ناكۆكییە ناوخۆییەكانی فراكسیۆنی گۆڕان سەرهەڵدەدەنەوە

پۆڵەتیك پرێس:

دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا عەلی حەمە ساڵح دەستی لە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كێشایەوە، دابان محەمەد وەك سەرۆكی نوێی فراكسیۆن هەڵبژێردرا، رۆژی دووشەممە 21/9/2020 جارێكی تر هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمان كرایەوە و گوڵستان سەعید وەك سەرۆكی فراكسیۆن دیاری كرا، ئەمەش ناكۆكی لەناو فراكسیۆنەكە لەپەرلەمان و بەپرسانی گۆڕان دروستكرد.

سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەو هەڵبژاردنەی هەفتەی رابردوو لە ژووری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوە بۆ دیاری كردنی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكە یاسایی نەبووە و بەبێ‌ ئاگاداری ژووری هەڵبژاردن ئەندامانی فراكسیۆنەكە لەناوخۆیاندا ئەنجامیانداوە.

وتیشی: هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆش بەسەرپەرشتی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان بووە و پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان پەسەندی دەكات.

پۆڵەتیك پرێس پەیوەندی كرد بە جەلال محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان دەربارەی هۆكاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكە، ناوبراو ئامادەنەبوو لەوبارەیەوە قسەبكات.

هەفتەی رابردوو لەژووری تایبەت بە فراكسیۆنی گۆڕان ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنیان ئەنجامدا بۆ سەرۆكی فراكسیۆن و دابان محەمەد بەسەرۆكی فراكسیۆن هەڵبژێردرا.

لە هەڵبژاردنەكەی رۆژی دووشەممەدا هەریەك لە دابان محەمەد و گوڵستان سەعید بە 6 دەنگ هاوتابوون و بەهۆی ئەوەی لەپەیڕەوی ناوخۆی گۆڕاندا ئەگەر حاڵەتی لەمجۆرە هاتە پێشەوە كە ژنێك و پیاوێك یەكسان بوون، ئەولەویەت بۆ ژنەكەیە، بەوهۆیەوە گوڵستان سەعید بووەتە سەرۆكی فراكسیۆن.

پۆڵەتیك پرێس زانیویەتی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن ناكۆكی لەناو ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان و بەرپرسانی گۆڕاندا درووستكردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا