بافڵ جەلال تاڵەبانی: حكومەت خۆی دۆسیە دژی گەندەڵكاران دەكاتەوە و خۆشی لە گۆڕین دەیانپارێزێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكی یەكێتی باس لە تێكچوونی هاوكێشە سیاسییەكان لەناو كوردستان و كاریگەرییەكەیان لەسەر گەشەسەندنی كەرتی غاز و دانوستانەكان دەكات لەگەڵ بەغدا لەسەر سێكتەری نەوت دەكات.

بەغدا – كەمن ژمارەی ئەو كەسانەی كە هاوشێوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی گرنگن بۆ گەشەسەندنی سێكتەری غاز، چونكە ئەو سەرۆكە لە پارێزگای سلێمانی دەسەڵاتدارە كە زۆرینەی كێڵگە غازییەكانی تێدا هەڵكەوتوون.

هاوكات بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ئێستادا چەقی ململانێ سیاسییەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانە. ئەمە بە زانینی ئەو راستییەی كە حزبەكەی ماوەیەكی دورودرێژە هاوبەشی حكومەتی هەرێمە.

تێكچوونی پەیوەندییەكانیشان لەكاتێكدایە كە گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا مەترسییەكی هەمیشەیی دروستكردووە لەسەر بەردەوامیدان بە كۆنترۆڵكردنی كەرتی نەوت و غازە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە.

لە چاوپێكەوتنێكدا كە لە ماڵی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووتری عێراق لە بەغدا ئەنجامدراوە بافڵ جەلال تاڵەبانی كوڕە گەورەی ئەو سەرۆكە و سەرۆكی ئێستای یەكێتی رەخنە لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرێت كە بەشە بودجەی پارێزگای سلێمانی گلداوەتەوە و رەوانەی ناكات، دەڵێت: “حكومەتی ئێستای هەرێمی كوردستان زۆر بە سیاسی كراوە” و ئاماژە بەوەشدەكات، “دوو ئیدارەییەكی زەق هەیە، چونكە پێیانوایە دەبێت سلێمانی خۆی خۆی بەڕێوەببات”.

لە درێژەی كارەكانیدا حكومەتی هەرێم پلانی هەبوو كە بۆرییەكی نوێی غازی سروشتی رابكێشێت بەمەبەستی دابینكردنی وزەی زیاتر بۆ وێستگەكانی وزەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی و ئەشكرا ئەم بۆرییە لە داهاتوودا بەكاربهێنرێت بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی بۆ وڵاتی توركیا.
ئەم پرۆژیە دەستكرا بە جێبەجێكردنی و تەندەرەكەی درا بە گروپی كۆمپانیاكانی (كار) كە نزیكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام هێزە ئەمنییەكانی سەربە یەكێیتی نیشتمانیی كوردستان رێگربوون لە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە و بەو هۆیەوە پرۆژەكە بووە هەڵمی سەرئاو. بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەم چاوپێكەوتنەدا دووپاتیدەكاتەوە، “ئەو بەشێوەیەكی شەخسی رێگر بووە لە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژیە، چونكە ئەو پێیوایە گرێبەستەكە پێشكەشكراوە بە كار گروپ و نە تەندەرێك لە ئارادا بووە نە پرۆسەیەك بۆ راگەیاندنی ئەو تەندەرە”.
بە وتەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، “كار گروپ ئەم گرێبەستەی نەبردووەتەوە، بەڵكو پێیبەخشراوە. ئەمەش بێڕێزییە بە خەڵكی كوردستان و عێراقیش”.

سەرۆكی یەكێتی لەبارەی كەرتی نەوت و غازەوە دەڵێت: “ویستی ئەوەی هەیە ببێت بە بەشێك لەو بڕیارە ستراتیجیانەی كە لەسەر كەرتی وزە دەدرێن، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان ئە‌و پرۆسەیەی كردووەتەوە پرۆسەیەكی چەقبەستوو. نەبوون بە هاوبەش لەم پرۆسەیەدا وایكردووە كە هاوبەشیكردن لەگەڵ بەغدا رۆژبەرۆژ سەرنجڕاكێشتر بێت”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی دەشڵێت: “من تێناگەم نەبوونی ویستی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟! تەنیا بەسرە هەزار جار لە هەرێمی كوردستان دەوڵەمەند ترە! ئەگەر سەرۆك وەزیرانی عێراق بێت بۆ لای من و بڵێت: سڵاو، بافڵ تاڵەبانی، دەورییە بچووكەكەی خۆت بخە سەر ئەم مێزە و ببە بە بەشێك لەم مێزە گەورەیە و لەنێویشیدا پشكت دەبێت لە بەسرە، وەك هەلێكی زێڕین سەیری دەكەم”!

_ لیزێ پۆرتەر: پێش هەمووشتێك ئەمەوێت دەربارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی پرسیارت لێبكەم كە بەم دواییە تۆزێك گرژییان پێوەدیارە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ….

_ لیزێ پۆرتەر: چۆن پەیوەندییەكانتان گەیشتنە ئەم قۆناغە؟ چۆن گەیشتن بەو شوێنەی كە ئێستا تێیدان؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: تۆ دەزانیت، ئێمە و پارتی لەڕووی مێژووییەوە دوو حزبی جیاوازین، كەواتە دوو ئامانجی جیاوازمان هەیە، دیدگامان جیاوازە، ئایدۆلۆژیامان جیاوازە و تەنانەت پێكهاتەی حزبەكانیشمان زۆر لێكچوو نین! ئەوەشی كە دەیبینین ئێستا بریتیە لە تێكچونی پەیوەندییەكان و چەند شێوازێكی جیاوازی كاردانەوە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەگەر بمەوێت راستگۆشبم لەگەڵت نازانم سەرچاوە ئەم جۆرە رەفتاركردنە چییە؟! بەڵام راستییەكە ئەوەیە، من وابیردەكەمەوە كە ئێمە لای خۆمانەوە وەك یەكێتی هەوڵی تەواوەتیماندا لەگەڵ پارتی. دوای ئەو كێشانەی كە لە یەكێتی تووشمانبوو، بەرنامەیەكی باشمان هەبوو بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەكانمان، بۆ نمونە، تەنیا ساڵی رابردوو، چەندین جار مەكتەبی سیاسییەكەمانم ناردووە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسیەكەیان، لە بەرامبەردا ئەوان تەنیا جارێك یان دوو جار مەكتەبی سیاسیەكەیان ناردووە بۆ سلێمانی. ئەوەشی پەیوەندیی بە خۆمەوە هەیە، تەنیا ساڵی رابردوو 15 بۆ 16 جار كاك مەسعودم بینیوە، لە بەرامبەریشدا وەك دیارە سەردانكردنەوە لە كاك مەسعود نابینین! چەند جارێك سەردانی كاك نێچیرڤانم كردووە! چەند جارێك سەردانی كاك مەسرورم كردووە! بەڵام كاردانەوەیەكی ئەوتۆم نەبینی لەبەرامبەر ئەمانەدا.
من پێموایە كێشەكە لە گۆڕانی حكومەتەوە دەستیپێكرد.

_ لیزێ پۆرتەر: كەواتە مەسرور….

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: حكومەتەكەی مەسرور بارزانی، نەوەك مەسرور خۆی. با ئەمە روونبكەمەوە، من بە دیاریكراوی مەبەستم مەسرور بارزانی نییە. ئەم حكومەتە زۆر جیاوازە لەو حكومەتانەی كە پێشتر بینیومانن و هەبوون. ئەم حكومەتە بە سیاسی كراوە.

ئەمەش كاریگەرییەكەی باش نییە. دوێنێ بە رێكەوت چاوم بە یەكێك لە وەزیرەكانم كەوت، پێی وتم: “كاتێك كە بەڕێوەبەری گشتی بووم زۆر خۆزگەی ئەوەم دەخواست ببمە وەزیر. ئێستا لەم كابینەیەدا وەزیرم، بەڵام خۆزگە ئەخوازم نەبوومایە”! ئەمە هەمووی بەهۆی زیاد لەپێویست بە سیاسیكردنی ئەم حكومەتە و بە ناوەندیكردنی هەموو شتێكەوەیە لەنێو ئەم حكومەتەدا.

ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ ساڵەكانی پێشووتر ئەوە بەتەواوەتی پێچەوانە بوو. سیستمێكی نا ناوەندی هەبوو، پارێزگاكان كێبڕكێیان دەكرد لە جێبەجێكردنی پرۆژە و گەشەسەندندا و چێژیان دەبینی لە گەشەسەندنی ئابووری. ئەو ساڵانە ساڵی زێڕین بوون. ئێستاش پێچەوانەكەی روودەدات!

لەبەر ئەوە پێموایە، حكومەت بە سیاسی كراوە. ئێستاش وادەردەكەوێت كە كاتی نەمابێت بۆ ئەنجامدانی هیچ شتێك! بەتەواوەتی هیچ شتێك! بۆ ئەنجامدانی خزمەتگوزاری! بۆ ئەنجامدانی چاكسازی. مەبەستم ئەوەیە چوار ساڵی تەمەنی خۆی تەواو كردووە ئەم كابینەیە. حكومەتی كاربەڕێكەرە ئێستا. ئێمە وەك یەكێتی ئێستاش پۆستمان هەیە كە پڕنەكراوەتەوە! ئەم پۆستانە دەبوو لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتەوە پڕبكرێنەوە، بەڵام تا ئێستاش نەمانتوانیوە پڕیبكەینەوە! هەمانشت بۆ گۆڕانیش دروستە، نامەوێت لەبری ئەوان قسە بكەم، بەڵام پێموایە كە دۆخەكە بۆ ئەوانیش هەمانشتە.

لە راستیدا، وەك ئەوە وایە دیوارێك لەنێوان ئێمە و سەرۆكوەزیراندا هەبێت. دەمانەوێت بەڕێوەبەرێكی گشتی بگۆڕین ناتوانین! دەمانەوێت جێگرێكی وەزیر بگۆڕێن ناتوانین! وەزیرێك دەیەوێت دەستلەكاربكێشێتەوە ناتوانێت! ئەمە هەمووی زۆر زۆر قورسە!
جیاوازییەكی گەورە لەنێوان ئەو دۆخەی لە سلێمانی هەیە و ئەوەی لە هەولێر هەیە!چەندان پرۆژە لە هەولێر هەیە، بەڵام سەرجەم پرۆژەكان لە سلێمانی وەستاون! چەندین كۆمپانیا سلێمانیان بەجێهێشتووە، بەڵام لە هەولێر وانییە! جیاوازی گەورە هەیە لەنێوان ئەم دوو شارەدا لە دابەشكاری بودجە، ناردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەكان، پارەی دەرماڵەی خوێندكاران، پارەی مووچەخۆران، خزمەتگوزاری پێشمەرگە، نەسریەی پێشمەرگە و شایستەكانی تریش.

لەراستیدا ئەمە دوو ئیدارەییەكی واقیعیە، لەبەر ئەوەی سلێمانی خۆی پارەی خۆی دابیندەكات و ناوچەكانی تریش وادانراوە كە پارەی ناوچەكانی تر دابینبكەن.

من كەسێكی شارەزایی دارایی نیم بەهیچ شێوەیەك، بەڵام حەزم لەوەیە بەشێوەیەكی لۆژیكی بیربكەمەوە. واچاوەڕواندەكرێت ئێمە لەگەڵ ئەم لایەنە ركابەری بكەین، بەڵام هیچ رێگەیەك نییە كە ئێمە بتوانین ئەمە بكەین. ئێمە سنوورمان تەنیا لەگەڵ ئێران هەیە. چەند خاڵێكی سنووریمان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە، بەڵام لە كۆتایدا ئەمە واتای ئەوەیە ئێمە سنوورمان تەنیا لەگەڵ یەك وڵات هەیە.

_ لیزێ پۆرتەر: پەروێزخان یان باشماخ؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەردووكیان، بەڵام ئەمە یەك سنوورە. پەروێزخان و باشماخ زیانی زۆریان لێدراوە، بەهۆی مەرزی مونزیرییەوە، چەندین قاچاخی لە مونزیرییەوە دەكرێت، ئەمە سەرەڕای ئەو هەموو بازرگانییەی كە لێوەی دەكرێت. لەلایەكی تریشەوە، حاجی ئۆمەران هەیە لە سنووری پارتییەوە و رێككەوتنێكی نوێشیان هەیە بۆ هەناردەی كەلوپەل (رێككەوتنێكی نوێی ترانزێت) لەو دەروازەیەوە. بەم هۆیەوە، هەرچی بازرگانی هەیە دەڕوات بۆ ئەوێ. لەگەڵ ئەمەش هەندێك خەڵك هەن لەنێو حكومەت كە لەكاتی خۆیدا رێگەنادەن كە لە سنوورەكانی ئێمەوە بازرگانی بكرێت. لەولاشەوە هەروا لەخۆوە كەسێك هەڵدەتۆقێت و بەو كەسانە دەڵێت كە لەكاتی خۆیدا كاریان بۆ نەكراوە: “ئەگەر دەتانەوێت بازرگانی بكەن دەتوانن بێن لە حاجی ئۆمەرانەوە بكەن”! لەبەر ئەوەیە كە ئەم خاڵە سنوورییانە لە ئێستادا زیانی گەورەیان لێدراوە. با وادەبنێن كە وانییە، زۆر بەباشی كارەكانی خۆیان دەكەن ئەم سنوورانە و هەموو شتێكیش باشە! بەڵام هێشتاش ناتوانن لەگەڵ گەورەترین دەروازەی سنووریی عێراق ركابەری بكەن كە سنوورە لەگەڵ توركیا كە تەنیا خاڵی سنووری نێوان توركیا و هەرێم نییە، بەڵكو گەورەترین خاڵی سنووریی نێوان توركیا و عێراقیشە! ئەمە سەرەڕای ئەوەش سنووریان هەیە لەگەڵ ئێران. با لەبیریشمان نەچێت كە خاڵی سنوورییان هەیە كە كەس لە بوونی ئاگادار نییە!

_ لیزی پۆرتەر: سنووری سووریا؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: لە سنووری سووریا كەس نازانێت چی هاوردە دەكرێت و چی هەناردە دەكرێت. لەراستیدا، ئێمە دەزانین چی لەوێوە دێتە هەرێم و چ شتێكیش لێرەوە دەڕوات بەرەو ئەوەێ، بەڵام قسەكە لەسەر ئەوەیە لە هیچ تۆمارێكی حكومەتدا تۆمار ناكرێت كە چی لێرەوە دەڕوات و چ شتێكیش لەوێوە دێت. هیچ شتێك لەم شتانە لەژێر چاودێریدا نییە! ئەمە هەمووی لە لایەك لەلایەكی تریشەوە ئێمە، كێڵگەی نەوتی خەیاڵیمان هەیە.

_ لیزی پۆرتەر: عەین زالە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەتەواوەتی، عەین زالە. كێڵگەیەكی نەوتی خەیاڵییە، ئامێرەكانی ناوی بەخێرایی و لەسەریەك لەسەریەك كاردەكەن، بەڵام نەوتەكەی بۆ كوێ دەڕوات؟!

_ لیزێ پۆرتەر: بەڵی، ئێمە هەمیشە تێبینی ئەوەمان كردووە كە لایەنێكی تاریك و نادیار هەیە لەڕووی ئەوەی چی لە كەرتی نەوتی ئەوێدا دەگوزەرێت.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە دەزانین كە چی دەگوزەرێت لەوێ، بەڵام زۆر لەو خۆگرتر و بەڕێزترین لەوەی كە باسیبكەین چی لەوێ دەگوزەرێت. من وایبردەكەمەوە ئەگەر ئێمە راستگۆبین لەگەڵ یەكتری، هەموومان دەزانین كە چی لەوێ دەگوزەرێت. لەبەر ئەوە تەنیا بەشێوەیەكی ئەقڵانی بیر لەوە بكەرەوە، ئێمە چۆن دەتوانین ركابەری لەگەڵ ئەوە بكەین؟! ئینجا ئەوان باسی باج دەكەن، وابزانم، 30 بۆ 31 هەزار كۆمپانیا هەیە كە دەبێت باج بدەن و لەو ژمارەیەش 7 هەزاریان لە سلێمانین كە 4 هەزاریان لە ئێستادا كارناكەن.

_ لیزێ پۆرتەر: بۆچی؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: چونكە یان پرۆژەكانیان وەستاون یانیش وەرشكست بوون (ئیفلاسیان كردووە). ئەمەش واتە، ئێستا تەنیا 3 هەزار كۆمپانیا لە سلێمانی هەن. ژمارەكان شاراوە نین. لەراستیدا ئەمە كێشەكەیە، بۆ لێكدانەوەی ئەم كێشەیە پێویستناكات زۆر زیرەك بیت، چونكە ئەمە لێكدانەوەیەكی بیركارییانەی زۆر سادەیە”!

_ لیزێ پۆرتەر: كەواتە مەبەستت ئەوەیە، داهاتەكات بە یەكسانی هاوبەشی پێنەكراون لەگەڵ سلێمانی؟ بۆچی بەیەكسانی دابەشنەكراون؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەهۆی چەند هۆكارێكی سەیرەوە! لەبری ئەوەی وەك هەموو وڵاتانی دونیا هەموو داهاتەكان لە داهاتی سنوورەكان و باج بچنە ناو یەك سندوقەوە و دواتر بە یەكسانی دابەشبكرێنەوە داهاتەكان دابەشناكرێنەوە! ئەمە ئەو شتە نییە كە لێرە روودەدات! لە راستیدا، سندووقەكەی ئەوێ و سندوقەكەی ئێرە جیاوازن، تەنیا سیستمێكی نا لۆجیكییە! شتێكی وا لە بەریتانیا روونادات! بۆ نمونە بێرمینگهام خۆی پارەی خۆی پەیداناكات و هەموو شارەكانی تریش پارەكەیان كۆبكەنەوە بەیەكەوە و كار بكەن. بەداخەوە ئەوەی ئێستا روودەدات، بەروونی وەك سزا دەردەكەوێت و ئێمەش وابیرماندەكردەوە كە ئەمە سزادانی دارایی بێت، لەبەر ئەوەی ناكۆكی هەبوو لەنێوان ئێمەدا لەسەر بابەتی دانانی سەرۆك كۆماری عێراق. مەبەستم ئەوەیە، وا دابنێ پۆستێك هەیە و دوو حزبیش كاندیدیان هەیە بۆ ئەو پۆستە، ئیتر من تێناگەم ئەمە ئەبێت بۆچی ئەوەندە بكرێتە كێشەیەكی گەورە؟! ئەوە بەشێوەیەك لە شێوەكان ئاساییە! ئەگەر لە بەریتانیا گەورە بووبیت ئەوە شتێكی ئاساییە؟! بۆ نمونە، پارتی پارێزگاران و پارتی كار هەیە، لەولاشەوە پۆستی سەرۆك وەزیران هەیە كە هەردووكیان هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن. بەڵام تۆش دەزانیت كە پارتی كار دەبێت دابنیشێت، چونكە ناتوانن ئەو پۆستە وەربگرن، بەشێوەیەك لە شێوەكان ئەوە نا لۆجیكییە. من وابیرمەكردەوە كە لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار شتەكان باشتر دەبن، بەڵام ئێستا وابیردەكەمەوە كە شتەكە كۆسپی زۆرتری كەوتووەتە بەردەم و تەنانەت بە شتێكی كەسی وەرگیراوە. من خۆزگەم دەخواست لەدوای ئەم بابەتە شتەكان ئارام ببنەوە، بەڵام من ئەمە نابینیم ئێستا بەهیچ شێوەیەك! ئەوەی هەیە تەنیا زیاتربوونی بەربەستەكان و خراپبوونی پەیوەندییەكانە و كارنەكردنە بەیەكەوە. لەراستیدا، حكومەتەكانی پێشتر هەرگیز بەمشێوەیە نەبوون. لەبیرمە قوباد تاڵەبانی برام، لەكاتی شەڕی داعشدا و لە لوتكەی قەیرانی داراییدا كاری دەكرد، هێشتاش هەست و ژینگەی ئیشكردن بەشێوەی گروپ و هاوبەش هەبوو لەنێو حكومەتەكەیدا. لەنێو كۆبوونەوەیەكی كابینەی حكومەتەكەدا كەس نەیدەزانی كێ گۆڕانە، كێ پارتییە و كێ یەكێتییە، تەنیا مەگەر خودی كەسەكانت بناسیایە، بەڵام ئێستا منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵان بەرە نێو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانێت دەستنیشانی بكات كە ئەم كەسە بەشێك نییە لەو لایەنە یان ئەم لایەنە هاوشێوەی ئەو لایەنەی تر نیە! ئەمەش بەتایبەتی پەیوەندی بە یەكێتییەوە نییە! ئەگەر سەیرێكی پەرلەمان بكەیت بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا كە ئەم هەموو لایەنە دەیانەوێت پەرلەمان بەجێبهێڵن. سەیری ئەو هەموو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە بكە كە دەیانەوێت پەرلەمان بەجێبهێڵن، یان گروپە ئیسلامییەكان كە دەیانەوێت پەرلەمان بەجێبهێڵن! ئێمە وەك یەكێتی زۆر بێزاربووین لەمە. ئایا ئەمە بەڕاستی رێككەوتە؟ یان شتێك روویداوە؟ ئایا پاڵنەرێك لەپشتی ئەم بابەتەوە هەیە؟ من پێموایە دەبێت ئەم پرسیارانە لەخۆمان بكەین. وابیردەكەمەوە ئەگەر بە لۆجیكیانە بیر لەم بابەتە بكەینەوە تێدەگەین، ئەم هەموو گرژی و نائاسودەییەی كە هەیە نیشانەیە بۆ ئەوەی كە شتێك بوونی هەیە و روودەدات. خۆ من نیم!

_ لیزێ پۆرتەر: ئایا دەتوانین بڵێین رێككەوتنی ستراتیجی ساڵی 2007 لەنێوان یەكێتی و پارتی بۆ بەڕێوەبردنی كوردستان كۆتایی هاتووە؟

_ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ، بەهەر شێوەیەك لە شێوەكان كۆتایی هاتووە. لای پارتی لەدوای كۆچی دوایی مام جەلالەوە ئەم رێككەوتنە كۆتایی هاتووە، كە ئەمەش كەمێك مایەی سەرسامییە! نەئەبوو بەمشێوەیە بیڵێم، بەڵام دەزانیت، ئەوە بۆچوونی ئەوانە و ئەوانیش ئازادن كە بۆچوونی خۆیان هەبێت و پێوەی پەیوەست بن.

_ لیزێ پۆرتەر: تۆ وتت چەندین كۆبوونەوەت لەگەڵ بەرپرسی جیاواز لە پارتی هەبووە، گەیشتن بە هیچ لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر كێشەی ناردنی پارە بۆ سلێمانی؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەهیچ شێوەیە، بەهیچ شێوەیەك. بەڵێن لەدوای بەڵێن، بەڵێن بۆ پێكهێنانی لیژنە، بەڵێن بۆ چاوخشاندنەوە بە سیستمەكە، بەڵێن بۆ سەیركردنی كێشەكان…هتد، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هیچ شتێك! ئێمە زۆر هەوڵماندا بۆ ئەوەی خۆمان لەگەڵ ئەم بابەتە بگونجێنین. بیرمە لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ كاك مەسرور من و براكەم (قوباد تاڵەبانی) بەڵێنماندا وەك نیازپاكییەك چەند هەنگاوێك بچینە پێشەوە و كۆمەڵێك شت بكەین. كۆمەڵێك شت هەبوون كە پێموایە بۆ كاك مەسرور گرنگ بوون و ئێمە پێماندا، بۆ ئەوەی نیازپاكیمان نیشان بدەین.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەو شتانە چی بوون؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەكێك لەوشتانە ئەوبوو كە ئەو دەیویست گۆڕانكاری لە ئەنجوومەنی نەوت و غازدا بكات. ئێمەش بەتەواوەتی رازیبووین بەوە بەبێ هیچ دانوستانێك. ئەمە بەزانینی ئەوەی سێ ساڵ بوو ڤیتۆمان دەكرد. بەڕاستی پێموابوو كە ئەمە وادەكات ئەو هەستبكات كە ئێمە چەند جدین لە هاتنەپێشەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و یارمەتیدانی ئەوان. دانەیەكی تریان بریتیبوو لە رێككەوتنێك بۆ بردنەپێشەوەی یاسای كانزاكان. لەبەر ئەوە با دانبەوەدا بنێین و بەڕێزەوە بڵێین، بەداخەوە ئەم حكومەتە بەسیاسی كراوە بەشێوەیەكی تەواوەتی. لەنێو حكومەتێكی هاوبەشیدا بۆ من یان بۆ كاك قوباد یان هەر كەسێكی تر گۆڕینی بەڕێوەبەرێكی گشتی كە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاوە بابەتێكی گرنگە، بۆچی رێگەی پێنادرێت؟ جێگری وەزیر هەیە كە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاوە، بۆچی رێگە نادرێت بگۆڕێت. خۆ من كەیسی گەندەڵیم لەدژی ئەو نەجوڵاندووە، حكومەتەكەی مەسرور بارزانی جوڵاندوویەتی، ئێستا كە ئێمە دەمانەوێت بیگۆڕین، بۆچی نایگۆڕن! ئەمەش تەنیا بۆ فشار خستنەسەرە و ئەم جۆرە فشارخستنەسەرەش رێگەیەكی باش نیە بەتایبەتی كە لەگەڵ كەسێكی كورد بەكاری بهێنیت، چونكە وەك چۆن پارتی ناچەمێت بۆ فشار یەكێتی و لایەنەكانی تریش ناچەمن لەژێر فشاردا! پێموایە، پێویستناكات هەموو شتەكان بەمشێوەیە خراپ بكەین و بیانگەیەنینە ئەم ئاستە!

بابەتێكی تر كە بەڕاستی منی بێ ئومێد كردووە بریتییە لە وەستانی هەموو شتێك لە یەككاتدا! ئەمەش ئەو شتە بوو كە من بەڕاستی ویستم لە كاك مەسعودی تێبگەیەنم و لەگەڵی بیبەمە پێشەوە، وتم: سەیركە كاك مەسعود، ئێمە ئەگەر 20 كێشەمان هەبێت و لەو 20ە دوو دانەیان چارەسەرنەكراو بن لەئێستادا با دەستبە چارەسەركردنی 18 كێشەكەی تر بكەین، ئەوكات ئاسانتر دەبێت بۆ كێشەكانی تر كە چارەسەریان بكەین، بەڵام لەئێستادا پارتی بەمشێوەیە بیرناكاتەوە! بەگوێرەی بیركردنەوەی ئەوان ئەگەر شتێك بەشێوەی خۆی نەڕوات هەموو شتەكانی تریش تێكدەچن لەگەڵی، هەموو ئامێرەكە لەئیش دەكەوێت.

_ لیزێ پۆرتەر: تۆ كەمێك باسی دوو ئیدارەیت كرد لە رابردوودا؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: من باسی چارەسەری و شێوازێك لە تەڵاقدانم كرد. وابیرناكەمەوە بەهیچ شێوەیەك باس لەتكردنی هەرێمم كردبێت یان دوو ئیدارەیی، سیستمەكە فیدراڵییە، چەندین سیستمی فیدراڵی هەیە ئیمە دەتوانین چاویان لێبكەین. ئێمە باوەڕمان بە یەكگرتووی كوردستان هەیە، چونكە ئێمە شەڕمان كردووە بۆ یەكگرتووی كوردستان و من وابیردەكەمەوە، ئێمە ئەندازیاری یەكگرتووی كوردستانین. بەڵام كۆتایشدا، ئیشی حكومەت چییە؟ ئامانج لە هەبوونی حكومەت چییە؟ ئەی نابێت خزمەتی خەڵك بكات؟ چاودێری كۆمەڵگە بكات؟ خزمەتی كەسانی بەتەمەن بدات؟ یارمەتی خێزانی شەهیدەكانی بدات؟

یارمەتی خوێندكاران بدات؟ یارمەتی كەسان و رەمزە ئاینییەكان و مزگەوتەكان بدات؟!ئەگەر حكومەت ئەمانە نەكات، ئیتر پێویستە مرۆڤ پرسیاری جددی لەخۆی بكات، بۆچی حكومەت ئەمانە ناكات؟ سوودی ئەم جۆرە حكومەتە چییە؟

_ لیزێ پۆرتەر: ئایا باسی چارەسەری كێشەی جیاوازت كردووە لەگەڵ بەغدا؟ چونكە ئەمە ئەو شتەیە كە هەندێك كەس خوێندنەوەیان بۆ كردووە لە قسەكانی كۆتا چاوپێكەوتنت لەگەڵ رووداو، كاتێك كە باسی چەند چارەسەرییەكی جیاوازت كرد.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە باسی چارەسەرەكانمان كرد بۆ هەمووان، پێشموابێت دوو بۆ سێ رێگای جیاواز هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەوە. رێگای كلاسیكی بۆ جیابوونەوەیەكی دۆستانە بریتیە لە وتنی دەستەواژەكانی، “تەڵاقم دایت، تەڵاقم دایت، تەڵاقم دایت” سێ جار رووبەڕووی ئاوێنە یان هەرشتێكی تر.

_ لیزێ پۆرتەر: تۆ كەمێك باسی خوێندكارانت كرد، لە ئێستادا خۆپیشاندانی خوێندكاران هەیە لە هەڵەبجە و سلێمانی و دەرماڵەكانیان وەرنەگرتووە ئەمساڵ.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: وەریشیناگرن.

_ لیزێ پۆرتەر: بۆچی؟ بەهۆی تێچووەكەیەوە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەوان پارەكە نادەن بە خوێندكاران دەنا تەنیا چەند ملیۆنە دۆلارێكە و ئامادەنین پێیانبدەن، بەمەبەست ئەو كارە دەكەن بۆ ئەوەی خوێندكار خۆپیشاندان بكات. خۆشبەختانە ئێمە بەتەواوەتی و بەشێوەیەكی سەربەخۆ لە ماوەی رابردوودا توانیمان لەو پارە زیادەیەی كە لەبەردەستماندابوو بەشە ناوخۆییەكانیان و شوێنی وانە خوێندنەكەیان بۆ نۆژەنبكەینەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانیان بۆ دابینبكەین كە ساڵانێك بوو بەتەواوەتی لەلایەن حكومەتەوە فەرامۆشكرابوون. لە ئێستادا توانیومانە قسە لەگەڵ خوێندكارەكان بكەین و رازیان بكەین كە لە شوێنێكی دیاریكراو و لەكاتێكی دیاریكراودا خۆپیشاندان بكەن، جیاواز لە چەند گروپێكی خوێندكار كە زۆر بچووكن و لەڕووی سیاسیەوە ئاراستەكراون.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەگەر پارتی بڵێت: ئەوە ئیشی سلێمانییە كە دەرماڵەكانیان بدات!

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵام من روونمكردەوە كە ئەوە بۆچی مەحاڵە.

_ لیزێ پۆرتەر: لەبەر ئەوەی پارەتان بۆ رەوانەناكرێت؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەتەواوەتی بەوشێوەیە. بۆ نمونە، بەیانیەك هەڵدەستیت لەخەو و دەبینیت، باشترین، پرۆفێشناڵترین و راهێنراوترین هێزی عێراق كە تا ئێستاش ئۆپراسیۆن دژی داعش ئەنجام دەدەن بودجەكەی بڕدراوە. ئەم بابەتەش هیچ هۆكارێكی یاسایی نییە. بەیانیەك كەسێك لە خەو هەڵدەستێت و دەڵێت: “ئۆه، ئەزانم چۆ فشار بخەمە سەر یەكێتی، ئەمە ئەنجام دەدەم”! ئەمە زۆر ناڕاستگۆیانەیە و ئامانجی خۆشی ناپێكێت.

من ئەگەر بمویستایە لە هەولێر لەڕووی سیاسییەوە بەهێزتر بم، هەولێرم تووشی برسیەتی نەدەكرد، پێچەوانەكەیم ئەنجام دەدات. بیرمە رێك لەم خانووە (ماڵی مام جەلال لە بەغدا) لەگەڵ مام جەلال و كام مەسعود و كاك كۆسرەت دانیشتبووم، مام جەلال وتی: پێویستە كارێك بكەین كە هەولێریش وەك سلێمانی جوان بێت. بەڵام سەیركە ئێستا گێچەكە لەكوێدایە. زۆرجار من لەگەڵ كاك قوباد گاڵتە بەیەكەوە دەكەین و من دەڵێم: ئێمە هێشتا چاوەڕێی جادەیەكین، هەولێریش خەریكە خەڵك ئەنێرێت بۆ مەریخ. منیش كەیشتوانی ئاسمانی كوردم دەوێت! بەڵام ئایا ئەتوانین ئێمە جادەیەكمان هەبێت؟ ئایا خوێندكارەكانی من دەرماڵەیان بۆ خەرج دەكرێت؟

_ لیزێ پۆرتەر: زۆر بەڕوونی ئێستا چەقبەستوویەتییەك هەیە لە حكومەتدا و قوباد تاڵەبانی ناڕواتە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە چەند هەفتەیەكە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نەخێر ناڕوات.

_لیزێ پۆرتەر: ئەی وەزیرەكانی تری یەكێتی؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نەخێر. شتەكەی قوباد دوو قاتە، سێ قاتە، لەراستیدا چەند قاتە. ئەم بابەتە پێش هەمووشتێك بڕیاری قوبادە و منیش بەتەواوەتی پشتیوانی دەكەم. ئێمە خەڵك دەنێرینە كۆبوونەوەكانەوە بۆ ئەوەی چاودێری بكەن و دڵنیابنەوە لەوەی كە هیچ بڕیارێكی شێتانە نادرێت، لانیكەم دەتوانین زانیاریمان هەبێت كە چی دەگوزەرێت. ئەم كەسانە هەفتانە لەلایەن كاك قوبادەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام خۆی ناچێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران تاوەكو ئەو كاتەی كە ئەم كێشانە چارەسەر دەكرێن، تاوەكو ئەوكاتەی كە بەشێوەیەك لەشێوەكان دادپەروەری بەرقەرار دەبێت.

پاشان بابەتێكی تر هەیە، یەكێتی زۆر بێزارە لەو دۆخە ئەمنییەی كە لە هەولێر هەیە، چونكە دەركراوێك لە خاكی یەكێتی رێگەی بەخۆیداوە كە 200 مەتر لەدووری ماڵی براكەم (قوباد تاڵەبانییەوە) هێز كۆبكاتەوه.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەژی ئەمین؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ، ئەوە زۆر شتێكی چاوەڕواننەكراوە و بەتەواوەتیش قبوڵنەكراوە. ئەمە ئەوە نیشاندەدات كە یەكێتی چەند دانبەخۆداگرە، چەند خواستی ئەوەی هەیە كە نەكەوێتە ناو ئەم كێشە خراپەوە. ئایا دەتوانین خەیاڵی ئەوە بكەین كە ئەم شتە لە بەریتانیا رووبدات؟! ئێمە حكومەتێكی هاوبەشمان هەیە، لەم نێوەندەشدا خزمەتكارەكەی سەرۆكوەزیران هێز كۆدەكاتەوە و دەینێریتە سەر ماڵی جێگری سەرۆك وەزیران. ئەم شتە زۆر دوورە لە هەموو ئەوەی من ئەزموونم كردووە. من هەندێك ئەزموونی سەیرم كردووە لەم ماوەیەدا، كە هیچ روونكردنەوەیەكیان بۆ نییە.

_ لیزێ پۆرتەر: هەندێك دەڵێن، دوای كوشتنی هاوكار جاف تۆ وەهاب هەڵەبجەیت بردووە بۆ هەولێر بۆ كۆبوونەوە لەكاتێكدا كە ئەو فەرمانی گرتنی هەیە لە هەولێر، ئەوە بۆ ئیستفزازكردنە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەوە بەراورد ناكرێت بە كۆكردنەوەی هێز و هێرشكردنە سەر ماڵی جێگری سەرۆكوەزیران. سەبارەت بە كێشەكەی هاوكار جافیش، ئێمە نكۆڵیمان لێكرد و داوای لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەشمان كرد و ئێستاش داوای دەكەین، بەڵام پارتی نایەوێت ئەو كارە بكات. لەبری ئەوە، خۆیان سەرقاڵكردووە بە بەرهەمهێنانی فلمی بێمانای بۆڵیودەوە كە ئێمە بەتەواوەتی بەهۆی هەڵەكانی ناوییەوە پێكەنین.

لەبارەی وەهاب هەڵەبجەیشەوە، ئەو رۆژە لەگەڵم هات بۆ هەولێر بۆ سەردانیكردنی خێزانی یەكێك لە پێشمەرگە بریندارەكانمان كە لە هەولێرە، ئەمەش چەندین جاری تر روویداوە. بابەتی فەرمانی دەستگیر كردنەكەش ئێمە هەرگیز بەشێوەیەكی جددی وەرمان نەگرتووە. وەهاب بەشێوەیەكی فەرمی لەگەڵ من هات بۆ فڕۆكەخانە، بەقاچاخ نەمانبردە هەولێر. ئەمتوانی بە یەكێك لە هێلیكۆپتەرەكانم بیبەم لە ناوەڕاستی هەولێر دایبنێم و كەسیش هەستی پێنەكات. ئەگەر باس لە فەرمانی گرتنەكەش بكەین، خۆ منیش فەرمانی گرتنم هەیە، قوبادیش بەهەمانشێوە. كەواتە، ئایا یاسا هەیە؟ یان یاسا نییە؟ ئەگەر یاسا هەیە نە ئەبوو منیش بچم بۆ ئەو كۆبوونەوەیە لە هەولێر، نە ئەبوو قوبادیش لە هەولێر ئیش بكات، ئەوكاتە وەهابیش نەئەبوو بچێت بۆ هەولێر.

من لەگەڵ ئەو شتە سەیرانە راهاتووم، من حەز ئەكەم خەڵك لە دادگا دادگایی بكرێت نەوەك لە تەلەفزیۆن، بەڵام پێموانییە لە ئێستادا ئێمە ئەو كارە بكەین. ئەم بابەتە كۆتاییەكەی هەڵدێرانە، چونكە وامان لێدێت كە خەڵكی لە تیك تۆك دادگایی دەكەین. نامەوێت بێڕزی بكەم بەرامبەر پارتی، بەڵام من حساب بۆ شتی بێمانا ناكەم و ئەو شتەش بە بێمانا دەبینیم.

_ لیزێ پۆرتەر: وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی هێزی دژەتیرۆرە لە سلێمانی، پێتوایە دەتوانیت ئەو درزە چاكبكەیتەوە كە لەنێوانتاندایە لەگەڵ پارتی ئەگەر ئەو لەو پۆستە گرنگەدا بمێنێتەوە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەندێك كەس لە پارتی ئەو قسەیە دەكەن، بەڵام وەڵامی كورت و پوختی من ئەوەیە، بەڵی دەتوانین. لەراستیدا ئەمەش بێمانایە، چونكە هیچ لێكۆڵینەوەیەك ئەنجام نەدراوە، با لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەش بكەین، تەنانەت با وڵاتانی بیانیشی تێدابێت، بۆچی شتێكی وا ناكەین؟ ئەگەر زۆر دڵنیان لەو شتانەی كە دەیڵێن بۆچی ئامادەنین لێكۆڵینەوە بكەن. من بێوەفانیم بەرامبەر ئەوانەی كاریان لەگەڵ دەكەم. من هیچ بێوەفاییەك نیشان نادەم لەبەرامبەر پاڵەوانەكانی كوردستان وەك وەهاب، تەنیا لەبەرئەوەی كەسێك لە پارتی بەیانییەك لەخەو هەستاوە و بڕیاریداوە چەند تۆمەتێكی سەیری ئاراستەبكات كە ئێمە بەتەواوەتی نكۆڵیمان لێكردووه.

_ لیزێ پۆرتەر: ئایا تۆ نكۆڵی دەكەیت لەوەی كە وەهاب هەڵەبجەیی هاوبەشبووبێت لە كوشتنی هاوكار جاف؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەدڵنیاییەوە. ئەزانی چ شتێك دژبەیەك و سەیرە؟ هەموو ئەوانەی كە من قسەم لەگەڵ كردون، تەنانەت ئەوانەشی كە لە پارتی دیموكراتی كوردستانن نەیاتوانیوە هۆكارێكم پێبدەن، كە ئێمە بۆچی ئەبێت شتێكی وا ئەنجام بدەین؟ ئەنجامدانی شتێكی وا سوودی چییە بۆ ئێمە؟! سودی بۆ پارتی چییە؟ سوودی چییە بۆ دژە تیرۆر یان هەر رێكخراوێكی تر لە كوردستان. تەنانەت یەك كەسیش لەوانەی كە من قسەم لەگەڵ كردوون نەیاتوانی هۆكارێكم پێبڵێن! من ساڵێكە رائەكەم و ئەمڕۆ و دێم بۆ لای كاك مەسعود بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانمان چاك بكەمەوە، كەواتە سوودی ئەنجامدانی ئەمە چییە! من چی بكەم كەسێك بەیانییەك لەخەو هەستاوە و بیری كردووەتەوە و وتویەتی: ئۆه ئەمە ئیشی خۆی دەكات!

لە كۆتا چاوپێكەوتنتدا لەگەڵ رووداو باسی ئەوەت كردووە كە هەرێمی كوردستان پشت بە غازی سلێمانی ئەبەستێت كە لە كۆرمۆرەوە دێت و سەرچاوەكانی غاز لە سلێمانین كە لەژێر كۆنترۆڵە یەكێتیدایە؟

لە راستیدا لەژێر كۆنترۆڵی یەكێتیدا نین، بەڵكو دەكەونە ناوچەی جوگرافیای ژێر كۆنترۆڵی یەكێتی. دەنا، یەكێتی بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە هیچ یەك لە گرێبەستەكانی غازی سروشتییەوە نییه.

_ لیزێ پۆرتەر: تا چ رادەیەك كێشەكانی تایبەت بە وزە هۆكارن لە گرژبوونی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: تا ئەو رادەیەش نیە كە تۆ بیری لێدەكەیتەوە. من زۆر نائومێدم لە سیاسەتی نەوت و غاز و لام پەسەند نییە. پێموایە سیاسەتێكی كاریگەر نییە تێناگەم بۆچی خواستی ئەوە نییە كە ئیش لەگەڵ بەغدا بكەین. من كەسێكم كە شارەزایی دارایی نیم، بەڵام دەزانم كە بەسرە هەزار نێدەی سلێمانی دەوڵەمەندە، تەنیا بەسرە، ئەگەر سەرۆكوەزیران بێت بۆ لای من و پێم بڵێت: سڵاو، بافڵ تاڵەبانی، دەورییە بچووكەكەی خۆت بخە سەر مێزە گەورە و ئیتر تۆ دەبیتە بەشێك لە مێزە گەورەكە كە بەسرەشی تێدایە، وەك هەلێكی زێڕین سەیری دەكەم”.

ئیتر ئەمەش واملێدەكات كە بپرسم، ئەگەر ناتەوێت ئەو شتە بكەیت؟ بۆچی ناتەوێت ئەو شتە بكەیت؟ ئەبێت دەورییەكەی خۆت چی لێبێت؟ خواردنەكەی سەری بۆ كوێ دەڕوات؟ چونكە لەڕووی لۆجیكییەوە ناكرێت كەسێك هەبێت كە نەیەوێت ئەو شتەبكات.
شتەكە ئەوەیە بمانەوێت یان نەمانەوێت كۆمەڵێك گرێبەست بۆ چەند ساڵێك واژووكراون. سەری ئەو ژمارانە بكە كە چەن ساڵێك ئاشتی هەورامی بە ئێمەی وتن. ئەو بەڵێنانەی كە پێیداین كە كوردستان چی لێدێت، سەیری واقیعەكەش بكە كە چۆنە؟!
تاكە كێشەی ئێمە لەگەڵ غازی سروشتی ئەوەیە، نامانەوێت بەخراپی بەڕێوەببرێت وەك نەوت. ئەوە تاكە كێشەی ئێمەیە، چونكە ئەوە تاكە سەرچاوەیە كە لەدەستی ئێمەدا ماوە، لەدەرەوەی ئەو كانزایانەی كە هەمانن. ئەگەر غازیش بەشێوەیەكی خراپ بەڕێوەبەرین هەرێمی كوردستان تووشی كارەسات دەبێت.

ئێستا شتێكت پێدەڵێم كە پێشتر بە هیچ كەسم نەوتووە، چەند مانگێك لەمەوبەر لێدوانێكی تارادەیەك تووندمدا، بۆ ئەوەی كاردانەوەكان بزانم؟

_ لیزێ پۆرتەر: بەڵێ

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: مەگەر بەسەر لاشەی مندا غاز رەوانەی دەرەوەی وڵات بكەن.

_ لیزێ پۆرتەر: خەریك بوو پرسیاری ئەوەت لێبكەم.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەوەبوو ئەو ئەنجامە روویدا كە چاوەڕێم دەكرد، وەفدێكی بچووك لە هەولێرەوە‌ هات. وتیان، با گفتوگۆ بكەین لەسەر غازی سروشتی. زۆر دڵخۆشبوو. من وابیرم دەكردەوە ئێستا دادەنیشین و سەیری دۆخەكە دەكەین بەشێوەیەكی ئەقڵانی، چەند غازمان هەیە؟ ئەمانەوێت چەند بەرهەم بهێنین؟ چی لێدەكەین كە بەرهەممانهێنا؟ وابیرم ئەكردەوە كە لەوانەیە یەكەمجار بازرگانییە بچووكەكانی پێ پڕبكەینەوە، كارەبای 24 كاتژمێری پێ بەرهەم بهێنینن دواتر هەرچەندی مایەوە هەناردەی بكەین، بۆ نمونە بەغدا پێویستی بە غاز و كارەبا هەیە، ئەوروپا پێویستی پێیەتی، توركیا پێویستی پێیەتی. من وردەكارییەكی نازانم، بەڵام پێویستی بە بیركردنەوەی ورد نییە كە لە هاویندا غاز رەوانەی بەغدا بكەین كە پێویستیا پێیەتی، لە زستانیشدا هەناردەی ئەوروپای بكەین. ئەوە ئەو شتەبوو كە من لە مێشكی خۆم دامنابوو و بیرم لێدەكردەوە كە گفتوگۆی لەسەر بكەین. دوای كە هاتن ئەزانی باسی چیمان كرد؟ لەسەدا چەند بۆ یەكێتی و لەسەدا چەند بۆ پارتی؟ راستگۆبم، وتم: بچنەدەرەوە، ئەمە ئەو شتە نییە كە من دەمەوێت گفتوگۆی لەبارەوە بكەم. هەمان ئەو شتانەی پێشوو بوو. غاز موڵكی یەكێتی نییە، موڵكی پارتی نییە، موڵكی خەڵكی كوردستان و عێراقە. هی من نیە و منیش دەسەڵاتم بەسەریدا نییه.

ئەم جۆرە بیركردنەوەیەش ئەبێت بگۆڕێت. ناتوانین بەیانییەك لەخەو هەستین و بڵێین: چەند كێڵگەیەكی غاز لێرەیە و چەند كێڵگەیەكی نەوتیش لەوێیە، ئۆو ئەمە عەین زالەیە و من دەیبەم بۆ خۆم. بۆچی؟ چۆن دەوێریت شتێكی لەو شێوەیە بكەیت؟ بە چ مافێك ئەو نەوتە دەبەیت؟ ئەمە نەبوونی دامەزراوەیە كە رێگەدەدرێت شتی لەم شێوەیە رووبدات، نەبوونی دامەزراوەی راستەقینەیە. كاتێكیش كە یاسا سەروەر نەبێت بێگومان دامەزراوەی راستەقینەش نابن. با چیرۆكێكی ترت بۆ باس بكەم كە لەلایەن ئاسایشەوە دیكیۆمێنت كراوە (بەڵگە كراوە) كە ڤیدیۆیە. كەسێك هەیە ناوی عەبدوڵای كوێخا موبارەكە لە چەمچەماڵ.

كەسێكی نزیكی، نازانم بەدروستی چیەتی، بەڵام كەسێكی نزیكە لێوە، نامەوێت بە هەڵە بیڵێم لەبەر هۆكاری یاسایی، بەلام با بڵێین كەسێك كە پەیوەندی بە ئەوەوە هەیە، تێوەگلاوە لە كوشتنی كارمەندێكی ئاسایش، بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە و فەرمانی دەستگیر كردنیشی هەیە. بیری لێبكەیەوە چی لە فەرماندی دەستگیر كردنەكەی هات؟ بۆچی دەستگیر نەكرا؟ من پێتئەڵێم چی روویدا. كەیسەكەی گوازرایەوە بۆ یەكێك لە دادگاكانی هەولێر، بەشێوەیەكی سحری سوڵحی عەشایەری بۆ كرا و چارەسەر كرا. چیرۆكەكە لێرە كۆتایی نایەت، بەیانیەك هەڵدەستێتەوە و بووە بە لیوا. لە شەوروژێكدا لە كەسێكی هەڵاتووی داواكراوە بوو بە فەرماندەی هێز و هێزەكەشی بە فەرمی بووە بەشێك لە حكومەتی هەرێم. ئەمە شتێكی سەیرە، هەر زۆر سەیرە. پێش هەموو شتێك ئەمە بێڕێزییە بە پێكهاتەی سەربازی ئێمە. ئەوان باسی چاكسازیدەكەن لە هێزی پێشمەرگەدا ئەمە چاكسازییەكەیە؟ كەسێكی راكردووی تۆمەتبار بكەن بە فەرماندە لە شەورۆژێكدا.

_ لیزێ پۆرتەر: پێتوایە ئەمە پارتییە كە دەیەوێت لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی یەكێتی هێز دروستبكات؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستیان بەوە نیە هێز لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا دروست بكەن، بە جددی پێویستیان بەوە نییە. لە خراپترین كاتی پەیوەندی نێوان من و كاك مەسعود كە بە ددان و نینۆك شەڕماندەكرد لە بەغدا، كێشەیەكی ئەمنی لە دەوروبەری هەولێر دروستبوو. من تەلەفۆنم بۆ كاك مەسعود كرد و پێم وت: ئەگەر شتێك روویدا من و هێزەكانی دژەتیرۆر دێین و چارەسەری دەكەین، لەبەر ئەوەی نامەوێت خەڵك وابیربكەنەوە كە كورد یەكگرتوو نییه.

ئەمە هەمووی هەلە بۆ خەڵكی خراپ كە شتی خراپ بكەن. بۆ ئەوەی هەرێمەكە بخەیتە سەر ئاگر تەنیا یەك تەقەكردن پێویستە، كەسێك لەولا گوللەیەك دەتەقێنێت و كەسێكی تریش لەملا وەڵامیدەداتەوە، شتەكان هەمووی تێدەچێت بەسەر یەكدا و پێش ئەوەی تۆ هەستی پێبكەیت هەرێمەكە دەكەوێتە سەر ئاگر. لەبەر ئەوە من هەرگیز تۆڵەی ئەم شتانە ناكەمەوە، دەنا زۆر ئاسانە. هۆزەكانی لاكەی تر دەستم ماچ دەكەن بۆ ئەوەی هێزیان بۆ دروستبكەم و ئەشتوانم بۆ بە كاریگەرانە ئەو كارە بكەم. تەنانەت ئێستا ناوی سێ لەوانە لە مێشكمدایە كە دەتوانم هێزیان بۆ دروست بكەم.

_ لیزێ پۆرتەر: لە دهۆك و هەولێر؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بە دڵنیاییەوە، بەڵام ناكرێت خراپە بە خراپە وەڵام بدرێتەوە. ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكان كە یەكێتی ئەو یارییە ناكات. من ئامادە نیم ئەو یارییە بكەم چونكە یارییەكی خراپە، باوەڕیشم وایە بەمزووانە پارتی لەوە تێدەگات كە ئەو جۆرە یارییانە ئەنجامیان نابێت.

_ لیزێ پۆرتەر: خەڵكی خەمیانە كە ئایا دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی 1990كان كە یەكێتی و پارتی شەڕیان لەدژی یەكتری دەكرد.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی:هەرگیز، بەسەر جەستەی مندا.

_ لیزێ پۆرتەر: با بگەڕێینەوە بۆ بابەتی بۆری غاز، كار گروپ گرێبەستی ئەو پرۆژەیەی وەرگرت.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نەخێر، كار گروپ ئەو پرۆژەیەی وەرنەگرت، بەڵكو ئەو پرۆژەیی پێدرا، هیچ پرۆسەیەكی تەندەرین نەبوو، نەشچوو بۆ ئەنجوومەنی نەوت و غاز. هیچ تەندەرێك لە ئارادا نەبوو. كەسێك بەیانی لەخەو هەستا و وتی: با ئەمە بۆ كار گروپ بێت. كێ خاوەنی كار گروپە؟ ئەوە گەندەڵییەكی زۆر روونە.

چاوەڕێش دەكەن هەمووان دانبیشن بەبێ دەنگی و بڵێن، نەخێر نەخێر، ئاساییە ئەو شتە لەپێناو سەقامگیری هەرێمەكەمان، لەپێناو حكومەتی هەرێم با هیچ شتێك نەڵێین. ئەمە بێڕێزییە بە خەڵكی كوردستان كە ئەم شتانە روودەدەن. گەیشتووەتە لوتكە، راهاتوون كە ساختەكاری ئەنجام بدەن. جارانسێ بۆ چوار كۆمپانیا ئامادەیی خۆیان دەرببڕیایە بۆ ئەوەی ئەم كارە بكەن، بەڵام ئێستا دۆخەكە وایلێهاتووە، كە گوێ بەوەش نادەن، كەوتوونەتە سەر رێگاكە و راهاتوون كە پارە بخەنە گیرفانیانەوە. وایان لێهاتووە بەیانیەك لەخەو هەڵدەستن و دەڵێن: ئۆو كارگروپ، ئەمەی بۆ دەرچوو، ئەمە بۆ كار گروپ.

_ لیزێ پۆرتەر: كار گروپ گرێبەستی بۆری پێدراوە، لەو كاتەوە چی روویداوە؟ تۆ دژایەتی ئەو گرێبەستەت دەكرد.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵی من ئەو كارەم كرد.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەی ئەوە ئێستا چی لێدێت؟ چی روودەدات.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەتەواوەتی هیچ شتێك. من هەوڵمدا دانوستانیان لەگەڵ بكەم، بەڵام وەك بینیمان دانووستانەكە گەیشتن بەش و بەش كاری كە ئەوە به هیچ شێوەیەك ئامانجی من نیە. من دەمویست گفتوگۆ لەسەر ستراتج بكەم.

_ لیزێ پۆرتەر: وا دەردەكەوێت كە تۆ بیرۆكەیەكی جیاوازت هەیە لەبارەی ئەوەی كە كەرتی نەوت و غاز چۆن كار دەكات و چۆن دەبێت كاری تێدا بكرێت؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ

_ لیزێ پۆرتەر: ئەگەر تۆ كەرتی غازی هەرێمی كوردستانت گەشەپێبدایە كە زۆرینەی لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندایە ئەو پرۆسەیە چۆن دەبوو؟ بە چ تیۆرییەك ئەوەت ئەنجام دەدات؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نامەوێت هەرگیز كارێكی وا بكەم. ئەمە تووشی سەرسوڕمانت دەكات، بەڵام دەمەوێت حكومەت ئەو كارە بكات. بەڵام خەزیش دەكەم ئەو حكومەتە حكومەتی منیش بێت. تەنیا حكومەت چەند كەسێك نەبێت كە بە پەنجەكانی دەست دەژمێردرێن. هەموو ئەوەی كە پێویستە شەفافیەت، پلانێكی یاسایی و دادپەروەرانەیە. نابێت ئەوەش لەبیر بكەین كە ئەم بابەتە زۆر ئاڵۆز بووە بەهۆی ئەو بڕیارەی كە دادگای فیدراڵی عێراق داویەتی. دەبێت زۆر وریابین لەبارەی ئەم شتانە، چونكە هەموو شتێك پەیوەستە بە یاساوە، چونكە ئەوە نیشانمان دەدات كە ئێمە لەكوێی هاوكێشەكەداین، هەركاتێكیش كە ئەوەمان زانی لەوانەیە بزانین بڕیارە دروستەكە بدەین.

تاكە شت كە من لێی دڵنیام ئەوەیە، سەری خۆمان بكەین بەژێر خۆڵدا و بڵێین: لە بەغدا شتێك رووینەداوە و هەموو شتێك باشە و با بەردەوام بین هیچ شتێك باشنابێت و چارەسەرێكی باش نابێت.

لەبەر ئەوە من هانی ئەوە دەدەم حكومەتی هەرێم لە دۆخەكە تێبگات، با سەرەتا حكومەتی هەرێم رزگار بكەین.
ئەم دواییانە من تۆمەتبار دەكرێم بەوەی كە دەمەوێت حكومەتی هەرێم بڕوخێنم، من ئەگەر بنمویستایە لەماوەی پێنج خولەكدا ئەو كارەم دەكرد تەنیا بە وتنی ئەوەی كە، “با یەكێتی بێتەدەرەوە لە حكومەت”، بەڵام ئەوە ویستی من نییە. شانازی دەكەم بەو هەموو دانبەخۆداگرتنەی یەكێتیش كە لە ماوەی رابردوودا نیشانیداوە. لەنێو حكومەتی هەرێمیشدا خەڵكانێك هەن كە زۆر بەباشی كاردەكەن بۆ ئەوەی حكومەتەكە لەناوبەرن، پێویستیان بە هاوكار ئێمە نیە، چونكە بەبێ ئێمەش خۆیان خەریكە ئەو كارە دەكەن.

_ لیزێ پۆرتەر: هیچ پلانێكت هەیە بۆ گەشەدان بۆ بۆری غاز لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی لەم ستاتەدا؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەهیچ شێوەیەك، من هەمان ئەو هەڵەیە ناكەم كە ئەوانی تر ئەنجامیاندا. هەرچی بكەین پێویستە یاسایی بێت، شەفاف و متمانە پێكراو بێت. ئەگەر بمویستایە شتێكی وابكەم چەند مانگێك لەمەوبەر زۆر بەئاسانی دەمتوانی بیكەم، رازیدەبووم بەو بەشی كە بۆم دانراوە و گیرفانی خۆم پڕدەكرد وەك هەموو ئەوانی تر، بەڵام پێموایە زۆر نابەرپرسیارانەیە ئێستا ئەو كار بكەین.

_ لیزێ پۆرتەر: وابزام دوێنێ فایەق زێدانت بینی؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەو هاوڕێیەكی ئازیزی منە.

_ لیزێ پۆرتەر: باسی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیتان كرد لەبارەی كەرتی نەوت و غازی هەرێم.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: راستگۆبم نەخێر.

لیزێ پۆرتەر: ئەوەندەی من بزانم پێش پێكهێنانی حكومەت رێككەوتنێك كراوە بۆ كە حزبە كوردییەكان پشتیوانی پێكهێنانی حكومەت بكەن و لە بەرامبەردا فشارە یاساییەكانی سەر كەرتی نەوت و غازی بوەستێنرێن كە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی دەستیانپێكردووە، ئایا ئەم فشارانە بەراستی كەم بوونەتەوە؟

 

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نەخێر، ئەمە بڕیارێكی یاساییە و پەیوەستە بە حكومەتی هەرێمەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم پێیوابێت، ئەم بڕیارە نایاساییە و دانی پێدا نەنێت ناگەین بە هیچ شوێنێك. لە راستیدا ئەمە یەكێكی ترە لەو شتانی ئەم حكومەتە كە من زۆر بێزار دەكات، لە بنەماكانی دانووستاندن تێناگەن، وادابنێ ئۆتۆمبێلێمان هەیە كە وادانراوە بە 10 هەزار دۆلار بفرۆشرێت، من دەمەوێت بە 5 هەزار دۆلار بیكڕم. نرخی راستەقینەی خۆشی 7 هەزار دۆلارە، هەموو كەسێكیش ئەوە دەزانێت كە نرخە راستەقینەكەی 7 هەزار دۆلارە، بەڵام كە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەیت دەڵێت 12 هەزار و 500 دۆلار.

_ لیزێ پۆرتەر: وا دەردەكەویت كە بیركردنەوەكانت زۆرتر لە قازانجی ناوەندە لەبارەی نەوت و غازەوە و دەتەوێت پردی زیاتر لەگەڵ بەغدا دروست بكەیت.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: من شەفافیەتم دەوێت، شەفافیەت لەكوێ بێت منیش بەرەو ئەوێ دەڕۆم.

قوباد دەستپێشخەرییەكی زۆر باشی هەیە و پێموایە ئەم مانگە هەموو كەس دەتوانێت دینار بە دیناری داهاتی باج و سنوورەكان بەشێوەیەكی ئۆنڵاین ببینن ئەوەی پەیوەند بە ئێمەوە هەیە. بۆچی؟ چونكە ئێمە شەفافیەتمان دەوێت، بەهیوام كە ئێمە ئەمان كرد ئەوانیش لە لاكەی ترەوە هەمان شت ئەنجام بدەن؟ بۆ عەین زالەش هەمان شت ئەنجام بدەن، بۆ سەر سنووری سووریاش هەمان شت ئەنجام بدەن. راستگۆ بم، ئێمە ناوەستین لە چاكسازیی.

لیزێ پۆرتەر: ئەم هاوینە چەندین هێرشمان بینی كە كرانە سەر كۆرمۆر؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ

_ لیزێ پۆرتەر: ئەو كۆمپانیایانەی كە لەوێ كاردەكەن گەرەنتی ئەوەیان دەویست كە جارێكی تر ئەو هێرشانە دووبارە نەبنەوە.
+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەمە من تووشی سەرسوڕمان ناكات.

_ لیزێ پۆرتەر: چ گەرەنتیەك؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێموایە هیچ كەس ناتوانێت هیچ گەرەنتییەك بدات لەم كاتەدا كە ئەم هێرشانە دووبارە نابنەوە. هەركات حكومەت توانی باشتر كارەكانی بكات و تێگەیشتێكی باشتری هەبێت بۆ دۆخەكە ئەوكات پێوایە دەتوانین هەنگاو بنێین بەرەو ئەوەی كە گەرەنتی بدەین ئەم كۆمپانیایانە. بەڵام ناتوانین گەرەنتی بدەین هەتاوەكو زانیاری تەواومان نەبێت لەسەر وردەكارییەكان كە ئەم شتانە چۆ روویانداوە و بۆچی روودەدەن؟

_ لیزێ پۆرتەر: چ شتێك تۆ ئەهێنێت بۆ بەغدا؟ وەك دیارە ئەم ماوەیە چەندین كۆبوونەوەت هەبووە و شاندی حكومەتی هەرێمیش لێرەیە لە بەغدا لەم ساتەدا.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەم ئێوارەیە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵا هەیە لە بەغدا كە من نێوەندگیرەكەیم و رێكمخستووە. ئەوە هۆكاری سەردانی منە بۆ بەغدا، كە هەموو حزبە بەشدارەكانی حكومەت قەناعەت بكەن و دەستبە ئەجێندای ئیشكردن بكەن. ئەمڕۆ بابەتی گرنگ باس دەكەین و پێشموایە ئەبێت شتی لەم شێوەیەش لە كوردستان بكەین.

_ لیزێ پۆرتەر: مەبەستت هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ، ئەمە ئەو شتەیە كە وایكردووە من لێرە بم، ئەمشەو بەڕێوەدەچێت لێرە لە ماڵی مام جەلال. من حەزم لە سەردانیكردنی بەغدا هەیە و هاوڕێكانیشم دەبینم، حەزم لە بینینی فایەق زێدان و هەموو هاوڕێكانی ترم هەیە.

_ لیزێ پۆرتەر: ئایا یەكێتی هیچ دانووستاندنێكی لەگەڵ حكومەتەكەی شیاع سوودانی كردووە بەجیا لە پارتی لەسەر كەرتی نەوت و غازی هەرێم؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نەخێر، ئێمە تەنیا ئەوەمان بە حكومەتی عێراقی وتووە كە یەكێتی بۆچوونی جیاوازی دەربارەی زۆر شت هەیە و بۆ ئێمە زۆر گرنگە كە هەموومان یەكگرتوو بین. دیسانەوە ئەمە دەڵێمەوە، ئەمە ئەو شتەیە كە ئێمە لە حكومەتی هەرێم پێویستبوو ئەنجامی بدەین، بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێم خواستی ئەنجامدانی شتێكی لەم شێوەیەی نییە، پێیباشە ئەو شتانە بكات كە پێشتر من بۆم باسكردیت.

لیزێ پۆرتەر: باسی ئەوەت كرد كە هاتوویت بۆ ئێرە بۆ بینینی هاوڕێكانت، پێموابێت، موسەنا سامەرایی و قەیز خەز عەلی-شت بینیووە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ رەیان كلدانی (سەرۆكی بزووتنەوەی بابلیون)م بینیوە. چەند وەزیرێكم بینیون، بەڵام هێشتاش پیرۆزبایم لە زۆرێكیان نەكردووە، ئەمەوێت هەموویان ببینم و پێیان بڵێم: یەكێتی دەیەوێت پشتیوانتان بێت، یەكێتی حكومەتێكی سەركەوتووی دەوێت، یەكێتی هانتان دەدات بۆ ئەوەی ئیشی باش بكەن لەدژی گەندەڵی، یەكێتی هانتان دەدات بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی ئەنجام بدەن و ناشبێتە سەرئێشە بۆتان، چونكە خۆی لە بنەڕەتدا بەشی پێویست سەرئێشە هەیە. دەمەوێت پێیان بڵێم: ئێمە وەك یەكێتی چەندین قوربانیمان داوە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و بەردەوامیش دەبین لەم قوربانیدانە.

ئەمەوێت ئەو پەیامە بگات كە من نامەوێت كێشەی زیاتر دروستببێت، بەڵكو دەمەوێت هۆكار بم بۆ ئەوەی شتەكان ئاسانتر بن.

لیزێ پۆرتەر: ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید چۆنە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: زۆر باشە، شەوی رابردوو بۆ ماوەیەك لەگەڵی بووم.

لیزێ پۆرتەر: باسی چیتان كرد؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەموو شتێك.

_ لیزێ پۆرتەر: لە كۆتایدا ئەو كاندیدی ئێوە نەبوو

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێموایە نابێت مرۆڤ لەسەر ئەوەی كە زیرەكە و دوو بیرۆكەی هەیە سزا بدرێت، لەكاتێكدا بەرامبەرەكەی هەموو گرەوەكەی لەسەر یەك شتە. پێموانییە دانانی پلانی زیرەكانە هەرگیز سزای بەدواوەبێت.

_ لیزێ پۆرتەر: كەواتە تۆ ئێستا ئیشی لەگەڵ ئەكەیت و وەك ئەوە سەیری ناكەیت كە “كاندیدی ئێوە نەبووبێت”؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایا تۆ دەزانیت كە من لەگەڵ ئەم پیاوە گەورەبووم؟ لەبەر ئەوەیە كە من پێموایە سەیرە كە تۆ كردنی پرسیارێكی لەم شێوەیە بە پێویست دەزانیت!

لیزێ پۆرتەر: ئەویش و بەرهەم ساڵحیش لە بەریتانیا لەگەڵ تۆ بوون.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێم سەیرە خەڵك پرسیاری لەم شێوەیە دەكات! من چەندین ساڵ لەگەڵ كاك لەتیف و ژیاوم و خاتوو شانازی پوورم ئێمەی گەورە كردووه.

_ لیزێ پۆرتەر: مەبەستم ئەوەیە كە ئەو كاندیدی ئێوە نەبوو.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەی كاندیدی كێ بوو؟!

لیزێ پۆرتەر: مەبەستم ئەوەیە راستە ئەو یەكێتییە، بەڵام كاندیدی پارتیش بوو.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایا ئەو كاندیدی پارتی بوو؟ ئایا كاندیدی پارتی نەبوو؟ ئایا هەر بەراست كاندیدی پارتی بوو؟!

_ لیزێ پۆرتەر: وادەردەكەوێت بەشێوەیەك لە شێوەكان لە نێوەنددا بووبێت؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەجدی؟! پێویستە ئاوا سەیری بكەین؟ یان بەو شێوەیەی كە پارتی هیچ رێگەچارەیەكی تری لەبەدەمدا نەمابوو جگە لەوەی كە پشت بە د. لەتیف ببەستن و لە راستیشدا بیرۆكەیەكی باش بوو كە كارێكی وایان كرد.

_ لیزێ پۆرتەر: بەشێوەیەك لە شێوەكان وازیان لە رێبەر ئەحمەد هێنا لە كۆتایدا.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بێگومان وایان كرد.

_ لیزێ پۆرتەر: بەرای تۆ ئەكرا رێبەر ئەحمەد لە بەغدا ئیش بكات؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نا پێموانییە و پێموایە كە ئەو تەنیا مەڕێكی قوربانی بوو كە ناوەكەشی هێنرایە پێشەوە هەر وابیرمەكردەوە كە ئەو مەڕی قوربانیە. رێبەر ئەحمەد چیرۆكێكی باشی هەیە و كەسێكی خاوەن توانایە، بەڵام ئەو پەیوەندییەكانی باش نین لە بەغدا و ئەزموونی سیاسەتكردنی نییە لە بەغدا، كە هەڵیشبژێردرا من بەلامەوە سەیر بوو و یەكسەر وتم: تەواو، ئەمە سەرەتایەكی باشە بۆ دەستكردن بە گفتوگۆ، بەڵام بەداخەوە وانەبوو و تەنیا بڕیارێكی سەیر بوو.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەمەوێت دەربارەی هێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران و توركیا گفتوگۆ بكەین.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ

_ لیزێ پۆرتەر: سوپای پاسدارانی ئێران چەند جارێك هێرشی كردە سەر بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان لە سلێمانی و كۆیە.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە زیاتر لە 900 هێرشی فڕۆكەكانی توركیامان هەبوو هاوتا لەگەڵ ئەم هێرشانەی ئێران. ئێمە سەركۆنەی هێرشەكانی سەر خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین و دەشمانەوێت چارەسەرێك بدۆزینەوە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام قورسە چارەسەر بۆ ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە.

