سەرۆكایەتی هەرێم: رێگە بە كردەوەی سەربازی لە هەرێمەوە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ‌ نادرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەبارەی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، بە هیچ شێوەیەك رێگە بە هیچ جۆرە هەڕەشە و كردەیەوەكی سەربازی لە سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ نادرێت.

رۆژی دووشەممە 28_11_2022، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا هاتووە: سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی دوا سەردانەكانیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵی و لایەنە سیاسییەكان، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ئەمنی و سیاسیی وڵاتیان تاووتوێكرد و جەختیان لە هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان تەواوی لایەنەكان كردەوە، بۆ پشتگیری لە حكوومەتی فیدراڵیی نوێی عێراق و سەرخستنی كارنامەكەی، هەروەها پێكەوەكاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر – بەغدا لە مادەی (140)، بودجە و شایستە دارایییەكان، دۆخی شەنگال و كێشەكانی وڵات بەگشتی بە گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی وڵات.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكوەزیران ئەلسوودانی بە تەواوی هاوڕابوون و دووپاتیانكردەوە كە بە هیچ شێوەیەك رێگە بە هیچ جۆرە هەڕەشە و كردەیەوەكی سەربازی لە سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ نادرێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەك هەمیشە هاوكاری و یارمەتی پێشكەش بە پەنابەران دەكەن، بەڵام ڕێگە بە بوونی گرووپی چەكدار لە هەرێمی كوردستان نادرێت، هەولێر و بەغدا بە تەواوی هاریكاری و هەماهەنگی دەكەن و ئاسایشی سنوورەكان دەپارێزن، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش هاوكار و هەماهەنگ دەبن و ڕێكاری پێویست دەگرنە بەر.

نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دا و جەختی لەوە كردەوە، كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكەش، بە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەمێنێتەوە، هەروەها خوازیاری بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیەتی لەسەر بنەمای رێزلەیەكگرتن و دراوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا