ڕۆحی پاكی سنەوبەرەكان

ئینسان دوو منە، منێكیان پێتئەڵێ (هەموو شتێك بۆ من). منێكیان پێتئەڵێ (پێكەوەژیان لەگەڵ هەموو شتێك).

منی یەكەم هێزی مەرگەو ئەگەر ناوەوەت كۆنترۆڵكات، ئیتر تۆ دەرەوەی خۆت كاول ئەكەیت. منی دووەمیان هێزی ژیانەو ئەگەر لەناو تۆدا باڵادەستبێ، ئیتر دەرەوەی خۆت جوان و ئاوەدان ئەكەیتەوە.

كێشەی ئێمە ناوەكییەو ئەوەیە كە لەسەر هەموو ئاستەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری، منی یەكەم قسە ئەكات. كە منی یەكەمیش حازربوو، ئیتر منی دووەم غایبە. كە منی دووەمیش غایب بوو، ئیتر سیاسییەكان لەسەر كورسی، شەڕ هەڵئەگیرشێنن و بازرگانەكان بۆ دەستخستنی زەوی، دارستان ئەسوتێنن و برایەكیش لەسەر هەمان ئەو نامەیەی كە خۆی بۆ كچێكی ئەنێرێ، خوشكەكەی خۆی ئەكوژێ!

لەڕاستیدا ئینسان بۆئەوەی بكوژی ئەوانیتر نەبێت، ئەبێ بكوژی خۆی بێت. تۆ تا دەستت نەچێتە خۆت، ناتوانی دەس لە سەری ئەوانیتر هەڵگریت. بەدیاریكراوی، تا منی یەكەمی خۆت نەكوژیت، ناتوانی مرۆڤبیت و بە منەكەی تر، بكەویتە پەیوەندییەكی مرۆڤانەوە لەگەڵ ئەوانیتردا، دەی بە منی یەكەمیش هەر وەحشیت و هەر لە پەیوەندی جەنگەڵیدایت لەگەڵیان.

پەیوەندی مرۆڤانەش پەیوەندی پێكەوەژیانەو پەیوەندی جەنگەڵییانەش پەیوەندی زاڵێتییە. لە مرۆڤبووندا ژیان خۆی ئامانجەو درەختێكیش وەكو تۆ بەشێكە لە ژیان و پێكەوەژیانی لەگەڵ ئەكەیت، بەمەش سەوزایی درەختەكان ئەگاتە ناو ڕۆحی تۆ. بەڵام لە جەنگەڵیبووندا ژیان وەسیلەیەو قازانج ئامانجە، ئیتر تۆش بەپێ ی قازانجی خۆت ئەو ئەسوتێنی و ڕەشایی ناوەوەی تۆ ئەگاتە گیانی درەختەكان!

مرۆڤ لە منی یەكەمدا لە گەردوون ئەپچڕێ و لە منی دووەمدا ئەتوانێ خۆی گرێداتەوە. منی ڕاستەقینەی تۆ، هەر خۆت نیت، بەڵكو تۆیت لەناو پێكەوەژیاندا. پێكەوەژیان لەگەڵ مرۆڤ و ئاژەڵ و دارو بەردو هەواو ئاو، لەگەڵ شتی سروشتی و دەستكرد، لەگەڵ گیان و بێ گیان، لەگەڵ دیارو نادیار.

بەڵێ مەفهومی پێكەوەژیان گشتییەو لەگەڵ هەموو وجودە، نەك تەنیا لەگەڵ مرۆڤدا. ئەگەر دابەشتكردو كورتتكردەوە لە مرۆڤدا، یەعنی مرۆڤەكان هێشتا عەقڵی زاڵێتییان تێنەپەڕاندوەو پێكەوەژیانی خۆیان لەسەر داگیركردنی سروشت و شتەكانی تر بیناكردوە، دەی هەر لەسەر ئەو داگیركردنە بەرئەبنەوە یەكترو ئەكەونەوە ناو پەیوەندی زاڵێتی!

یەعنی لەڕاستیدا تۆ هەتا لەگەڵ دارو بەردو سەگ و پشیلەو خۆرو مانگ و گەردیلەو مەجەڕە.. نەكەویتە پێكەوەژیان، لەگەڵ مرۆڤیش ناكەویت و هەمووی یەك پاكێجە.

یەعنی ڕۆحی تۆ هەر لەناو خۆتدانیە، بەڵكو لەناو شتەكانی تریشدایەو سنەوبەرێك جگە لە ڕۆحی خۆی، ڕۆحی تۆشی تیایەو كاتێ كە ئەیسوتێنی ڕۆحی خۆت ئەسوتێنی و كاتێ كە ئاوی ئەدەی ڕۆحی خۆت ئاو ئەدەیت.

لەڕاستیدا ئەوەی كە سنەوبەرێك ئەمانداتێ، تەنیا جوانی و سێبەرو ئۆكسجین نیە، كە ئەمە دیوە مادییەكەیە، بەڵكو پەیوەندی ئێمەو سنەوبەر، لەوە قووڵترەو ئەوەیە كە پارچەیەكی ڕۆحی تۆی لایەو ئەتوانی خۆتی لەگەڵ گرێدەیتەوە!

پەیوەندی تۆو جادەیەك، تەنیا پیاسە نیە، كە وەرزشێكی مادی و جەستەییە، بەڵكو ئەگەر لەو ڕێگەیە، دوو دەبەش هەڵگریتەوەو بیخەیتە تەنەكە خۆڵەكەوە، ئیتر پیاسەكە لە پیاسەیەكی فیزیكییەوە ئەبێتە پیاسەیەكی ئەخلاقی و جگە لە جەستە، ڕۆحیش تەندروستیی بۆ دێت!

لەڕاستیدا ئەو كاغەزە ڕۆحی تۆیە لەویا كەوتووەو ئەوە تۆی بڕیار ئەدەی هەڵیگریتەوە یان پێ ی پیانێیت. ئەوە تۆی بڕیار ئەدەی لەگەڵ جادەیەكا پەیوەندییەكی ڕۆحیت هەبێ یان تەنیا جەستەیی. كاتێكیش بڕیار ئەدەی پەیوەندییەكەتان ڕۆحیی بێت، ئیتر زبڵ لە شتێكی پیسەوە ئەبێتە ئەو دۆستەی كە ڕۆحی تۆو شەقامێك بەیەك ئەناسێنێ!

كاتێ نەمامێك ئەچێنیت، تۆ لە ڕۆحی خۆتدا چاندوتە نەك لە خاكدا، شتەكە ئەبێ ڕۆحی و خۆشەویستی بێت، نەك چاڵینج و چاولێكەری!

كاتێ دەبەیەك هەڵئەگریتەوە، تۆ ڕۆحی خۆت پاكئەكەیتەوە نەك جادەیەك، بۆیە بە خۆشەویستییەوە هەڵیگرەوە نەك بە تووڕەیی و بە جنێودانەوە بەوەی كە فڕەیداوە!

كاتێ پارەیەكیش ئەبەخشیت، تۆ بارێك لەسەر ڕۆحی خۆت لائەبەیت، نەك لەسەر شانی ئەو. یەعنی لەناخەوە ئەبێ تۆ سوپاسی ئەو بكەیت، نەك ئەوەی ئەو منەتباری خۆت بكەیت، ئەو سوپاسەش تەنیا بە شاردنەوەی شتەكە ئەكرێ!

ڕۆحی تۆ خۆشەویستییەو خۆشەویستیش لەناو شتەكانی تردایە، كاتێ شتەكانت خۆشئەوێ، تۆ ڕۆحی خۆتت دۆزیوەتەوەو پارچەكانی ڕۆحی خۆت كۆئەكەیتەوە.

دواجار ئەو مافیایەی كە بۆ كەسبی سیاسی نەمام ئەچێنێ و ئەو مافیایەی كە بۆ كەسبی تیجاری نەمام ئەسوتێنێ، هەردوكیان هەمان مەعدەنن، هەردوكیان خودی نەمامەكەیان لا مەبەست نیەو تەنیا بەكاریئەهێنن بۆ ئامانجێكی تر، لەكاتێكا نەمامەكە، خۆی ژیانەو خۆی ئامانجە.

پەیكار عوسمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا