جوتیار عادل: هەر كاتێك پێویست بكات شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ شاندی بەغدا كەشێكی ئەرێنی هەبوو و دركمان بەوە كرد كە ئەوان دەیانەوێت رێكبكەون و لە كۆتاییدا دەبێت بگەینە چارەسەرێكی مامناوەند بەپێی وەرەقەی منهاجی وزاری و هەر كاتێكیش پێویست بكات شاندی حكومەت دەچێتەوە بەغدا.

جوتیار عادل، بە پێگەی فەرمی حكومەتی هەرێمی راگەیاند: ئێمە لە رۆژی یەكشەممەوە سەردانی بەغدامان كردووە، بەپێی ئەو بڕیارەی كە ئەنجومەنی وەزیران دەریكرد بۆ پێكهێنانی ئەم شاندە و لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەرچی زووە شاندی حكومەت بچێتە بەغدا، بۆ بەشداریكردن لە نووسینی بودجەی حكومەتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 ئەوە بوو ئێمە سەردانی بەغدامان كرد و ماوەی چوار رۆژ ماینەوە و ئەمڕۆ گەڕاینەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

جوتیار عادل وتیشی: لە كۆبوونەوەكانمان باس لە چەند بابەتێك كرا، یەكێك لەوانە بابەتی موازەنە و وردەكارییەكانی موازەنەیە كە ستافی وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەكانیشمان لەگەڵدا بوو كە ئەمانە بەشداربوون لەوەی كە ژمارەكان ئامادە بكەن یان ئەو تێبینییانەی كە وەزارەتی دارایی هەیەتی یان ئەو خاڵانەی كە زۆر روون نین پێویستی بە روونكردنەوە هەبوو یان پێویست بوو رێكبخرێتەوە و ئەوكارانە كران و لەو دوو سێ رۆژە و ئامادە كران، ئەو لیستانەی كە میلاكاتە یان ئەو لیستانەی كە تەواوی خەرجی حكومەتی هەرێمی كوردستانە رادەستی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی كرا.

وتیشی: كۆبوونەوەكان بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن، شاندی حكومەتی هەرێم هەركاتێك پێویست بێت ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات و لەوانەیە بەم نزیكانەش سەردانی بەغدا بكاتەوە بۆ ئەوەی ئێمە دیسانەوە قسە و باس لە سەر مەسەلەی بودجە بكەین و چاوەڕێ دەكەین لەماوەی مانگێك زیاتر یان كەمتر بودجەكە ئامادە بێت، چونكە تەنیا پەیوەست نەبوو بەوەی كە تەنیا حكومەتی هەرێم مابێت بیدات، لەبەر ئەوە ئامادەكاری هەمووی تەواو نەبوو بوو، هیوادارین ئەم گفتوگۆ و سەردانانە ئەنجامی هەبێت و لە كۆتاییدا پشكی راستەقینەی هەرێمی كوردستان بەپێی ئیستیحقاقاتی دەستووری جێگیر بكرێت و ئەو مەلەفە و مەلەفەكانی تریش چارەسەر بكرێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا