سودانی بەشێك لە پارەدزراوەكانی عێراقی گەڕاندەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، گەڕاندنەوەی بەشێك لە پارە دزراوەكانی عێراقی راگەیاند و ناوی چوار تۆمەتباری دزینی پارەكەشی ئاشكراكرد.

سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە دەستە راست و دەستە چەپی خۆیدا بڕێكی زۆری ئەو پارەیەی پیشاندا، كە لە دەرەوە گەڕێندراوەتەوە كە بڕێكی بە دۆلاری ئەمەریكی و بڕێكیی زۆریشی بە دیناری عێراقییە.

روونیشیكردەوە، لە قۆناغی یەكەمدا 182 ملیار دیناری دەستەی باج گەڕێندراوەتەوە، كە پێشتر بە چوار قۆناغ بڕیی زیاتر لە 3.7 ترلیۆن دینار لەلایەن پێنج كۆمپانیاوە وەرگیراوە.

سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، ئەو بڕە پارەیە بە چوار قۆناغ راكێشراوە كە كۆی گشتی دەگاتە 3.7 ترلیۆن دینار لەسەر هەژماری بانكی دەستەی گشتی باج.

سوودانی تۆمەتباری یەكەمی ئاشكراكرد بەناوی (نور زوهەیر جاسم) كە خاوەنی هەردوو كۆمپانیای (القانت و المبدعون)ـە و لەڕێگەی 114 چەكی بانكییەوە، بڕی زیاتر لە 1.6 ترلیۆن دیناری وەرگرتووە.

لەوبارەیەوە، سوودانی ئاماژەی بەوەكرد، دوای دەستگیركردن و لێكۆڵینەوە لەگەڵ ناوبراو، دانی بە وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە داناوە و لە داگای لێكۆڵینەوەی كەرخ، رێككەوتنی لەگەڵ كراوە بە كەفالەت ئازادبكرێت بۆ ئەوەی لەماوەی دوو هەفتەدا ئەو بڕە پارەیە بگەڕێنێتەوە.

زیاتر گوتیشی، بەهۆی ئەوەی بەشێكی ئەو پارەیەی وەرگیراوە لە شوێنی نایابی بەغدای پایتەخت لە عەقاراتدا خەرجكراوە، مۆڵەتدراوە ئەو موڵكانە بفرۆشرێت بۆئەوەی پارەكە بگەرێندرێتەوە گەنجیەنەی دەوڵەت.

سەبارەت بە تۆمەتباری دووەم، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، خاوەنی كۆمپانیای (بادیە المسار) كە خاوەنكەی ناوی (عەبدولرەحمان ئەحمەد ئیبراهیم)ە، لە رێگەی 37 چەكی بانكییەوە بڕی 624 ملیار دیناری لەرێگەی كەسێك بەناوی (عەبدولمەهدی توفیق مەهدی)یەوە وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی راكردنی بۆ دەرەوەی وڵات، تاوەكو ئێستا خاوەنی ئەو كۆمپانیایە دەستگیرنەكراوە.

تۆمەتباری سێیەمیش، بەناوی (قاسم محەمەد) كە خاوەنی كۆمپانیای (حوت الاحدب)ـە لەڕێگەی 66 چەكی بانكییەوە، بڕی 988 ملیار دیناری لەڕێگەی كەسێك بەناوی (عەبدولمەهدی توفیق مەهدی)یەوە وەرگرتووە.

هەروەها تۆمەتباری چوارەم بەناوی حوسێن كاوە عەبدولقادر كە خاوەنی كۆمپانیای (ریاح بغداد) ە لە ڕێگەی 45 چەكی بانكییەوە بڕی 607 ملیار دیناری وەرگرتووە، سوودانی روونیكردەوە، ئەو تۆمەتبارە ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەستگیركراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا