن هەر بڕیار و رێنماییەك لە دەرەوەی ئەو یاسایانەبێت ئێمە بە نایاسایی دەزانین.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک