پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هەردوو لیژنەی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لە شاری بەغدا كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی چارەسەركردنی دۆسییە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەنجامدا.
رۆژی چوارشەممە 30_11_2022، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەكە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، هەردوو لیژنەی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵـی لە شاری بەغدا كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لە بارەی چەند دۆسییەك كرد بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی ئەم قۆناغە بۆ گەیشتن بە رێكەوتنی هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و كارنامەی كابینەكەی سوودانی كە لایەنە سیاسەكانی پێكهێنەری حكومەتی نوێ لەسەری رێككەوتن و لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش پەسەندكراوە.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەی نێوان لیژنەی باڵای هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، پرسی بودجە، نەوت، چاودێری دارایی و دەروازە سنوورییەكان وەك تەوەری سەرەكی گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی چوار رۆژە لە بەغدایە و چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی فیدراڵی ئەنجامداوە. لیژنەی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەزیرانی پلاندانان، سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، پێكهاتووە.