_ لیزێ پۆرتەر: با یەكەمجار باسی توركیا بكەین، ئێمە ئەزانین كە لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین هێرشی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هەبووە لە كەلار و چەمچەماڵ، چیت هەیە لەسەر ئەم هێرشانە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە سەركۆنەی سەرجەم هێرشەكان دەكەین، بەتایبەت كوشتنی هاووڵاتییانی بێتاوان. ئێمە تێدەگەین كە توركیا كێشەی هەیە، بەڵام ئێمە هانی چارەسەركردنی كێشەكان دەدەین بە گفتوگۆ، چونكە مرۆڤ نابێت رێگەی دەرچوونی خۆی لە كێشە خاپوور بكات و دواتر نەتوانێت لێی بچێتە دەرەوە. پێویستە هەمووان لەسەر رێگای دەرچوونیان لە كێشە گفتوگۆ بكەن و ئەمەش ئەو شتەیە كە ئێمە هانی دەدەین و لایەنگری ئەنجامدانی گفتوگۆ دەكەین.

_ لیزێ پۆرتەر: وەك ئەوەی لە ساڵی 2013 لە توركیا هەبوو (پرۆسەی ئاشتی)؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەتەواوەتی.

_ لیزێ پۆرتەر: تۆ باسی دایەلۆگ دەكەیت، بەرای تۆ ئەم شتە چۆن روودەدات كە دایەلۆگ دروست ببێت، ئایا هاكان فیدان قسەی لەگەڵ كردون لەم بارەیەوە؟ ئایا ئێوە چوون بۆ ئەنكەرە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی:: بەراستی ناتوانم وەڵامی ئەوە بدەمەوە، چونكە ئەوە پەیوەندی بە پەكەكەوە هەیە و ئەبێت توركیا قسە لەگەڵ پەكەكە بكات.

_ لیزێ پۆرتەر: قسەكەت دروستە، بەڵام ئایا هیچ ئەگەرێك هەیە رۆژێك یەكێتی ببێتە نێوەندگیری بابەتێكی لەم شێوەیە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە بەهەر شێوەیەك كە بتوانین هاوكاری دەكەین، چونكە ئێمە پێمانخۆش نییە هیچ كوردێك یان هیچ كەسێك بكوژرێت. بەرای من كاتێك كەسێك بۆ چەندین ساڵ رێگەیەك دەگرێتەبەر و هەمیشە هیچ وەڵامدانەوەیەكی نابێت پێویستە ستراتیژێكی نوێ بگرێتەبەر، ئەگەر من بوومایە وامدەكرد!

لیزێ پۆرتەر: تا ئێستا توركیا داوای هاوكاری لێكردون لەكاتی ئەنجامدانی هێرشەكانیان؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە هەرگیز رێگەخۆشناكەین یان هاوكاری كەس ناكەین بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر كورد، ئەمەش شتێك نییە كە تەنیا پەیوەندی بە توركیاوە هەبێت و بڵێن: تەنیا هاوكاری توركیا ناكەین. ئەمە بۆ هەموو كەس وایە و ئیشی ئێمە نیە یارمەتی كەس بدەین لە هێرشكردندا.

_ لیزێ پۆرتەر: توركیا لە ئێستادا پلانی ئۆپراسیۆنێكی تر هەیە لە سووریا و دەشڵێن: هێرشی زیاتر لە سلێمانی ئەنجام دەدەن، چاوەڕێی چی دەكەیت لەمە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: چاوەڕێی پێكدادان دەكەم و پێشموایە ئەمە باش نییە. لێرە لە بەغدا لەگەڵ هاوڕێكانم قسە دەكەن و ئەوانیش زۆر بێزارن لەم دۆخە و منیش گلەییان لێناكەم و هەر ئەبێت وابن. من پێموایە نابێت ئیتر هێرشی تر ببینین، پێشموایە تاكە رێگەی دەربازبوون لەمە بریتیە لە، گفتوگۆ. ئەوەشی پەیوەندی بە براكانمەوە هەیە لە سووریا دڵم لەلایانە، چونكە ئەوان پاڵەوانی شەڕی داعشن و ئەوەشی كە لە سووریا روودەدات پێویست نییه.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەگەر تۆ ئەرۆدۆغان بوویتانە چیت ئەكرد؟ چۆن گفتوگۆت لەگەڵ پەكەكە دەكرد؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نامەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە. نامەوێت ببمە ئەردۆغان، ئەمەوێت بافڵ بم.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەم دواییە چەندین هێرشی مووشەكی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانمان بینی لەلایەن ئێرانەوە و هەفتەی پێشووش شیاع سودانی وتی: پاسەوانی سنووری فیدراڵی دەنێرنە سەر سنوورەكانی ئێران – عێراق.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: زۆر باشە.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەمە ویستی ئێران بوو و ئەوەندەشی من بزانم لە ئێستادا سنوورەكان لەژێر دەسەڵاتی پاسەوانە كوردە فیدراڵییەكاندان.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: وانیە، كێشەی كەمی ستافمان هەیە. ئێمە 600 بۆ 700 كیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ ئێران هەیە و لە بەرامبەردا تەنیا یەك لیوامان هەیە بۆ پارێزگاریكردن لێی. ئەمە یەكێكە لەو شتانەی كە لەگەڵ سەرۆكوەزیران و وەزیری ناوخۆ باسمان كردووە بۆ ئەوەی ستافی زیاتری بۆ دابنێت و بە خۆشحاڵییەوە ئەوانیش بەڵێنیانداوە كە وەك هەنگاوی سەرەتا لیوایەكی تری بۆ دروستبكەن و كۆنترۆڵی سنوورەكان بكەن. پێشموایە كە گرنگە بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان شتێكی لەو شێوەیەمان هەبێت.

_ لیزێ پۆرتەر: ئایا كورد دەبن؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەگەر بە ئەقڵانی بیربكەینەوە، بەڵێ كورد دەبن، خۆ ناچین لە بەسرەوە خەڵك بهێنین بۆ ئەوەی لە سەر سنوری عێراق و ئێران لە كوردستان پاسەوانیەتی بكەن. پێشموایە ئەمە شتێكی باشە و یارمەتی كەمكردنەوەی بێكاری دەدات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی باشە بۆ هەرێمی كوردستان.

_ لیزێ پۆرتەر: ئێران لەوانە نییە ئەم شتە قبوڵ بكات، چونكە ئەوان دەیانەوێت هێزی ناوەند كۆنترۆڵی سنوورەكان بكات.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەی خۆ ئەوانیش پۆلیسی سنووری فێدراڵین.

لیزێ پۆرتەر: لەوانەیە كوردبوونی ئەم لیوایانە كێشە بێت

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نا پێموانییە رەچەڵەك و ئاینی ئەم كەسانە ببێتە كێشە. پێموایە، كێشەی ئەوان لە كەمی پاسەوانی سنوورە.

_ لیزێ پۆرتەر: شتێكی تر كە ئێران دەیەوێت بریتیە لە چەكداماڵینی گروپە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكان.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەمە پێشتر روویداوە چەندین ساڵ پێش ئێستا لەلایەن حكومەتەوە كراوە.

_لیزێ پۆرتەر: بەڵام ئەوان ئێستا چەكدارن؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵی وایە، ئەوان هەمیشە چەكیان هەبووە، هەموو حزبەكانیش چەكیان هەیە.

_ لیزێ پۆرتەر: ئێران دەڵێت: نامانەوێت چەكداربن، چونكە لە سنوورەكانەوە چەك بە قاچاخ هەناردەی ئێران دەكەن و ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵی ئێران، هەموو ئەوانە دەڵێت.

_ لیزێ پۆرتەر: هەرگیز رازی ئەبیت بەوەی ئەو گروپانەی لە سلێمانی هەن چەكەكانیان دابماڵرێت؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەوە بڕیاری من نییە، بڕیاری حكومەتە.

_ لیزێ پۆرتەر: راستە، بەڵام واپێدەچێت لە ئێستادا حكومەت پێویستی بە رەزامەندی ئێوە بێت.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: تا ئێستا هیچ شتێك پێویستی بە رەزامەندی من نەبووە، وابزانم باش ئەبێت ئەگەر شتێكی وا هەبێت، هەرچەندە دیسانەوە من ئەمە دووپاتدەكەمەوە كە ئەوە بڕیاری حكومەتەوە، پێویستیشە حكومەت بڕیار بدات كە ئایا دەیانەوێت ئەم كارە بكەن یان نایانەوێت. یان حكومەتی هەرێم یان حكومەتی ناوەندیی یەكێكیان پێویستە بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدات كە ئایا ئەم بابەتە بەردەوامدەبێت!

ئەم هێرشانە زۆر جیاوازن. تۆش ئەوە ئەزانیت، وانیە؟ ئێرانییەكان كاتێك كە هێرش دەكەن هۆشداری دەدەن و دەڵێن: سبەی لەم كاتەدا هێرش دەكەین، تەنانەت بە پارێزگارەكانیش دەڵێن.

پێموابێت تەنانەت بە پارێزگارەكانیش دەڵێن: كە لەم سەعات و خولەكەدا هاووڵاتی هاتووچۆ دەكات.

من ئەم بابەتەم لەگەڵ ئێرانییەكان باسكردووە، ئەوە یەكێك بوو لەو شتانەی كە من دوێنێ لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق باسم كرد.

_ لیزێ پۆرتەر: بەڵێ بینیم، كە سەردانت كردبوو.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: وادەردەكەوێت كە زۆر جددی بن لەسەر بابەتەكە.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەم بابەتە كێشەیەكی گەورەیە بۆ ئەوان، كەواتە ئەم كێشەیە بە كوێدەگات؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەوان ئێستا كۆمیتەیەكی ئاسایشیان هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم و ئێستا سەرقاڵی پلاندانانن بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە.

_ لیزێ پۆرتەر: ئایا لە حكومەتی هەرێم و بەغدا و تاران پێكهاتووە ئەو كۆمیتەیە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ بەغدادیشی تێدایە و قسەكەت دروسته.

_ لیزێ پۆرتەر: پێتوایە ئەو كۆمیتەیە هێرشەكان دەوەستێنێت؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێموایە زۆر زووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، با چاوەڕێكەین و بزانین چی روودەدات لە كۆبوونەوەی داهاتوودا و پێموایە زۆر شت رووندەبێتەوە لەو كۆبوونەوەیەدا.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەمەوێت باسی بەسیاسیكردنی هێزە ئەمنییەكان بكەم، لە كۆتا چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كوردسات شێخ جەعفەر وتی: یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 بەباشی بەڕێوەناچێت.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نەخێر بەباشی بەڕێوەناچێت.

_ لیزێ پۆرتەر: بۆچی وایە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نازانم بۆچی وایە، ئێمە زۆر كاردەكەین لەسەر ئەم بابەتە. پێشتریش ئەم بابەتەم باسكرد، كە پێویستە دامەزراوەكانمان بەهێز بكەین. پێموایە لایەنێك دەیەوێت ئەمە وەك هەلێك بەكاربهێنێت بۆ بەهێزكردنی سوپاكەی بەسەر لایەنێكی تردا و ئەمەش باش نییە. سەرچاوەی هەموو ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بەسیاسیكردنی هەموو شتێك. هەموو شتێك بە سیاسی كراوە.

یەكخستنی هێزەكان ئەو شتەبوو كە چەند دەیەیەك لەمەوبەر مام جەلال بیری لێكردبووەوە.

_ لیزێ پۆرتەر: یەكخستنی هێزەكان؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ، ئەمە ئەو شتەیە كە ئێمە زۆر سوورین لەسەر ئەنجامدانی، لەگەڵ هاوپەیمانە ئەمەریكییەكانمان و هاوپەیمانەكانی ترمان بەرەوپێشچوونی باشمان بەخۆوە بینووە لەم بابەتەدا.

_ لیزێ پۆرتەر: كەواتە پێویستە چی بكرێت؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: لەبیرتە پێموتی، هەموو شتێك بەیەكەوە دەوەستێت؟ ئەمە یەكێكە لە نمونەكانی ئەوە كە بەربەستی خراوەتەبەردەم.

_ لیزێ پۆرتەر: تەنانەت ئەمەریكییەكان و هاوپەیمانانیش خەریكە دەڵێن: “ئەگەر ئەتانەوێت هاوكاریی و پشتیوانییەكان بەردەوام بن هێزەكانتان یەك بخەن”

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستبوو زیاتر پێگەی خۆیان بەكاربهێنن، تەنانەت پێویستبوو نقورچێكمان لێبگرن.

_ لیزێ پۆرتەر: بێمتمانەیی لەنێوان یەكێتی و پارتیشدا هەیە.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێموایە ئەوە وێناكردنی دۆخەكەیە لەباشترین حاڵەتی خۆیدا (تۆ زۆر بەڕێزەوە وێنای ئەو بابەتە دەكەیت)، بەڵام ئێمە كوردین و زۆر ئاسانە كە چاكی بكەینەوە، تەنیا یەك هەنگاو…. یەك هەنگاو پێویستە.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەم دواییانە كەیسی كوڕێكی تەمەن 17 ساڵان هەبوو بەناوی سەهەند ئەحمەد، كە لە زیندانی پۆلیسدا كۆچی دوایی كرد. خێزانەكەی دەڵێن: لێیدراوە، پۆلیسیش دەڵێت: رایكردووە و كەوتووە و مردووە.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: من قسە لەسەر ئەم بابەتە ناكەم تاوەكو ئەنجامی كۆتایی لێكۆڵینەوەكان رانەگەیەنرێت و پێموابێت كارێكی ژیرانە نییە لەڕووی یاساییەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەم.

_ لیزێ پۆرتەر: باشە. با باس لە بابەتێكی جیاواز بكەین، بەم دواییە دەبینین ژمارەیەكی زۆر تۆمەتباری داعش لە سلێمانی دەستگیر دەكرێن.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ، ئەم شتە بەردەوامە و تەنانەت دوێنێ شەو یەكەكانی دژەتیرۆر تاوەكو درەنگانی شەو سەرقاڵی ئۆپراسیۆن بوون.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەتوانیت هەندێك زانیاریم پێبدەیت كە ئەوان چۆن كاردەكەن؟ ئایا ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی زانیاریتان پێدەدات؟ ئەم بابەتە چۆنە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێمباشە نەچمە نێو وردەكاریی ئەو پرۆسەیەوە، بەڵام هێزەكانی دژەتیرۆر لە هەموو شوێنێك ئۆپراسیۆنی خۆیان دەكەن لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان. لە هەر شوێنێك هێزەكانی دژەتیرۆر یان هاوپەیمانەكانیان پێیانوابێت ئامانجێك هەیە كە مەترسییە خواستی خۆیان دەردەبڕن بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن، لە رابردووشدا وایان كردووە، بۆ نمونە چەندین تۆمەتباریان دەستگیر كردووە و ناردوونیانەتەوە بۆ باشووری عێراق. كەواتە، وەڵامەكە بەشێوەیەكی گشتی بەڵێیە، لە هەرشوێنێكەوە زانیاری هەبێت، ئەوان ئیشی لەسەر دەكەن لەدژی تێرۆریزم، لە هەرشوێنێك.

_ لیزێ پۆرتەر: ئایا ژمارەی ئەو كوردانەی كە پەیوەندی بە داعشەوە دەكەن لە هەڵكشاندایە؟ یان ژمارەی ئەو داعشانە لە هەڵكشاندایە كە دەیانەوێت لە هەرێمی كوردستان خۆیان حەشار بدەن؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێموابێت بەشێكی بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەوەیە كە لەنێوان هێزەكانی عێراق و هێزەكانی ئێمەدا هەیە و هەردوولاكەی سنووریش فشەڵن. ئەمە یەكێكە لەو شتانەی كە دەمەوێت لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق باسی بكەم، چۆن دەتوانین پێگەی خۆمان لەو ناوچانە بەهێزتر بكەین و پێشموایە نەهێشتنی ئەو بۆشاییانە هاوكارییەكی باش دەبێت.

پێشموایە نابێت داعش بە كەم بگرین. نابێت وا بیربكەینەوە كە داعش كۆتایی هاتووە و مەترسییەكەشیان نەماوە، چونكە بەدڵنیاییەوە وانییە. هیواخوازم لەگەڵ ئەم حكومەتە نوێیە بتوانین بەیەكەوە ئەو مەترسییە كەم بكەینەوە.

_ لیزێ پۆرتەر: چەندین ساڵە باسی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش دەكرێت لە ناوچە جێناكۆكەكان.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ، ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە زۆر بەخێرایی بەرەوپێشوچوونی بەخۆیەوە بینیووە، ئێمە هاوكار و پشتیوانی هەموو شتێكین كە ئارامی هەرێمەكەمان بپارێزێت و ببێتە هۆكاری خستنەسەركاری خەڵكەكەمان.

_ لیزێ پۆرتەر: ئایا لیوا هاوبەشەكان بەیەكەوە ئۆپراسیۆنی هاوبەش دەكەن؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نەخێر، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە دەڵێم: لە داهاتوودا ئەنجامی دەدەن.

_لیزێ پۆرتەر: بەڕای من ئەوە خاڵە گرنگەكەیە، چۆن پارەدار دەكرێن و كێ پارەیان پێدەدات؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ.

_ لیزێ پۆرتەر: كەواتە، ناتوانن ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن و كاری هاوبەش بكەن.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێموایە ئەوانە شتگەلێكی ئاسانن و بە ئاسانی چارەسەر دەكرێن.

_لیزێ پۆرتەر: ئایا كە بودجەی 2023ی عێراق پەسەندكرا لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە پارەدار دەكرێن؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە هیوابخوازم كە وابێت، چونكە پێموانییە حكومەتی هەرێم ئەو كارە بكات.

_ لیزێ پۆرتەر: تۆ دەڵێیت داعش كۆتایی نەهاتووە، پێتوایە ئاستی مەترسی داعش بۆ سەر ئاسایشی هەرێم و عێراق چەندە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: زۆر مەترسین، چونكە ئەوان هەموو هەلێك و بۆشاییەك دەقۆزنەوە. كەواتە ئەبێت بۆشاییەكان نەهێڵین.

ئەم كێشەی نەبوونی متمانەیە نەوەك تەنیا لەنێوان یەكێتی و پارتی بەڵكو لەنێوان هێزەكانی حكومەتی هەرێم و هێزەكانی حكومەتی ناوەندیش هەیە. ئێمە ئێستا كاردەكەین بۆ ئەوەی ئەمە باشتربێت و ئیشی باشدەكەین لەسەر ئەو بابەتە. دوێنێ گروپێكی تۆكمە لەم هێزانە لێرەبوون، چاویان بە هاوبەشەكانیان كەوت و گفتوگۆكانیان زۆر بەرهەمدار بوون. ئەمە جیاوازییەكەیە كە ئەم هێزانە، بەتایبەتی دژەتیرۆری یەكێتی و سوات زۆر لەنزیكەوە ئیش لەگەڵ هێزە عێراقییەكان دەكەن و تیرۆریستان دەكەنە ئامانج. ئەگەر سەیری ژمارەی ئەو تۆمەتبارانە بكەیت كە لە ماوەی رابردوودا دەستگیر كراون و رادەستی بەغدا كراونەتەوە بۆتدەردەدەكەوێت كە لەگەڵ هیچ ناوچەیەكی تر بەراورد ناكرێن لە كوردستان.

_لیزێ پۆرتەر: ئایا ئەوە بەهۆی ئەوەوە كە ئامانجەكان لە ناوچەكانی تر كەمترن، ژمارەی داعشەكان كەمترە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نەخێر، لەبەر ئەوەیە ئەم هێزە ئەمنییانە بەباشی ئیشی خۆیاندەكەن.

_ لیزێ پۆرتەر: كەواتە پێتوایە داعش بەشێوەیەكی فراوان لە هەولێر و دهۆكیش هەبێت؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەدڵنیاییەوە بەڵێ. ئێمە ئۆپراسیۆنی زۆرمان هەیە و من زۆر شانازی دەكەم بە هێزە ئەمنییەكانمانەوە، چونكە كەسانی ئازا و ژیرن.

_ لیزێ پۆرتەر: لە ئێستاشدا ئەم هێزانە بەدەست كێشەی داراییەوە دەناڵێنن، ئایا مووچەیان پێدەدرێت؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بە دڵنیاییەوە وایە، بە بەردەوامی بودجەكەیان دەبڕدرێت، مووچەی دەزگای زانیاری بڕاوە چەندین ساڵە، بەشێكی زۆری پارەی دژەتیرۆر بڕاوە. با رووداوێكت بۆ بگێڕمەوە، لەم ماوەیەدا كۆبوونەوەیەكم هەبوو لەگەڵ بەشێكیان، ویستم هەندێك قسەیان لەو بارەیەوە لەگەڵ بكەم و ورەیان پێببەخشم، دەزانی چی روویدا؟! سەیری ناوچاویان كردم و وتیان:، تۆ پێتوایە ئێمە ئەم كارە بۆ پارە ئەنجام دەدەین؟

_ لیزێ پۆرتەر: راستە، بەڵام لە كۆتایدا پێویستە پارە بەرنەوە بۆ خێزانەكانیان.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە زیندوو بمێننەوە، پێویستە بژێوی خێزانەكانیان دابینبكەن، ئێمەش ئەوەی پێمانبكرێت بۆ هاوكاری كردنیان درێغی ناكەین، وەك ئەوەی كە هەمیشە كردوومانە. ئەوان بڕبڕەی پشتی یەكێتین. ئەمە زۆر خەمبارمەكات كە ئەم خەڵكانە لەبری ئەوەی مەدالیایان پێبدرێت و خەڵات بكرێن بەشێوەیەكی سیاسی بەئامانج دەگیرێن. ئەگەر لە شوێنێكی تری ئەم دونیایە بوایە ئەم خەڵكانە وەك پاڵەوان سەیر دەكران كە بێگومان ئێستاش پاڵەوانن لای هەمووان تەنیا لای هەندێك كەسی پارتی نەبێت كە ئەم شتە پێچەوانەیە. ئەمەش شكستی ئەوان دەگەیەنێت نەوەك هی من.

زۆر ئاسانە ئەم حكومەتە ببێتە خاوەنی سەركەوتنەكانیان، ئەوان بەشێكن لە حكومەتەكە كەواتە ئەبێت حكومەت شانازی بكات بەوەی كە ئەوان ئەنجامیدەدەن.

وەهاب هەڵەبجەیی لەدوای گۆڕانكارییەكانی نێو یەكێتی زۆر بە قورسی كاری كرد بۆ ئەوەی ئۆپراسیۆن و راهێنانی هاوبەش لەگەڵ دژەتیرۆری عێراق بكات. جەلال شێخ ناجی، سەرۆكی ئێستای دەزگای زانیاریش بەهەمانشێوە زۆر بە قورسی كاری كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ دەزگای پاراستن بەیەكەوە كاربكەن. زۆر نامۆبوو كە ئێمە بینیمان ئەتوانین لەگەڵ هاوبەشە بیانیەكانمان ئیش بكەین، بەڵام ناتوانین لەگەڵ یەكتری كاربكەین، دەبوو لەڕێگەی هاوبەشە بیانییەكانمانەوە زانیاری لەگەڵ یەكتری ئاڵوگۆڕبكەین. بۆ من ئەمە جۆرێك بوو لە بێڕێزی، زۆر شەرمەزارییەكە ئەم شتە، بەڵام پارتی هیچ خواستێكی نییە كە ئەم شتە بگۆڕێت و هەنگاوبێت بەرەو ئێمە، حەزیان لە ئەنجامدانی كارێكی وا نییە. ئەمەش هەمووی دەبێتە بۆشایی و دووژمنەكان دەتوانن وەك هەل بقۆزنەوە.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەمە سەرنجڕاكێشە، چونكە لە رابردوودا پارتی هەمیشە دەیوت، قورسە بتوانرێت لەگەڵ لاهور ئیش بكرێت. ئێستاش شتەكان وادەردەكەون كە لە ئاستێكی نزمدابن.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئۆ نا، ئێستا ئەو كوڕە چاكەكەیە.

_ لیزێ پۆرتەر: ئێستا ئەو كوڕە چاكەكەیە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ ئێستا ئەو هاوڕێیانە و پارتیش ئەوی خۆشدەوێت. زۆر خۆشحاڵم كە ئەم پەیوەندییە خۆشەویستییەیان هەیە، پێشموایە بۆ سەقامگیریی لە دوورمەودادا ئەمە باشترە.

من خۆم بە كوڕ خراپەكە نابینم، بەپێچەوانەوە پێموایە، مامەڵەكردن لەگەڵ من زۆر ئاسانە، بەڵام من بەرپرسیارییەتییەكم هەیە و بەرپرسیارییەتیەكەشم بریتیە لەوەی كە خزمەتی خەڵكەكەم بكەم، دڵنیاببمەوە كە نانیان هەیە بخۆن و جلیان هەیە لەبەری بكەن. خۆشتدەزانیت، ئێستا ساڵانی 1991 و 1992 نییە، خەڵكی بەوشتە رازی نین كە جاران پێڕازیبوون. گەنجەكانی ئێمە هەمان ئەو شتەیان دەوێت كە گەنجێكی بەریتانی دەیەوێت. ئیشیان ئەوێت، ئاسایشیان ئەوێت، ئەیانەوێت گەرم و داپۆشراوبن، خزمەتگوزاریی و وڵاتێكی پێشكەوتوویان ئەوێت. منیش هەمان ئەو شتەم دەوێت بۆ خەڵكەكەم. ئەگەر ویستنی ئەوە واتای ئەوە بێت كە من كەسێكی نەگونجاوم، ئەوە من دەڵێم: من حەزناكەم نەگونجاو بم، بەڵام ئەگەر پێویستبكات زۆر بەباشی ئەزانم چۆن نەگونجاو بم.

_ لیزێ پۆرتەر: بیستوومە پارتییەكان پێتدەڵن تۆ خۆسەپێنیت.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێموایە ئەوە هەڵەترین گوزارشتە كە لە كەسایەتی من كرابێت و لەبارەی منەوە بوترێت، چونكە من حەزم لە خۆسەپێنی نییە، حەزم لە دیسپلینە و خۆشم زۆر پابەندی دیسپلینم، باوەڕم بە پلەبەندی و ئەقڵانیبوون هەیە، بڕوام بەو شتانە هەیە كە سیتماتیكین و بەپێی میتۆد ئەنجام دەدرێن. پێموایە دەبێت شتەكان هەنگاو بە هەنگاو ئەنجام بدرێن و لە هەنگاوی یەكەوە بۆ دوو و لە دووەوە بۆ سێ، ئەگەر ئەمە خۆسەپێنییە بەرای ئەوان ئەوە هەڵەی من نییە. پێموایە من خۆسەپێن نیم و بەپێچەوانەوە زۆر كۆمەڵایەتیم، كینە لە دڵ نیم، رقم لە كەس نییە، ئەمەش شتێكی بۆ ماوەییە و لە باوكمەوە بۆم ماوەتەوە. تەنانەت كاتێك كەسێك دەستەواژەی: رقم لەم كەسەیە بەكاردەهێنێت، من هەرگیز لێی تێناگەم، چونكە یەك كەسیش نییە لەم سەرزەمینە كە من رقم لێی بێت.

_ لیزێ پۆرتەر: ئەوە لەدەستدانی وزەیە.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: خەڵك هەیە كە من لێی نائومێدم، خەڵكیش هەیە كە پێموایە: نەئەبوو ئەو شتەی بكردایە كە كردی، یان ئەو رێگایەی بگرتایەتەبەر بۆ كردنی ئەو شتەی كە كردی، بەڵام رقلێبوونەوە، هەرگیز.

وابزانم ئەم جۆرە بیركردنەوەیە بەهۆی پێشینەسەربازییەكەمەوەیە و رووخساریشم وا دەردەكەوێت. خەڵكی سەیری رووخسارم دەكەن و دەڵێن: سەیركە زۆر توڕەیە. بەپێچەوانەوە من زۆرینەی كات قسەی خۆش دەكەم و پێدەكەنم. تەنیا رووخسارم وادەردەكەوێت و وابزانم ناتوانم ئەوەش چارەسەر بكەم.

_ لیزێ پۆرتەر: حەزدەكەیت بۆ كاتێكی دورودرێژ لە كوردستان بمێنێتەوە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵی بەدڵنیاییەوە. ئێستا واملێهاتووە ناتوانم كوردستان بەجێبهێڵم، كاتێك ئەچم بۆ ئەوەی پشوویەك وەربگرم دوای دوو بۆ سێ رۆژ راستەوخۆ دەمەوێت بگەڕێمەوە، هەر لەبەر ئەوەشە چیتر ناچم بۆ وەرگرتنی پشوو.

_ لیزێ پۆرتەر: ناچیت بۆ بەریتانیا؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: دوو ساڵە سەردانی بەریتانیام نەكردووە، لەوانەیە زیاتریش.

_ لیزێ پۆرتەر: لەبەر كۆرۆنا؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: نا نەخێر بەهۆی كۆرۆناوە نەبووه.

_ لیزێ پۆرتەر: مەبەستم ئەوەیە بەشێوەیەك لە شێوەكان لەوێش كارەسات هەیە.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بۆچی؟

_ لیزێ پۆرتەر: ئاگاداری حكومەت هەیت، سێ سەرۆكوەزیران!

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێموایە لەدۆخێكدا نیم رەخنە لە حكومەتی كەس بگرم. وەڵامی من بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە، تۆ حكومەتەكەی ئێمەت بینیووە؟! بەڵام ئەوە راستە كە من خۆشەویستییەكی تایبەتم بۆ بۆ بەریتانیا و خاوەنشكۆ (پاشای بەریتانیا هەیە). .

_ لیزێ پۆرتەر: زۆر باشبوو كە وتت خاونشكۆ، چونكە من تا ئێستاش شاژن بەكاردەهێنم.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: منیش وەك تێبینی ئەوەم نووسیوە بۆ ئەوەی لێم تێكنەچێت، چونكە منیش لەنێوان شاژن و خاوەنشكۆ لێمتێكدەچێت، بەڵام زۆر شانازی ئەكەم بەو هەموو یارمەتییەی ئەوان بۆ ئێمە و ئەو هەموو چاكەیەی كە لەگەڵیان كردین. ئایا ئەزانیت كە بەریتانیا چاكەی زۆری لەگەڵ كردین.

_ لیزێ پۆرتەر: مەبەستت چییە لەوە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە كرابووینە دەرەوەی وڵاتەكەی خۆمان، نەمانئەتوانی بە زمانی خۆمان قسە بكەین، قوتابخانەكانمان و ماڵەكانمان سووتێنرابوون، شاژن ماڵی بە ئێمەدا، خستینییە قوتابخانە، نانی پێداین، پێموایە مرۆڤ نابێت ئەم شتانە لەبیر بكات، وەفا!

بۆیە پێموایە ئێمە پێویستمان بەوەیە سوپاسگوزاربین بۆ ئەو شتە. هیچ كەس قەرزاری تۆ نییە كە هەموو شتێك پێببەخشێت. من لە عێراق كرامەدەرەوە لە چەند وڵاتێكی تری دراوسێ خۆم بینییەوە، هیچ یەك لە وڵاتانە نەیانتوانی بمانگرنەخۆیان تا لە كۆتاییدا لە بەریتانیا گیرساینەوە.

پێویستبوو ئێمە خۆمان لەگەڵ ئەو كۆمەڵگەیە رابهێنین و پێشموایە ئەو فرە كلتورییەی لەوێ هەیە بۆ كۆمەڵگە پێویستە، هەرچەندە هەموو وڵاتێك كەلتوری خۆی ئەبێت هەبێت. ئێمە هەموومان فێری ئینگلیزی بووین. تەنانەت داپیرەشم لەو تەمەنەدا فێری شۆفێری بوو و شۆفێری دەكرد بۆ كۆمپانیای سەینز بۆری. لەبەر ئەوە پێموایە مرۆڤ پێویستە زۆر سوپاسگوزار بێت، ئێستا هەندێك شتی سەیر ئەبیستم، بەڵام تازە من پیربووم و لەوانەیە بیركردنەوەم جیاواز بێت.

_ لیزێ پۆرتەر: پرسیارێكی تری جددیم هەیه.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: تەنیا یەك دانە؟

_ لیزێ پۆرتەر: بەڵی یەك دانە، لەوانەیە ئەمە پەیوەندی بە شارەزایی تۆشەوە نەبێت، بەڵام پێمخۆشە كە بیركردنەوەی تۆ لەبارەوە بزانم. سكاڵایەكی یاسایی هەیە لە پاریس كە عێراق لەدژی توركیا جوڵاندوویەتی، بەهۆی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات. پێدەچێت بڕیاردانیش لەسەری نزیك بووبێتەوە، پێتوایە ئەم بابەتە چۆن كاردەكاتە سەر توانای هەرێمی كوردستان لە هەناردەكردنی نەوتدا.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێموایە ئەوە كار لە هەموو شتێك دەكات، قسەكەی تۆ دروستە، ئەم بابەتە شارەزایی من نییە، زیاتر پەیوەندی بە قوبادەوە هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەڵێ، پێموایە كار دەكاتە سەر هەموو شتێك.

_ لیزێ پۆرتەر: هیچ لێكتێگەیشتنێك هەیە بۆ ئەوەی بڕیاردان لەسەری دوابخرێت؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: راستگۆبم لەگەڵت، هیچی ئەوتۆم لەبارەیەوە نەبیستووە.

_ لیزێ پۆرتەر: كێشەیەكی گەورەی دوو لایەنەیە و بیستوومانە كە بەغدا بانگەشەی دەیان ملیار دۆلار دەكات لەبارەیەوه.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پارەیەكی زۆرە.

_ لیزێ پۆرتەر: توركیا لە ئێستادا ئەو بڕپارەیەی نییە.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پارەیەكی زۆرە، نەمئەزانی بەو رێژەیە پارەكە زۆرە.

_ لیزێ پۆرتەر: لە چەند كەسێكم بیستووە بڕی یارەكە لەنێوان 26 بۆ 30 ملیار دۆلارە، بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە دوولایەنەكە. پێتوایە هیچ رێگەیەك هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەمە لە دەرەوەی دادگا.

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەداخەوەم، بەڵام ئەوە شتێك نییە كە من بتوانم وەڵامەكەی بدەمەوە، چونكە زانیاری تەواوەتیم نیە و قوباد ئەو كەسە كە دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.

_ لیزێ پۆرتەر: وا دەردەكەوێت تۆ و یەكێتی زۆر نزیكترن لە بەغدا بە بەراورد بە پارتی. بۆیە حەزئەكەم بزانم، باسی چارەسەر و سیناریۆكانی چارەسەركردن دەكەن؟ كە چۆن دەبن؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێموایە ئێمە لەبەر ئەم شتە نزیك نین لە بەغداوە، ئێمە لە بەغداوە نزیكین لەبەر ئەوەی پێویستە نزیك بین لە بەغداوە. چ پێمانخۆش بێت یان نا ئێمە بەشێكی عێراقین.

پێموایە یەكێك لە خاڵە بەهێزەكانی یەكێتی بەهۆی پەیوەندییە نێوخۆی و نێودەوڵەتییەكانیەوە بوو. لەدوای كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، نەخۆشكەوتنی كاك كۆسرەت و دایكم، هەموو ئەو كێشە بێمانایانەی تر كە روویاندا ئەم پەیوەندییانە پشتگوێخران.

ئێستاش ئێمە توانیومانە شتێك لەسەر مێزی بەغدا دابنێینەوە و هاوڕێكانیشمان دەیانەوێت ئێمە زیاتر چالاك بین لە بەغدا، ئەمەش ئەو شتەیە كە یەكێتی راستەقینە دەیكات و من بە شتێكی جیاوازی نابینم، چونكە ئەمە تەنیا گەڕانەوەیە بۆ ریشەی خۆی و دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەمووان. ئەمەش ئەو شتەیە كە ئێمە بڕوامان پێی هەیە و من ئەنجامی دەدەم.

من كاتێكی زۆر لە بەغدا بەسەردەبەم و لە ئێستاشدا سەقاڵی بونیادنانی مەكتەبی سیاسین لە لەغدا و دوو هەفتە جارێك من لێرە دەبم دوو بۆ سێ رۆژ. دوێنێ بەڵێنم بە فایەق زێدان و بەشێكی تر لە هاوڕێكانمدا دا كە لە بەغدا چالاكییەكانم زیاتر بكەم.

ئەمەوێت ئەم كارە بكەم. پێموایە لەوانەیە بتوانین لە بەغدادەوە یارمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بدەین و یەكێتیش زۆر شتی هەیە كە بیخاتە سەر مێزەكە. پەیوەندیی گەلێكی باشمان هەیە. یارییەكەش لێرە لە بەغدا جیاوازە، چونكە بۆردی شەترەنجەكە زۆر گەورەیە لێرە.

زۆر سەیر و سەمەرەشە كە چارەسەری كێشەی كوردستان و هەولێر لە بەغدا بێت.

_لیزێ پۆرتەر: قسە لەگەڵ بەغدا دەكەین دەربارەی ئەوەی سلێمانی وەك ئیدارەیەكی جیاواز ببینن؟ بۆ ئەوەی لە بەغداوە پارەی بۆبێت نەوەك لە حكومەتی هەرێمەوە؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: مەرج نییە، ئێمە سەیری هەموو چارەسەرەكان، رێگاچارەكان و تەنانەت رێگا یاساییەكانیش دەكەین. ئێمە كێشەمان لەگەڵ بەشێكی حكومەتی هەرێم هەیە و هەندێك كێشەی ئەمنیش هەیە، بەڵام چەندین رێگەچارە هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە. ئێمە بۆچی بەیەكەوە دانیشتووین؟ چونكە تۆ ویستت لەگەڵ من دابنیشیت و منیش ویستم لەگەڵ تۆ دابنیشیم. ئەگەر تۆ نەتویستایە لەگەڵ من دابنیشیت، نەماندەتوانی ئەو كارە بكەین هەرچەندە من سووربوومایە لەسەر ئەوەی كە لەگەڵت دابنیشیم! شتەكە لەگەڵ پارتی رێك وەك ئەوە وایە كە بۆم باسكردیت. ئێمە ئەو رۆژەی كە 26 بۆ 27 حزبمان كۆكردەوە باسی ئەم بابەتەمان كرد.

_ لیزێ پۆرتەر: لە دوكان؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێ، پارتی نەهات، بەدڵنیاییشەوە نایەن لەبەر ئەوەی ئەوە گفتوگۆی تایبەت بە یەكگرتووی كوردە! ئێستاش تێناگەم كە بۆچی نەهاتن، هەرچەندە بانگهێشتیش كرابوون، بە پێچەوانەی ئەوەی كە هەمووان وا بیریان دەكردەوە كە بانگهێشت نەكرابوون.

من خۆم چاودێری ناردنی بانگهێشتنامەم دەكرد بۆیان و دڵنیابوومەوە لەوەی كە بانگهێشتكراون. ئەم سیاسەتی سەركردنە ژێر خۆڵ هیچ شتێك چارەسەر ناكات.

مامۆستای بیركارییەكەم هەمیشە پێی دەوتین، “گوێرەوییەكانتان هەڵبكێشن” بە واتای ئەوەی، “گورجوگۆڵبن و باشتربن”، بەڵام پێموایە حكومەتی هەرێم پێویستی بەوەیە. كێشە هەروا چارەسەر نابێت، بە پشتگوێخستنیشیان كێشەكان ناڕۆن، بەڵكو یەكدەگرن و كارەكە قورس دەكەن.

_ لیزێ پۆرتەر: دەربارەی رێگەچارە یاساییەكان، ئایا هیچ رێگەچارەسەرییەك یان داوایەكی یاسایی هەیە لەدژی پاتری؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: چەندین رێگەچارە هەیە. راستگۆبم، نامەوێت ئاشكرایان بكەمن، دەستبردن بۆیان لەسەر ئەوە وەستاوە كە چی روودەدات. دەنگێكی ئەرێنی و گەشبین دەبیستم لە پارتییەوە، پێشموایە كە پارتی ئێستا هەلی ئەوەی هەیە كە پەیوەندی بە هەموو حزبەكانی كوردستانەوە بكات. ئەوان ماوەیەك لەمەوبەر كۆنگرەیان هەبوو لەبەر ئەوە زۆر ئاسان و ئاساییە كە ئەجێندایەكی جیاوازیشیان هەبێت ئێستا، رێگای جیاواز بەكاربهێنن بۆ مامەڵكردن لەگەڵ لایەنەكان و خەڵك.

ئەشمەوێت ئەوەیان بەبیربهێنمەوە، كە ئێمە هەمیشە ئامادەین و هەمیشە ئامادەبووین، بەڵام تۆپەكە ئێستا لە ساحەی ئەواندایە، هەموو شتێكمان وت كە پێویستبوو بیڵێین، هەموو شتێكمان كرد كە دەبوو بیری لێبكەینەوە و ئەنجام بدەین، وەك چۆن لە رابردوودا وامان كردووە. هەمیشە وازمان لە مافی خۆمان هێناوە بۆ بەدەستهێنانی چاكەی گشتی و ئامانجە گەورەكان.

ئێستاش كە یەكێتی زۆر یەكگرتووە، پێموایە بۆ پارتی زۆر ئاسانترە كە مامەڵەی لەگەڵ بكات، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كە پێویستە خۆیان ئەو شتەیان بوێت.

_ لیزێ پۆرتەر: واتە تۆ دڵنیانیت كە ئەوان ئەو شتەیان بوێت؟

+ بافڵ جەلال تاڵەبانی: لەراستیدا، نەخێر.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا